هەرێمی کوردستان گەشکەرەوەی ئاگری نائارامیی ئێران و ئاوی سەر ئاگری ناڕەزایەتی لە فەڕەنسا

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە لە ڕووداوەکانی دوای گیان لەدەستدانی مەهسا ئەمینی بە هاندانی کوردەکان بۆ توندوتیژی، ئاگری نائارامییەکانیان گەش دەکردەوە، هاوپەیوەند بە نائارامییەکانی فەڕەنسا داوای دان بە خۆداگرتنی کوردەکان دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی سیاسەت: لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی پاڵپشتییان لە نائارامییەکان لە ئێران کردبوو، لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتی کوردەکان لە فەڕەنسا داوای دان بەخۆداگرتن و بەکارنەهێنانی توندوتیژی دەکەن.

لە چەند ڕۆژ لەمەوپێشەوە و دوای تەقە کردنی کەسێکی فەڕەنسی لە ناوەندی فەرهەنگی کورد لە پاریس و گیان لە دەستدانی سێ چالاکی کورد هاوشێوەی تیرۆرکردنی کوردەکان لە ساڵی 2013 لە پاریس،ئەو شارە نائارامی و ناڕەزایەتی بەخۆوە بینیوە، پۆلیسی فەڕەنسا بە هەموو ئامێرەکانی سەرکوت کردن بەرەوڕووی خۆپیشاندەران بووەتەوە و تا ئێستا کۆمەڵێکی زۆر لێیان بریندار و دەستگیر کراون.

کوردەکان لە فەڕەنسا چەندین ساڵە کە ناڕازین لە پێشێل بوونی مافیان لە ئەو وڵاتە. تەقەی ئەم دواییە کە بەهۆکاری ڕەگەزپەرستانە ئەنجام دراوە بووە هۆی تووڕەتر بوونی ناڕازیان.

بەڵام لەم نێوانەدا هەڵوێست گرتنی هەرێمی کوردستان بەرانبەر نائارامییەکانی ئێران و فەڕەنسا کە بابەتی هەردووکیان کوردەکان بوون، جێگای تێڕامانە، لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی هەرێم دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە ئێران و لە گەرمەی ئەو ڕووداوانەی هاتنە پێشەوە, بە هاندانی کوردەکانی ئێران بۆ ئەنجامی توندوتیژی، لە کردەوەدا ڕۆڵی گەش کەرەوەی ئاگری نائارامییەکانی گێڕا، بەڵام هەمبەر نائارامییەکانی پاریس بە شێوەیەکی جیاواز هەڵسوکەوتیان کرد و کوردەکانیان بۆهێور بوون و دانبەخۆداگرتن بانگهێشت کرد؛ مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کوشتنی هاووڵاتیانی کورد لە فەڕەنسا لە تویتێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی توند لە هێرش بۆ سەر کوردەکان لە پاریس و ڕاگەیاندنی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان، داوای لە کوردەکانی دانیشتووی فەڕەنسا کرد کە دان بەخۆیاندا بگرن و ڕوو نەکەنە توندوتیژی.

بارزانی جەختی کرد کە دڵنیایە هاوپەیمانە فەڕەسییەکانیان بۆ پاڵپشتی لە کوردەکان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە و هەروەها بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەری ئەو هێرشە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن. کەچی هەمبەر رووداوەکانی ئێران وانەبوون.

پشتیوانی کردنەی بەرپرسانی هەرێم لە نائارامییەکانی ناو ئێران دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی هاوکات بوو لە گەڵ دزەکردنی رێژەیەکی زۆر چەکدار و هێز و ئەندامی گرووپە جیایی خوازە دژبەرەکانی ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو ئێران کە دەستیان دایە کوشت و بڕ و ئاژاوە نانەوە.

لە حاڵێکدا کە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی رێککەوتنەکەی لە گەڵ ئێران دەبێ سنوورەکانی بپارێزێت و رێگە نەدات گرووپە دژە ئێرانییەکانی جێگیر لەو ناوچەیە هەڕەشە بکەنە سەر خاکی ئێران، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەم ئەرکەی خۆیان لە ئەستۆ نەگرتووە و فەشەلن لە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکەدا .

ئەمەش ئێرانی ناچار بە بەرەوڕووبوونەوە کرد و سوپا دەستی دایە مووشەک بارانی بەردەوامی بارەگای گرووپە دژە شۆڕشەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەمە وەک وەڵام بە ئەو هەڵسوکەوتەی کوردەکان بوو.

هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدا ئاوەها هەڵسوکەوتێکی لەگەڵ ئێران گرتووەتە پێش کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ژیانی سیاسیی قەرزداری پاڵپشتییەکانی ئێرانە. چ لە پرسی بۆردمانی کیمیاوی هەڵەبجە و جەنایەتی سەدام کە ئێران یارمەتییەکانی درێخ نەکرد و لەلایەکیشەوە بە کردنەوەی سنوورەکانی ژمارەیەکی زۆری کوردی لە خۆ پەنا دا، هەروەها یارمەتی پزیشکی بە بریندارانی ئەو ڕووداوە گەیاند و لە کۆتاییشدا بە خستنەڕێی گرووپێکی هەواڵنێری نێودەوڵەتی لایەنەکانی ئەو کارەساتەی بۆ جیهان ئاشکرا کرد.

و چ لە ڕۆژانێک کە داعش دەیەویست هەولێر کۆنترۆڵ بکات و تا نزیکییەکانی هەولێر چووبووە پێشەوە، بە پێی قسەی خودی بەرپرسانی هەرێم لە نێو ٢٦ وڵاتدا تەنیا ئێران بوو کە چووە هانایانەوە. مەسعوود بارزانی لەگەڵ سەردار سولەیمانی پێوەندی گرت و داوای یارمەتی لە ئێران کرد و دوای ئەو پێوەندییە بوو کە ئێران خێرا سێ فڕۆکە یارمەتیی بریتی لە ڕاوێژکاری سەربازی، هێزی خۆبەخش و چەک و چۆڵی ڕەوانەی هەولێر کرد .

لە کۆتاییدا پێویستە کە هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە ئەوە وشیاری هەڵسوکەوتی خۆی بێت و ئەوەی لەبەرچاو بێت کە لە ئەگەری بەردەوام بوونی هەڵسوکەوتی دوژمنانە ئەبێ چاوەڕوانی کاردانەوەی زیاتر و جیدی تر لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بێت.

News Code 44573

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha