ئاژانسی هەواڵی مێهر،بەشی نێودەوڵەتی: ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و هێشتاش بەردەوامە، تەقینەوەی دۆخێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی گەورەیە لە چییەتی هەرێمی کوردستان وەکوو حکومەتێکی فیدڕاڵی لە باکووری عێراق.
خەڵکی تووڕە و ناڕازی لە هەرێمی کوردستان چی دیکە ناتوانێ گەندەڵی، گوشاری ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، بێ پارەیی ، گیرفان بەتاڵی ، دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و بێکاری بەرفراوان، بێ مووچەیی و هەدەردانی سامانی گشتی لە لایەن دوو بنەماڵە و چەند حزبی بچوکی هەرێمی کوردستان قبووڵ بکات.
لەم چەند ڕۆژەدا خۆپیشاندەران نیشانیان دا کە دۆخی هەرێمی کوردستان وەکوو بوتڵە گازێکە لە ژێر گوشاردا و هەر ئان و سات ڕەنگە بتەقێنتەوە و هەموو شتێک بسووتێنێت تەنانەت ئەو دەستکەوتە سیاسی و هەرێمیانەش کە کەم و زۆر تا ئێستا وەدەست هاتووە لە باکووری عێراق.
کاتێک خەڵک بێ یەک و دوو و بێ ترس هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگای حزبەکان و بەشداریی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە دەسووتێنن و ئاڵا و لۆگۆی هەموویان دەخەنە ژێر پێیان؛ مانای ئەوەیە کە هیچ کۆمەڵگایەک بۆ هەتا هەتایە لە ژێر گوشاردا تاقەت ناگرێت و بۆ هەمیشە گەندەڵی سەرکردە و بەرپرسان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان قبووڵ ناکرێت.
خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرەتا لە دژی دواکەوتنی موچەی مووچەخوران هاتنە دەنگ؛ موچەیەک کە سەرەڕای داهاتی زۆر و لە ژمارە نەهاتووی هەرێمی کوردستان، نادرێت.
هەرێم داهاتی زەبەلاحی ناوخۆیی و داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەیە و پارەی زۆری لە هەناردە کردنی نەوت و بودجەی مانگانەی بەغدا دەستدەکەوێت، بەڵام لە بەر گەندەڵی ،دزی، موچەی بندیوار ، دوو موچە و سێ موچە کە زیاتر لە 85 هەزار کەسن، پاش چەند مانگ دواکەوتن بە نیوە بڕێ پارە دەداتە خەڵک و فەرمانبەران و مامۆستایان و...... کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک لە هیچ نەترسێت و سینگی خۆی بداتە بەر گولـلە.
ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەو خۆپیشاندەرانەی لە شەقام هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی بارەگای حزبەکان تەقەیان لێدەکەن، داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت و وازهێنانی حاکمانی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکەن و سوورن لە سەر ئەوەی کە چی دیکە ئەم حوکمڕانانەی هەرێمی کوردستان شەرعییەتی ئەوەیان نییە سەروەت و سامانی گشتی هەرێمیان بە دەستەوە بێت و وڵات و خەڵک بەرگەی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی ناگرێت.
خۆپیشاندەران لە دروشم و لێدوانیان بۆ مێدیاکان بە تایبەت لەم ڕۆژانەدا و لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان، بە ئاشکرا هاوار دەکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان سامانی وڵات بە هەدەر دەدات و هیچ هەوڵ و پلانێکی نییە بۆ چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی ناوخۆ.
بەو بۆنەوە دۆخەکە بەرگەی نەگرت و گرژی و توندوتیژی لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی خەڵک دروست بوو. چونکوو خەڵک متمانەی بە حکومەت نەماوە و بە بەڵین و قسە و بەیننامەی حزبەکان و بەرپرسان واز ناهێنن. متمانە نامێنێت لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ کابینەیەکی حکوومەتێکی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی چاکسازی بەهەند وەرنەگرتووە و هیچ کارێکی بۆ چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی نەکردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیکەری کابینەکەی بچووک ناکاتەوە و سامانی گشتی خەرج دەکرێت بۆ ئەو پۆست و مەقامە بێ کەڵکە حزبیانەی کە دروست کراون و بوونەتە باری گران بە سەر بودجەی هەرێمەوە . داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەچێتە خەزێنەی حیزبەکان ، داهاتی دەروازە سنوورییەکان و شیوازی خەرجکردنی ئەو بودجەیەی هەرێمی کوردستان کە بەغدا دەینێرێت شەفاف نییە و خۆیا نەبێ کەس ئاگاداری نییە، گرێبەست و ڕێککەوتنە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەت ڕێککەوتنی 50 ساڵی لە گەڵ تورکیا هەمووی ناڕوون و لێڵە. بنەماڵە حاکمەکان و ئەوانەی بەو بنەماڵانەوە پەیوەستن هەموویان لە دۆخێکی تەواو خۆش و پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی و بژێوی سەرسووڕهێنەردا دەژین؛ کەچی خەڵکی سەرشەقام بێکار و گریفان بەتاڵە!
هەموو ئەم هۆکارانە سەرباری شەڕی سیاسی و ململانێی دەسەڵات و سەروەت کۆکردنەوەیە کە بەرۆکی حزب و ڕەوتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووە و خەڵکی گەیاندووەتە ئاستێک کە بارەگا و ئاڵای هەر هەموویان پێکەوە بسووتێنێت!
بۆچوونی ئێوە