کتێبی «من دوایین کوردم» بە فارسی بڵاوکرایه‌وه

کتێبی "من دوایین کوردم" بەرهەمی تازەی عارف کەریم قوربانیە لە وەشانخانەی “ماھتاب غەرب” لە کرماشان بە فارسی چاپ کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ماڵپەڕی ماڵی کتێبی کوردی؛ من دوایین کوردم لە نووسینی عارف کەریم قوربانی لە چاپخانەی کرماشان چاپ کرا؛

لە پشت بەرگی ئەم کتێبەدا ھاتووە:

“لە تاوا وەک شێتم لێ ھاتبوو، ئێوارەی مەرگی ئەکرەم و لەگەڵ بەیاندا مەرگی خەسووم، دوو جەنازە لەبەر دەستی خۆم و ھەر سێ مناڵەکەمدا. ئێستا گێڕانەوەی ھەر بە دەم ئاسانە، مرۆڤێکی ئەوێ بەرگەی بگرێت! چەند زەحمەتە دوای ماڵوێرانی و دەربەدەری و ئەوجا لە ناو زیندانیشا مێردەکەت و خەسووت بمرێ! لە ھەموو ناخۆشتر ئەوە بوو کە زیاتر لە مەرگەکەیان ئازاری ھەبوو بۆمان کە گۆڕیان نەبێ! خەسووم سەعاتێک بەر لە مردنی قەپی لە لاشەی بێ گیانی کوڕەکەی ئەدا و ئەیوت تا لاشەی کوڕەکەم نەخەنە بەردەستی سەگ، خۆم بە قەپ ئەیخۆم و ئەیکەمەوە ناو زگم! ئێستا وا من تەرمی مێردەکەم و خەسوومم لەبەردەستدایە و پاش کەمێکیتر ئەدرێنە سەگە ڕەشەکان! کێ بێ بتوانێ بەرگەی ئەو ئازارە بگرێت؟!”

گەلاوێژ، حەفسە و زارا سێ قوربانیی ئەنفال و لە دانیشتووانی شاری بوردمانکراوی ھەڵەبجەن کە دەکرێ بڵێین لە باتی کارەساتێک چەندین کارەساتیان تێپەڕاندووە! کیمیاباران و لەناوچوون یان ونبوونی ژمارەیەک لە خۆشەویستانیان، ئاوارەبوون و غوربەت لە ئۆردووگا و کەمپەکان لە حاڵێکدا ھەر یەکە و چەند ونبوویان ھەیە و لە چاوەڕوانییەکی بێ کۆتاییدان بۆ دۆزینەوەی خۆشەویستان و خزم و کەسوکارییان و لە ئەنجامیشدا گەڕانەوەیەک کە بە پێچەوانەی بەڵێنەکان نە بۆ شار و نیشتمانی خۆیان بەڵکوو بۆ بیابانەکانی باشووری عێراقە و لەوێ تێکەڵی ژمارەیەکی دیکە لە قوربانیانی ئەنفال دەبن کە لە گرتووخانە ترسەناکەکانی ڕژێمی بەعسدا بەند کراون! گەلاوێژ لەگەڵ مێردەکەی و سێ منداڵی دەگەنە ئێران لە حاڵێکدا خەسووی لێیان ون بووە و یان بە وتەی خۆی بەجۆرێک خەسوویان بەجێ ھێشتووە، پاش چەند مانگ بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو خەسووی پاش ماندووبوون و گەڕانێکی زۆر دەیاندۆزێتەوە بەڵام ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نییە و لە ئەنجامدا مێردەکەی و خەسووی بە مەودای چەند کاتژمێر لە #نۆگرە_سەلمان، مەزڵوومانە و بە شێوازێکی زۆر ناخۆش کۆچی دوایی دەکەن… حەفسە کە دایکی شەش منداڵە و لە میانەی کیمیاباراندا لەگەڵ منداڵەکانی بریندار دەبن دەگەنە ئێران. یەک لە منداڵەکانی لە ئێران پاش نەخۆشین و ئێش و ئازارێکی زۆر کۆچی دوایی دەکا، پاش گەڕانەوە بۆ عێراق ڕژێمی بەعس ئەو و پێنج منداڵی دیکەی ڕاگوێزی بیابانەکانی باشووری عێراق دەکا و لە نۆگرە سەلمان بەند دەکرێن، پێش ئازادکردنیان یەکی دیکە لە منداڵەکانی لە گرتووخانە کۆچی دوایی دەکات، لەدەستدانی دوو منداڵ و چاوەڕوانیی مێردەکەی کە چیدی زیندوو نییە… و لە ئەنجامیشدا زارا کە پێیەکی لە تەقینەوەی میندا لە دەست داوە، لە میانەی کیمیاباراندا لە بنەماڵەی باوکی جودا دەبێتەوە و لەگەڵ خوشک و خوشکەزاکانی دێنە ئێران. ئەوانیش پاش گەڕانەوە بۆ عێراق ڕاگوێزی نۆگرە سەلمان دەکرێن و پاش چەندین مانگ برسێتی و تینوێتی و ئەشکەنجە و ئازار لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە ئەنفالکراوەکانی دیکە و لە حاڵێکدا کە زۆر لە ھاوڕێکانیان کۆچی دواییان کردووە و تەرمەکانیان بۆتە خۆراکی سەگە ڕەشەکان، ئازاد دەکرێن.

مرۆڤێک کە ئاگاداری بەرپرسایەتی خۆی بەرامبەر بە مرۆڤێکی دیکە و یان ئەرکێکی تەواونەکراوە، قەت ناتوانێ کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ و خۆی لە ژیان بێبەش بکا. کەسی وا لە “چییەتی و سۆنگەی” ھەبوونی خۆی تێگەیشتووە و دەتوانێ بەرگەی ھەموو جۆرە “چۆنیەتی”یەک بگرێ.  گەڕانی مرۆڤ بەدوای واتادا،  ڤیکتۆر فرانکل.

“لە دوای مەرگی ئەکرەم ماوەیەکی زۆر وەک شێتم لێ ھاتبوو ھەزار قسەی نابەجێم ئەکرد، تەنانەت جاری وابوو خەریک بوو لە تینووا کوێر بین ناچووم نۆرە ئاویش بگرم و ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایا کە ئەمزانی مناڵەکانم بەرگەی ئەو تینوێتییە ناگرن و ئەوانیش ھەر لە پێش چاوی خۆم ئەمرن، بۆیە بە ناچاری ئەچووم و ئەو چۆڕە ئاوە سوێرەم دەھێنا کە دوای کۆمەڵێ شەق و تێھەڵدان و سووکایەتی پێکردن ئەوجا بەرمان دەکەوت”  گەلاوێژ ئادەم کەریم

پاش خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی قوربانیانی ئەنفال و یان قوربانیانی ئۆردووگاکانی ئاشوویتس ڕەنگە چەندین پرسیار مێشکی خوێنەر بەخۆوە خەریک بکات، “قوربانییەکان چۆن توانیویانە ئەو دۆخە تێپەڕێنن؟ لەبەرچی ژمارەیەکی زۆریان خۆیان نەکوشتووە؟ ھۆکاری ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و بێ ھەستبوونی بەندکراوان پاش ئەوەی ماوەیەک لە گرتووخانە ماونەتەوە چییە و لەبەرچی مردنی کەسانی دیکە لایان ئاسایی بۆتەوە و ئەشکەنجە و ئازار کاریگەرییەکانی پێشووی خۆی نەماوە و بۆتە ڕەوتێکی ئاسایی؟” و بێ گومان خوێنەر پاش خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییانە بە خۆی دەڵێ بێ گومان ئەگەر من لەوێ بام نەمدەتوانی لەو دۆخەدا بژیم! ھەر ۲۴ کاتژمێر یەک دانە نان و قوتوویەک ئاو بۆ یەک کەس! تەرمی مردووەکان پاش ئەوەی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر دراون و برسێتی و تینوێتییەکی زۆریان چێشتووە دەبێتە خۆراکی سەگ! و … چی دەبێتە ھۆی ئەوەی مرۆڤ بتوانێ لە وەھا دۆخێکدا درێژە بە ژیان بدا و بەجۆرێک بەرامبەر بە ئێش و ئازارەکان بگاتە جۆرێک بێ ھەستبوونی ڕەھا؟! لە ھەر حاڵدا ھەر بەو جۆرەی کە ڤیکتۆر فرانکل دەڵێت: “ھیچ کەس حەقی نییە داوەری بکات، مەگەر ئەوەیکە لە ڕووڕاستی ڕەھادا لە خۆی پرسیار بکا ئایا لە دۆخی ھاوشێوەدا، ئەویش ھەر بەو جۆرە ھەڵسوکەوتی دەکرد یان نە؟”.

