سناریۆی هەرێمی سوننە/ دابەش کردنی عێراق و داخستنی شاڕێی تاران - بەیرووت

جموجۆڵەکان بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی سوننە لە عێراق، ئامانجی دابەش کردن و پچڕاندنی پەیوەندی زەوینی بەرەی بەرخۆدان لە "تاران" تا "بەیرووت"ی لە پشتەوەیە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ئەحمەد ئەخگەر: پرسی فیدراڵیزە کردنی عێراق لە دوا ساڵەکانی سەدەی ڕابردوو وەک یەکەمین هەنگاو بۆ داڕشتنی نەخشەی جوگرافیایی نوێی ناوچە لە لایەن ڕەوتی داگیرکاریی رۆژئاوا خرایەڕوو.

بە پێی ئەو پلانە داگیرکارییە کە وەک سایکس – پیکۆی نوێ ناوی لێ دەبرێت، جوگرافیای جیهانی ئیسلام دەبێ گۆڕانی بە سەردا بێت و یەکەگەلی سیاسیی ئێستا هەڵوەشێنەوە و یەکەگەلی سیاسیی نوێ بە زۆرینەی بەرچاو و بە پێی بژێرەگەلێکی زمانی، مەزهەبی، ئیتنیکی، ئایینی، مەزهەبی و ... جێی ئەوان بگرنەوە.

بە پێی ئەو پلانە ڕەوتی داگیرکاری نە تەنیا بەردەوام دەبێ لە هێژمۆنیای خۆی بە سەر ناوچەدا، بەڵکوو قووڵ‌تری دەکاتەوە و لە ئەنجامدا، جیهانی ئیسلام لە ڕەوتی گەشە و سەربەخۆیی پاش دەکەوێ و شارستانییەتی نوێی ئیسلامی هیچکات توانای لە دایکبوونەوەی نابێت.

هێز تاودانی ئەمریکا لە جیهانی ئیسلام و ئەویش بە بیانووی شەڕی دژی تیرۆریزم، ڕێک بە پێی ئەو دوورنوێنە ئەنجام دراوە. بە ئاوردانەوە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە خستنەڕووی یەکەمایەتی فەلەستین هەڵگری سەرەکیی ئاڵای بەرخۆدان لە هەمبەر ئەو پلانە داگیرکارییە بووە، ئیستعمار بە داگیرکردنی ئەفغانستان لە رۆژهەڵات و عێراق لە رۆژئاوای ئێران هەوڵی دا تێچووەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە دژی پلانە داگیرکارییەکان لە ناوچەدا بەرزتر بکاتەوە. بەڵام بەرخۆدانی ئێران و پێداگریی لە زەروورەتی ئازادکردنی فەلەستین و بەرەنگاربوونەوەی پلانەکانی داگیرکاری و هێژمۆنیا بە کردەوە هەلومەرجی بە زیانی ڕەوتی داگیرکاری گۆڕی.

رۆژئاوا بە دیاردەی تیرۆریزمی تەکفیری هەوڵی دا جوگرافیای ناوچە تێوەگلێنێت تا یەکەمیاتی فەلەستین لە کۆمەڵگای ئیسلامی بسڕێتەوە. بەڵام بەشداربوونی ئێران لە بەرەی شەڕ دژی تیرۆریزم و پلاری قورس وەشاندنی لە جەستەی تیرۆریزمی تەکفیری لە عێراق، سووریا و لوبنان و هەروەها پاڵپشتیی لە بەرخۆدانی یەمەن، بە کردەوە پیلانی تیرۆریزمی تەکفیریی بەرەوڕووی شکست کرد و هەمدیسان پرسی فەلەستین کردەوە بە یەکەمایەتیی جیهانی ئیسلام و لەمناوە ئێران و بەرەی بەرخۆدانیش وەک گرینگترین و بە هێزترین و کارامەترین ئەکتەرانی ناوچە دەرکەوتن.

ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی و ڕژیمگەلی دارەدەستی عەرەبی لە ناوچە کە یەکپارچەیی عێراق (وەک هاوپەیمانێکی ئێران و بەرەی بەرخۆدان) بە هەڕەشەیەکی جیدی دەبینن، بە سەرمایەدانەری لە سەر هەندێک ڕەوتی سیاسی سوننەی عێراق هەوڵ دەدەن تا لە هەلومەرجی تایبەتی ئەو وڵاتە بەهرە ببەن و بە بیانووی فیدراڵیزەکردنی عێراق وێرای ئاڵۆزتر کردنی هەلومەرجی ئەو وڵاتە، زیاتر ڕێخۆش بکەن بۆ دابەش بوونی و هاوکات ئاستەنگ بخەنە بەر پەیوەندی زەوینیی تاران تا بەیرووت.

حزبی "التجمیع الوطنی لاهل العراق" بە سەرکردایەتی "وەسام حەردان" پێشنیاری پێکهاتنی هەرێمی سوننە خستۆتە ڕوو و پەیجووریەتی و جار نە جارێک هەواڵگەلێک لەبارەی دانیشتن یان دیدارەکانی ئەو حزبە بە مژاری پێکهێنانی هەرێمی سوننە لە نێوان ڕەوتە سیاسییەکانی سوننەی عێراق بڵاو دەبێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ڕەوتانە لە کاتی داگیرکرانی وڵاتەکەیان لە لایەن تیرۆریزمانی داعش (کە زۆرتر پارێزگا سوننەنشینەکانیان داگیرکردبوو و ئەهلی سوننەی عێراقیان تەفروتونا دەکرد) نە تەنیا توانای بەرگریان نەبوو، بەڵکوو هەوڵی لاوازتر کردنی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش‌یشیان دەدا. واتە هەر ئەو سیاسەتوانە سوننەیانە بە جۆرێک دەستیان بووە لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی سوننەی عێراق. بەڵام ئەوڕۆ وەسام حەردان پاگەندەی ئەوە دەکات کە "هاوژینی لە عێراقدا زۆر ئاڵۆز و دژوار بووە و دەزگای داد (بە واتایەک دەوڵەتی ناوەندی) توانای بەرەنگاربوونەوەی هێرش بۆ سەر گرووپ و حزبەکانی نییە".

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەر دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە هاوپەیمانی ئێران حەشدی شەعبی دامەزراند و سوننەی عێراقی لە چنگی داعش رزگار کرد؛ بە واتایەکی دیکە کۆمەڵگای شیعەی عێراق خۆی کردە قوربانیی برایانی سوننەی.

هەرێمی سوننەی ئیدعا کراوی حەردان بڕیارە بە ناوەندێتی پارێزگای ئەنبار و بە تەڤلبوونی پارێزگا سوننەنشینەکانی دیکە پێک بێت و بە ئاوردانەوە لە نەخشەی بڵاوبۆوە بۆ ئەو هەرێمە، ئاماژە بە هەندێک خاڵ پێویستە:

* عێراق بە کردەوە بە سەر سێ ناوچە و حکوومەتی خۆجێیدا دابەش دەبێت و چیتر شتێک بە ناوەی دەوڵەتی ناوەندی لەو وڵاتدا نامێنێ و ئەوەش واتە دابەشبوونی عێراق.

* بە پێکهاتنی هەرێمی سوننە بە کردەوە کۆریدۆری زەوینی ئێران تا بەیرووت دادەخرێ، چونکە هەرێمی کوردی لە باکوور و هەرێمی سوننە لە ناوەند سنوورەکانی عێراق لە گەڵ سووریا کۆنتڕۆڵ دەکەن.

* هەرێمی سوننە بە ئاوردانەوە لە سنوورەکانی لە گەڵ ئۆردۆن و عەرەبستان، دەستی دەوڵەتی ناوەندی لە کۆنتڕۆڵ کردنی سنوورەکان دەبەستێ و ڕێخۆش دەکات بۆ دەستێوەردانی زیاتر لە عێراق بۆ پەرەدان بە نائاسایشی و زیان گەیاندن بە بەرەی بەرخۆدان.

* دەوڵەتی ئەمریکا بە پێکهاتنی هەرێمی سوننە بە ئاوردانەوە لە گرینگترین بنکە سەربازییەکانی لەو هەرێمە و هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک پووچەڵ کەرەوەی پەسندکراوی نیشیمانی عێراق بۆ کۆتایی بە ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکایەو سەربازانی تیرۆریستی ئەمریکا دەتوانن بەردەوام بن لە مانەوەیان لە عێراق و پەیجووریی سیاسەتەکانیان لە دژی بەرەی بەرخۆدان.

* بەشێکی زۆری هەرێمی سوننە بیاوان و بێ ئاوە. ئەگەرظچی بەشگەلێک لە پارێزگا باکوورییەکان شوێنی ڕاخۆشینی ڕووباری دیجلە و فوراتە. کەوایە بە بیانووی کشتوکاڵ، ئاوی ئەو دوو ڕووبارە گرینگ و ستراتژیکە دەگوازنەوە بۆ ناوچەگەلی بیاوانی و لەو رێگەوە بەشە باشوورییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی دەبن.

* دەمێکەیە ڕژیمی زایۆنی هەوڵی گواستنەوەی ئاوی فورات بۆ فەلەستینی داگیرکراوە و پاشان بۆ عەرەبستان دەدات. تا لەو رێگەوە هاوکات چارەسەریی کێشەی ئاوی خۆی، ئاو بکاتە کەرەسەیەکی بەهێز بۆ هاوڕیز و هاوپەیمان کردنی ڕژیمە پاشکەوتووەکانی عەرەب. هەر بۆیە ڕژیمی زایۆنیش پاڵپشتی دەکات لە پیلانی پێکهاتنی هەرێمی سوننە لە عێراق. چونکە ئەو هەرێمە شەق دەخاتە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای بەرەی بەرخۆدان و بە کردەوە بەرخۆدان لاواز و هەڕەشەکان لە دژی خۆی کەم دەکاتەوە. لە ڕاستی ئەو پاگەندەیەی وەسام حەردان کە "پارێزگای ئەنبار و پارێزگا سوننەکانی دیکەی عێراق هاوکاتی بەهرەمەندی لە سەرمایەگەلی کانگایی و نەوت و گاز و هەڵگرتنی بەشێک لە ئاوی ڕووباری فورات بۆ گەشەی کشتوکاڵ لە سارای ئەنبار"، دەڕوانێتە ئەو پیلانەی ڕژیمی زایۆنی.

* دەوڵەتی تورکیا و ئێران و دەوڵەتی ناوەندی عێراق پێشگری لە سەرهەڵدانی وڵاتێک بە ناوی کوردستان دەکەن و بە داخستنی رێگەی زەوینی و دەریایی و ئاسمانیان بەڕووی هەرێمی کوردستان، ڕیفراندۆمی جوداخوازیی ئەو هەرێمە شکستی هێنا. بەڵام بە پێکهاتنی هەرێمی سوننە و بەهرەمەندیی لە رێگەی پەیوەندی لە گەڵ ئۆردۆن و عەرەبستان بۆ دەرەوەی عێراق، ئەگەری جوداخوازیی لە عێراق لە ئارادیە.

لە راستیدا هەلومەرجی پێکهاتنی هەرێمی سوننە لە عێراقدا نییە و ئەو دۆزە بەشێکە لە ڕەوتگەلی سیاسیی سوننەی عێراق لە ئینتیمایان بە ئەمریکا و ڕژیمگەلی عەرەبستان و ئیمارات هەیە و هەر بۆیە زۆربەی ڕەوتە سیاسی و مەزهەبییەکانی سوننە ڕازی بەو کارە نین و بە ئاشکرا ڕەتی دەکەنەوە. ئەوە هاوکاتی ئەوەیە لە چینی سوننەی عێراق دەزانن کە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەرێمی سوننە و دابڕان لە عێراقێکی یەکپارچە، دەبێ چاوەروانی پاشهات گرژ و دژواری وەک شەڕ و نائەمنی و کشتوبڕی زیاتر بن. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێشتا سوننەی عێراق برینی ناسووری دەوڵەتی داعش‌یان لە جەستەیاندا خۆش نەبۆتەوە.

دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە ئاگاداری لە لایەنی مەترسیداری ئەو پێشنیارە بۆ سەر سەروەری و تەواوەتی سەرزەوینیی، نە تەنیا ڕازی بەو پێشنیارە نابێت، بەڵکوو ئەگەری پێداچوونەوە بە دەستووری عێراق (کە لە سەردەمی داگیرکاری و خۆداسەپانی ئەمریکییەکان و لە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی پۆل برێمێر تۆمار کراوە) و سڕینەوەی ئەو بەشانەی هەڵگری هەڕەشەن، هەیە.

News Code 31489

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =