بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن: پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بهنیازه (گوڵتهن کشاناک)ی پەڕلەمانتارو هاوسەرۆکی پێشوی گەورە شارەوانی ئامەد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوی تورکیا کاندیدبکات.
سەبارەت بەوەی کە هێشتا دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی کشاناکەوە دەرنەکردوە کە چەند ساڵێکە لەزینداندایە، بەرپرسێکی هەدەپە وتویهتى، "ئەگەرهاتو کشاناکیان کاندیدکرد، ئەوە دەتوانن پێداچونەوە بەبڕیاری دەستگیرکردنیدا بکرێتو هەموو کارئاسانییەکی پێویست پێشکەشبکەن".
کشاناک لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2016وە لەزینداندایە، جگەلەوەی لەسەر دۆسیەی کۆبانی دادگایی دەکرێت، بەڵام هێشتا دادگا هیچ بەڵگەیەکی دژ بەناوبراو نەخسۆتەڕوو.
گوڵتهن کشاناک لە15ی حوزەیرانی 1961 لەشاری خارپێت (ئەلازیز)ی کوردستانی تورکیا لەدایکبوە، کوردى زازایەو هاوسەرۆکی پێشوی گەورە شارەوانی ئامەد بوە، هەروەک پێشتریش دوو خول ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوە.
لەدوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی 1980، کشاناک لەتەمەنی 19ساڵیدا دەستگیرکراوەو بۆماوەی 2 ساڵ زیندانیی بوە.
Your Comment