ڕۆژوو لە ئایینە جیاوازەکانی جیهان

ڕۆژوو گرتن لە هەموو ئایین و بیر و باوەڕەکاندا کردەوە یان ڕێگایەکە بۆ پاک بوونەوە لە گوناحەکان؛ ئەگەرچی ئەو کردەوە لە هەر ئایینێکدا یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ-سروور لوتفوڵڵاهی: خودای گەورە لە ئایەی ١٨٣ ی سوورەی بەقەرە هێناویە: ئەی ئەو کەسانەی کە ئیمانتان هێناوە، ڕۆژوو لەسەرتان نووسراوە و فەرز کراوە هەر ئەو جۆرە کە لە سەر کەسانی پێش ئێوەش نووسرابوو و فەرز کرابوو. لە ئەم ئایەی قورئانەدا ئاماژە بە ئەوە کراوە کە جودا لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، لە ئایینە خوداییەکانی تریش وەکوو جوو و مەسێحی و زەڕتەشت و ... ڕۆژوو گرتن هەیە و خودا لە سەریانی نووسیوە. بەڵام ئەوە تەنیا لە ئایینە ئاسمانییەکاندا نییە کە ڕۆژوو گرتن هەیە بەڵکوو لە ئایینگەلێک تریش وەکوو هیندوو و بوودا و ... ئەو کردەوە بە مەبەست و ئامانج و شێوازی جیاواز ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژوو لە ئایینی ئیسلام

موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزان واتا نۆهەمین مانگی ڕۆژژمێری مانگی(قەمەری) ڕۆژوو لە سەریان فەرز کراوە. بەو پێیە موسڵمانان یەک مانگی تەواو لە بانگی بەیانی تا ئێوارە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن. بەڵام بەڕۆژوو بوون لە ئیسلامدا بەس بە واتای نەخواردن و نەخواردنەوە نییە، بەڵکوو ئامێر و بیانوویەکە بۆ نزیک بوونەوە لە خودا، پاک کردنەوەی خۆیان لە گوناهەکانیان و بەگشتی بەرز کردنەوەی ئاستی پێداویستی مەعنەوی و کەم کردنەوەی ئاستی پێداویستی مادی.

ڕۆژوو گرتن لە مانگەکانی تر جگە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان موستەحەبە واتا گرتنی سەوابی هەیە بەڵام نەگرتنی گوناحی نییە.بەڵام لە هەندێک ڕۆژ وەکوو جێژنی ڕەمەزان و جێژنی قوربان، ڕۆژوو گرتن حەرامە. 

ڕۆژوو لە ئایینی مەسێحی

بە پێی ئەوەی کە ئایینی مەسێحی بۆ خۆی دەبێتە سێ لقەوە و هەر یەکەیان خوێندنەوەیەکیان لە کتێبی مەسێح واتا ئێنجیل هەیە، هەر یەکیان دابونەریت و یاسا­و­ڕێسای خۆیانیان هەیە و ڕۆژوو گرتنیش جیاواز لە شتەکانی تر نییە و لە هەر لقێکیدا جۆرێک بەڕێوە دەچێت.

لە ئایینی مەسێحیدا ڕۆژوو گرتن لە سەر ژن و پیاوی ١٤ بۆ ٥٩ ساڵان فەرز کراوە.

ئایینی کاتۆلیک؛ کاتۆلیکەکان لە ڕۆژانی چوارشەممەی خۆڵەمێش واتا یەکەم ڕۆژی ڕۆژوو گرتنی مەسێحییەکان و هەینییەکان (بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ) تا هەینی پاک ڕۆژوو دەگرن و خۆیان لە خواردنی گۆشت دەبوێرن. مەسێحییەکان جودا لە ئەو ڕۆژانە هەر ڕۆژێکی دیکە کە بیانەوێت دەتوانن بەڕۆژوو بن، بەڵام لە ئایینی مەسێحی بەڕۆژوو بوون بەس نەخواردن نییە و ڕێگایەکی تر وەکوو خوێندنی نوێژی تایبەت هەڵدەبژێرن بۆ نزیک بوونەوەی لە خودا و پاک کردنەوەی خۆیان لە گوناح .