 ڤیکتۆر فرانکل لە کتێبی “گەڕانی مرۆڤ بەدوای واتادا” دەڵێت: “من دوو کەسم دێتەوە یاد کە نزیک بوو بگەنە ئەو ئاستەی کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن و لە ھەردوو کەسەکەشدا ھاوشێوەییەکی زۆر نزیک بەدی دەکرا. ھەردووکیان باسی ئامانجی خۆیان بۆ خۆکوشتن کردبوو. ھەردووکیان بەرھۆ و ھۆکاری ئاسایی و کلیشەیی ھەمیشەیان دەھێنایەوە و وتبوویان کە چیدی چاوەڕیی ھیچ نین لە ژیان. بۆ ھەردووکیان پرس ئەوە بوو کە دەبوو ئاگاداریان کەینەوە ھێشتا شتێک لە داھاتوودا چاوەڕێیان دەکا. بۆیە کەوتینە گەڕان و کۆڵینەوە و زانیمان کە یەک لەوانە ڕۆڵەیەکی چکۆلەی لە وڵاتێکی بیانیدا ھەیە و عاشقانە خۆشی دەوێ. کەسی دووھەم جیاواز بوو، ھیچ کەس لە دەرەوە چاوەڕێی نەدەکرد. زانایەک بوو کە نووسینی کۆمەڵە کتێبێکی پێش شەڕ نیوە و ناتەواو ھێشتبووەوە و دەبوو بگەڕێتەوە و کتێبەکەی تەواو کات. بێجگە خۆی ھیچ کەسی دیکە نەیدەتوانی کارەکەی ئەنجام بدا، وک بەندکراوی یەکەم کە ھیچ کەس بێجگە خۆی نەیدەتوانی سۆز و خۆشەویستیی باوکانەی خۆی پێشکەشی ڕۆڵەکەی بکات”.

#حەفسە_حەمە_نەجم ئەحمەد دەڵێت: “ڕۆژ ھەتا ئێوارە بەم قسانە ئومێدم لای خۆم دروست دەکرد و دڵی منداڵەکانم ئەدایەوە کە باوکتان ماوە و بەیەک ئەگەینەوە. بەردەوام ئەموت لە خوا بپاڕێنەوە تا باوەتان بۆ بنێرێتەوە. نزێکەی سێ ساڵمان بە ئومێدی دۆزینەوەی کەسوکار و بەو حاڵە بەڕێ کرد”.

“تێگەیشتن و فامی تەواو”ی سووچە دیار و نادیارەکانی ئەنفال و جەنایەتی سەدام حوسێن دژی کورد شتێکی زۆر دوور دەنوێنێ. تەیموور ئەحمەد عەبدوڵڵا پێش ڕزگاری و چوونەدەرەوە لەو گۆڕە بەکۆمەڵەی کە دایک و سێ خوشکیشی تیایدا گوللەباران کرابوون، دەنگی کچێک دەبیسێ کە ھێشتا زیندووە. کچەکە لەگەڵ تەیموور ناچێتە دەرەوە چونکە “لە لایەکەوە پێی کەوتۆتە ژێر تەرمەکان و لە لایەکی دیکەشەوە نایەوێ دایکی بەجێ بھێڵێ”، ئایا تەیموور کەسێکە کە بتوانین وەک شایەتێکی زیندوو کە ئەنفالی بە تەواوی ئەزموون کردووە و دەتوانێ شرۆڤەی بکا، ئاماژەی پێ بدەین؟! یان ئەو کچە منداڵەیە کە پاش گوللەباران زیندوو دەمێنێتەوە بەڵام چەند خولەک دواتر شۆفڵ ئەویش لەگەڵ تەرمەکانی دیکە دەخاتە ژێر خۆڵەوە؟!

ھەر بەو جۆرەی کە عارف قوربانی لە کتێبی “شایەتحاڵەکانی ئەنفال”دا دەڵێ: بیروەری قوربانییەکان ئەگەرچی سەرچاوەی یەکەم بۆ لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی ئەم ژینۆسایدەن بەڵام تەنیا وەک زانیاری سەرەتایی دێنە ئەژمار کە دەبێ بە وردیی تاوتوێ بکرێن و بوارە سیاسی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و … بە شێوەی جیاواز تاوتوێ بکرێ و ئەنجامەکانی ڕوون ببنەوە. و ئەو پرسیارانەی کە ھێشتا لەسەر جێگای خۆیان دەمێننەوە: “بۆچی کورد ئەو جۆرەی کە دەبوو ئەنفالی نەخستە بەر باس و لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردن؟ و بۆچی زۆرێک لە سووچە حەشاردراوەکانی ژینۆسایدی ئەنفال پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ ھێشتا ڕوون نین و ھەوڵێک بۆ توێژینەوە و کۆڵینەوەی زیاتر لە بوارە جۆراوجۆرەکانیدا لە ئارادا نییە؟ ئەشکەنجە و ئازارەکانی ئەنفالکراوان لە زۆر شوێندا زۆر قورستر و ترسەناکتر لە ئوردووگاکانی ئاشوویتسن و ژمارەیەک لە قوربانیانی ئەنفال ھێشتا زیندوون، بۆچی ژینۆسایدی ئەنفال ئەو جۆرەی کە پێویست بوو، ئەو جۆرەی کە گونجاو بوو، تاوتوێ نەکراوە؟”.

و لە کۆتاییشدا ئەوەی کە شیاوی باسە ئەم کتێبەی ئێستا لەژێر ناوی  من دوایین کوردم، وێڕای پێشەکییەکی کورت سەبارەت بە کیمیابارانی ھەڵەبجە ھەڵگری بیرەوەرییەکانی سێ ژنە قوربانی ئەنفالی خەڵکی ھەڵەبجەیە کە پاش کیمیاباران دێنە ئێران و پاش ماوەیەک بە بەڵێنی ئەوەی کە شەڕ کۆتایی ھاتووە و ھەڵەبجە ئاوەدان کراوەتەوە دەگەڕێنەوە عێراق بەڵام نەک ھەڵەبجە بەڵکوو نۆگرە سەلمان چاوەڕێیان دەکا، قڵایەک لە بیابانەکانی باشووری عێراق کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەندکراوانی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی تێدایە. ئەم بیرەوەرییانە پێشتر لە کتێبی “مسافران مرگ” (شایەتحاڵەکانی ئەنفال) چاپ کراوە، بەڵام بە ھۆی گرنگبوون و جیاوازی چیرۆک و تایبەتمەندییەکانی بیرەوەری ئەم سێ ژنە قوربانییە لە کتێبێکی جیادا چاپ کراوە. ئەم کتێبە لە ھەرێمی کوردستان لەژێر ناوی  حەفسە زارا گەلاوێژ چاپ کراوە.

News Code 33949

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =