بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کیفاح مەحمود راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی هێرشێکی توندی کردۆتە سەر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری پێشووی عێراق و تۆمەتباری کردووە بەوەی ٤٥ ملیار دۆلاری بودجەی کوردستانی دزیوە.
مەحمود لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت"راگەیاندوە "پێدەچێت هەندێک هێشتا بە عەقڵییەتی بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم یان پارێزگاکان بیربکەنەوە، وەک چۆن حەیدەر عەبادی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دا ئەو کارەی کرد و هێزە چەکدارەکانی بۆ داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەکارهێنا، کەدەکەونە ژێر سایەی ماددەی 140ی دەستوور، کە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەو و ئەوانەی پێش خۆی هێشتا جێبەجێ نەکراوە".
راوێژکارەکەی بارزانی باسی لەوە کردووە کە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم لەبارەی دۆخی شەنگال سنوورێکی بۆ ئەو رەفتارە هەڵانە دانا کە لەڕێگای هێنانی چەکداری بیانی وەک سوریا و تورکیا ئەو شارەیان وێرانکرد، بەتایبەتی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، هێشتا عەبادی بەو عەقڵییەتە بیردەکاتەوە کە عێراقی بەرەو مایەپووچبوون و شکستهێنان برد، تەنانەت بە قسەی ئەو لەچوارساڵی سەرۆک وەزیرانی عەبادیدا عێراق یەک بست نەچۆتەپێشەوە، جگە لەوەی گەمارۆی خستە سەر هەرێمی کوردستان و بودجەی پێنج ساڵی هەرێم کە نزیکەی 45 ملیار دۆلار بوو دزیوە، لەکاتێکدا هیچ کەسێک نازانێت ئەو پارانە چیان لێهاتووە و بۆکوێ چوون
بۆچوونی ئێوە