ئایینی ئۆرتۆدۆکس: لە ئەو لقەدا ڕۆژانی جیاواز وەکوو ڕۆژووی ڕەسوولان و ڕۆژووی ئاسوودەیی یان دورماسیۆن، ڕۆژووی لەدایک بوونی مەسێح و ڕۆژانی تر  بۆ ڕۆژوو گرتن هەیە. هەموو چوارشەممە و هەینییەک ڕۆژی ڕۆژوو دێنە ئەژمار جگە لە هەندێک هەفتە. لە ڕۆژووی ئایینی ئۆرتۆدۆکس بە گشتی خواردنی گۆشت، شیرەمەنی و هێڵکە و لە هەندێک جاریشدا ماسی قەدەغە کراوە. ئۆرتۆدۆکسەکان لەسەر ئەو باوەرەن کە خۆبواردن لە خواردن، بارینی ڕەحمەتی خودای بەدواوە دەبێت.

ئایینی پرۆتێستان: ڕۆژوو لە ئەم لقە لە ئایینی مەسێحی یاسایەکی دیاری نییە بەڵکوو بە پێی بڕیاری کەسەکان، کلێسە، ڕێکخراو یان ئەنجومەنەکان دیاری دەکرێت. هەندێکیان خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن بەڵام بەشێکیان بەس ئاو یان ئاومیوە دەخۆنەوە. ئامانج لە ڕۆژوو گرتن لە لای پرۆتێستانەکان بەهێز کردنەوەی ڕۆح یان بەرز کردنەوەی ئاڵای قسەی ڕاستە.

ڕۆژوو لە ئایینی جوولەکە:

لە ئایینی جوولەکە ڕۆژوو بۆ نیشان دانی سووکی و بێ دەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرانبەر خودایە تا لەم ڕێگایەوە دان بە گوناحەکانی خۆیان بنێن و بە ئەو تۆبەیە، ڕەزایەتی خودا بەدەست بهێنن.

ڕۆژوو لە ئایینی جوو سێ جۆری هەیە:

١. ئەو ڕۆژووەی کە لە کتێبی پیرۆز واتا تەورات فەرز کراوە. وەکوو ڕۆژووی ڕۆژی کیپوور، ڕۆژی نۆهەمی ئاو، ڕۆژووی ١٧ ی تەمووز کە ٢٥ کاتژمێرەیە.

٢. ڕۆژوویەک کە لەلایەن خاخامەوە (پیاوی ئایینی)دیاری دەکرێت، وەکوو ڕۆژووی یەکەم دووشەمە  کە بە نیشانەی شینگێڕی بە بۆنەی کاول بوونی کەنیسەی بەیتولموقەدەس دەگیردرێت، ڕۆژووی ئاخری هەر مانگ بە ناوی کیپووری بچووک و ...

٣. ڕۆژووی تاکەیی کە هەر کەسێک بە بۆنەیەکەوە دەیگرێت کە ڕۆژێکی تایبەتی نییە و زیاتر لە کاتی ڕوودانی ڕووداو ئەنجام دەدرێت وەکوو ڕۆژوو بە بۆنەی گیان لەدەست دانی دایک و باب یان مامۆستا، ڕۆژی بووک و زاوا لە ڕۆژی زەماوەند و ...

ڕۆژوو لە ئایینی هیندوو:

ئایینی هیندوو ئایینێکی دراماییە کە لە هیند و بەشێک لە ئاسیای ڕۆژاوا بڵاو بووەتەوە و دوای ئیسلام و مەسێحی سێهەم گەورەترین ئایینی جیهانە.

هیندووەکان بە ئامانجی کۆ کردنەوەی وزە لە عیبادات و مەعنەویات، ڕۆژوو دەگرن و ڕۆژووەکە بە پێی ئەو خودایەی کە دەیپەرەستن، هەڵدەبژێردرێت. چونکوو هەر ڕۆژێک لە ڕۆژانی هەفتە بۆ خودایەکی تایبەتە.

ڕۆژوو لە نێو هیندووەکان جیاوازە، ڕۆژوویەکیان هەیە کە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن، ڕۆژوویەک کە ئاو ناخۆنەوە و ڕۆژوویەک کە تێیدا سێکس ناکەن.

هەندێک لە هیندووەکان لە ڕۆژدا ڕۆژوو دەگرن و جگە لە ئاو شتێک ناخۆن. هەروەها نەریتی جیاوازیان هەیە وەکوو ڕۆژی پێش زەماوەند و بۆنەکانی تر وەکوو ئەوەی کە ژنان ڕۆژوو دەگرن کە تەمەنی هاوژینەکەیان زیاتر ببێتەوە.

ڕۆژوو لە ئایینی بوودا:

بووداییەکان حەشیمەتیان نیزک بە ٥٠٠ ملیۆن کەس دەبێت و زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و بەتایبەتی هیند بڵاو بووەتەوە.

