دەوڵەتی "موودی" شوناسی ئیسلامی لە هیند دەسڕێتەوە

دەوڵەتی حاکمی هێند هەوڵێکی بەربڵاوی بۆ سڕینەوەی شوناس و هێماکانی ئیسلامی لە وڵاتی هەفتا و دوو نەتەوە گرتۆتە بەر، تا بە گوێرەی خۆی هێند بگەڕێنێتەوە بۆ هێندووەکان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕەزا عەموویی: سەفەری ئەم دواییەی ترامپ بۆ هێند ئەگەرچی بە ئامانجی سیاسی و ئەمنی ئەنجام درا، بەڵام ئاگری شەڕی ئیتنیکی و مەزهەبی لەو وڵاتەدا دیسان گەشاندەوە.

هێند لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دژوارترین رۆژانی خۆی لە ناکۆکیی نێوان موسڵمانان و هێندووەکاندا ئەزموون کرد؛ لە کاتێکدا کە دەستووری ئەو وڵاتە جەخت لە عەلەمانییەت دەکا.

دوا ڕەوتی ناڕەزایەتی موسڵمانانی هێندی لە کاتی سەفەری ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد و میدیاکانی دەوڵەتی هێند ڕایانگەیاند کە ناڕەزایەتیی موسڵمانان بۆ دژایەتی یاسای پێداچوونەوە بە هاووڵاتێتی بووە و خەڵکی خوازیاری هەڵوەشانەوەی یاسای هەڵاواردنی مەزهەبین.

ئەو ناڕەزایەتیانە زۆر زوو بە هەمووی ئەو وڵاتەدا پەرەی سەند و بە دەستێوەردانی هێندووگەلی ڕادیکاڵ، ڕەواڵەتێکی توندوتیژانەی بە خۆوە گرت و بە وتەی سەرچاوەگەلی فەرمی دوای هێرشەکان بۆ سەر موسڵمانان، زیاتر لە ٤٠ کەس کوژرا و سەدان کەسیش بریندار بوونە.

ناڕەزایەتیی هەزاران موسڵمانانی هێندی هاوکات بوو لە گەڵ سەفەری ڕۆناڵد ترامپ و لە دژی ئەو و سیاسەتگەلی ڕاستگەرا و سەرکوتگەرانەی نارێندرا موودی لە شارە جۆراوجۆرەکانی هێند و لە بەرامبەردا هێندووەکان هێرشیان کردە ماڵ و بازاڕ و مزگەوتی موسڵمانانیان. پێکدادانەکان سەرچاوە لە پەسندکراوی پەرلەمانی هێند لە کوتایی ساڵی ٢٠١٩ دەگرێت کە تێیدا هاوکاتی داکۆکی لە شوناس و هاووڵاتێتی هێندووەکان، نکۆڵی لە شوناسی موسڵمانانی هێند دەکات.

بە گوێرەی رۆژنامەنووسانێک کە لە نزیکەوە شایەدی ڕووداوەکان بوون، پۆلیس و هێزەکانی دەوڵەتی بە تاوانباری ئاڵۆزییەکان دەزانن و دەڵێن هێزەکانی ئاسایشی هێند لە دەوڵەتی ڕاستگەرای نارێندرا موودی هیچ هەنگاوێکی پێویستیان بۆ پێشگری لە تاڵان و ئاگردرانی گەڕەکە موسڵمانەکان نەدا.

پڕۆژە یاسای قبووڵ کردنی هاووڵاتێتی کۆچبەرانی ناموسڵمان لە وڵاتانی دیکەوە کە بە ١٢٥ دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر ١٠٥ دەنگی نەرێنی لە دیسامبێری ٢٠١٩ لە ئەنجومەنی ڕیش‌سپیانی هێند پەسند کرا،  وێرای خستنە پەراوێزی دووسەد ملیۆن موسڵمانی ئەو وڵاتە و سووکایەتی بە مادەیاسای یەکسانی داکۆکی لێ کراوە لە دەستووری ئەو وڵاتە، مەرجی پێدانی هاووڵاتێتی بە کۆچبەرانی نایاسایی ئەفغانی، بەنگڵادێشی و پاکستانیی، بە شێوەیەکی هەڵاواردنی ناموسڵمان بوونیان ڕادەگەیێنێت.

زیاتر لە ٧٠٠ کەسایەتی ناسراوەی هێندی و لەوان پارێزەران، ئاکادیمییەکان و ئەکتەرانی سینەما بە واژۆکردنی ڕاگەیێندراوێک ئەو پڕۆژەیاسایان ئیدانە کرد و لە دەوڵەتی هێند پێداگرە لە تێوەگلاندنی وڵات لە ئاژاوە و ئاڵۆزییەکی بەربڵاو.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش پارتی بەهارتیا جاناتا بە سەرۆکایەتی موودی و بۆ ڕەزامەندیی ناوەندگەلی نەتەوەپەرەست دەستی دابووە سڕینەوەی ناوی زۆربەی ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە سەرچاوەی ئیسلامیان هەیە. بۆ وێنە ناوی شاری ٤٥٠ ساڵەی "ئەڵڵائاباد"ی کردۆتە شاری پرایاگ یان پرایاگراج یان گەڕەکی "فەیزئاوا"ی بۆ "ئایۆدیا" گۆڕیوە و بڕیارە ئەم پلانە شارەکانی ئاگرای شوێنی تاج مەحەڵ و ئەحمەدئاواش بگرێتەوە.

بەوجۆرە پێدەچێ دەوڵەتی بنیاتگەرای هێند هەوڵێکی بەربڵاوی بۆ سڕینەوەی شوناس و هێماکانی ئیسلامی وڵاتی هەفتا و دوو گەلی دەست پێکردووە و وەک خۆی دەڵێ دەیەوێ هێند بگەڕێنێتەوە بۆ هێندووەکانی و بەم کارە هاوکاتی خستنە پەراوێزی موسڵمانان لەو وڵاتە دەیەوێ پشکی ئەوان لە مێژوو و ڕابردووی هێند بسڕێتەوە.

دیارە بە گوێرەی کۆمەڵناسان ئەنجامی نکۆڵی و بایکۆتی بەشێکی کۆمەڵگای هێندی، بنیاتگەری و زەبروزەنگی لای کەمینەکانی ئەو وڵاتەی بە دواوە دەبێ و لە دڵی کەلێنە ئیتنیکییەکاندا ئەگەری سەرهەڵدانی ئاژاوە و ناسەقامگیرییەک هەیە کە داهاتووی هێند تێوەدەگلێنێت.

News Code 31344

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 5 =