ڕۆژوو گرتن لە نێو بووداییەکان زۆر باوە، بەڵام یەکێک لە فەرزەکانی ئەو ئایینە نییە. هەروەها دابونەریتێکی تایبەت و یەکگرتوویان بۆ ڕۆژوو گرتن نییە. ڕێبەرە ئاینییەکانی بوودا ڕۆژوو دەگرن و لە نیوەی ڕۆژدا ژەمێک خۆراک دەخۆن.

بەڵام خەڵکەکانی تر هەفتەیەک یەک ڕۆژ لە نیوەڕۆ تا ڕۆژی دواتر بەڕۆژوو دەبن و هەروەها هەندێکیان بەس لە درێژایی تەمەنیان سەوزەمەنی دەخۆن و هەندێکیان ژەمێک خۆراک لە ڕۆژدا دەخۆن. دابونەریت لە شوێن و هۆزە جیاکان جیاوازە هەروەها بە زمانی ڕۆژووەوە، کۆبوونەوەی بیر کردنەوە ئەنجام دەدەن.

ڕۆژوو لە ئایینی زەرتەشت:

نەخواردنی ئاو و خۆراک بەگشتی لە ئایینی زەرتەشت کارێکی نەشیاوە و پێیان وایە کە دەبێتە هۆی لاواز بوونەوەی جەستە و لە ئاکامدا کەسەکان توانای ئەنجامی کار و چالاکی ڕۆژانەیان نامێنێت. لە کتێبی زەرتەشتییەکان واتا ئاوێستا بەتایبەتی بەشی گاتاکان زیاتر لە ڕۆژووی جەستەیی، لەسەر ڕۆژووی مەعنەوی جەخت کراوە کە پێوەندیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دروشمی زەرتەشتییەکان واتا بیری چاک، کردەوەی چاک و قسەی چاک هەیە.

ڕۆژوو لە ئایینی زەرتەشت چوار ڕۆژ لە مانگدایە. زەرتەشتییەکان بۆ زیادەڕەوی نەکردن لە خواردنی گۆشت، ڕۆژانی دووهەم و دوازدیەم و چواردەیەم و بیست و یەکەمی مانگ، لە خواردنی گۆشت خۆیان دەبوێرن.

لە لای زەرتەشتییەکان هەر ڕۆژێک لە مانگ ناوێکی تایبەتی هەیە. لە ڕۆژانی "ماه"، "گوش" و "رام" و وهومن" کە دوایی بە "بەهەمەن" گۆڕدراوە، خواردنی گۆشت حەرامە و بۆ تەندروستی لەشیان گۆشت ناخۆن.

زەرتەشتییەکان پاش مەرگی یەکێک لە خزمەکانیشیان بۆ ماوەی سێ شەو لە کوڵاندن یان خواردنی گۆشت خۆ دەبوێرن کە ئەوەش هەر بەشێک لە ڕۆژووی زەرتەشتییەکانە.

ڕۆژوو لە ئایینی ئێزدی:

ئێزدییەکان ڕۆژووی چلەی هاوین و چلەی زستان و سێ ڕۆژ ڕۆژووی دیکەیان هەیە.

ڕۆژووی چلەی هاوین لە ۲٤ حوزەیران هەتا ۲ تەباخە کە ٤۰ ڕۆژە درێژەی هەیە و ئینجا دەبێتە جێژن. چلەی هاوین تایبەتی پیاوانی ئایینی ئێزدییە و لە سەر گەورەکانی هۆز فەرزە و ئەوانەش کە دەیگرن پێیان دەڵێن چلەگر؛ پاش چل ڕۆژ بەرۆژوو بوون بۆ ماوەی پێنج ڕۆژان لە پەرسگەی لالش و دەڤەری ئێزدیان دەبێتە جێژن و هەموو ئێوارەی جێژنێ پیاوانی ئایینی بە دەم لێدانی دەف و شەباب و خوێندنی دەقی ئایینیەوە سەما دەکەن.

 ڕۆژووی چلەی زستانیش هەر چل ڕۆژە و لە۲٤ ی مانگی کانوونی یەکەم دەست پێدەکات و هەتا ۱ی سبات بەردەوامە و ئەم چلەیە لە سەر خەڵکی ئاسایی و پیاوی ئایینی فەرزە و دەبێ پەیڕەوی بکەن.

ڕۆژوویێ دیکەیان هەیە کە ڕۆژووی ئێزییە و سێ ڕۆژە و سێ‌شەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو دەبن و ڕۆژی هەینی لە مانگی کانوونی یەکەمدا جێژن دەگرن.

News Code 32374

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha