ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە بڵاوبووە دڵتەزێنەکانی شەڕی خوێنینی نێوان درۆزی و عەشیرە سوننەکان لە پارێزگای سوەیدای سووریا، نیشاندەری دەمکردنەوەی زام و کەلێنی کۆنی ئیتنیکی و مەزهەبی ئەو وڵاتە بوو و هاوکات بووە هۆی چوونە ژێر پرسیاری شەرعیەت و دەسەڵاتی نوێی ئەحمەد شەرعی سەرۆک کاتی سووریا کە بڕیار بوو نمانەیەک بێت لە سەقامگیری و تێپەڕینی سیاسی لە "سووریای پاش ئەسەد".
کوشتن و سووکایەتی: دەسپێکی قەیران
ڕووداوەکە لە 11ی ژووئەندا دەستی پێکرد و تێیدا چەند کەس لە عەشیرە سوننەکان، شۆفیرێکی درۆزیان تاڵان کرد و درۆزییەکان لە کاردانەوەدا، چەند کەس لەو عەشیرەیان ڕفاند. ئەوی سەرەتا پێدەچوو شەڕێکی ناوچەیی بێت، خێرا لە 13ی ژوئەندا بە ئاراستەی شەڕێکی خوێنیندا چوو و ڕێخۆشکەر بوو بۆ دەستێوەردانی هیزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی کاتی دیمەشق، بە بیانووی "گەڕاندنەوەی تەکوزی". بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە خۆی بووە هەوێنی پێشێلکاریی جیدی مافی مرۆڤ و لەوان لەسێدارەدانی سەرشەقامی، سووکایەتی ئاشکرا و ڕفاندنی خەڵکی مەدەنی.
پاشەکشێ لە ژێر زەختی ئاگری ئیسرائیل
خۆڕاگریی درۆزییەکان و هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بووە هۆی پاشەکشێی هێزەکانی دەوڵەتی، بەڵام ئەو بۆشاییە خێرا بە هێزی خۆبەخش و هەزاران ملیشیای عەشیرەیی سوننە لە سەرتاسەری سووریا پڕ کرایەوە؛ هێزگەلێک کە بە گوێرەی شایەدان پێکهاتبوون لە کەسانی بیانی و تەنانەت کەسانێک کە هێمای داعشیان هەڵدابوو. دیارە ئەو گۆرانکارییانە تەشەنەی زیاتری دا بە ترس و نائەمنیی لە نێوان کۆمەڵگای درۆزی و هەستی بێڕێزی و پشتگوێخرانیان.
دەوڵەتی شەرع: دەستەوەستان و بێ مەیل؟
ئەحمەد شەرع نە تەنیا نەیتوانی قەیرانەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵکوو لە لێدوانێکی جەنجاڵیدا، هۆز و عەشیرە هێرشبەرەکانی بە "هێمای بایەخ و بنەما بەرزە ئەخلاقییەکان" زانیو لە بەرامبەردا، هێزی بەرگری درۆزیی بە "گرووپێکی یاغی" ناساند؛ لێدوانێک کە نە تەنیا بووە هۆی تووڕەبوونی درۆزییەکان، بەڵکوو زۆربەی کەمینەکانی سووریای هارووژاند.
بە جۆرێک کە زۆربەی شرۆڤەکاران دوای ئەو لێدوانە، گەیشتنە ئەو باوەڕەەی کە سەرۆک کۆمار یان ئیرادەی کۆنتڕۆڵی هێزەکانی خۆی نییە، یان لە بنەڕەتەوە مەیلێکی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە نییە و لە هەر دوو حاڵەتدا هەڵوێستی ئەو بۆ کەمینەگەلێک کە پێشتریش بە هۆی ئەندامێتیی لە گڕووپە جیهادییەکانی وەک ئەلقاعیدە و بەرەی نووسرە و تەحریرولشام لێی دڕدونگ بوون، جێی نیگەرانییە.
پاشهاتی ناوچەیی و داهاتووی فیدراڵیزم
پارێزگای سوەیدا، نە وەک کەنارئاوییە عەلەوینشینەکان، ناوچەیەکی نەریتیی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتە و نەک وەک کوردستانی سووریا، خاوەن پێگەیەکی خۆسەریی ژێر پاڵپشتی ئەمریکایە، بەڵکوو لە سنووری ناوچە ژێر کۆنتڕۆڵەکانی ئیسرائیلدا هەڵکەوتووە و خاوەن پێکهاتەی مەزهەبی و ئیتنیکی تایبەت بە خۆیەتی و هەر ئەوە بووەتە هۆی هەستیاربوون و شکێنەربوونی ئەو ناوچەیە لەباری ژێئۆپۆلیتیکییەوە.
شکستی شەرع لە ئیدارەی قەیرانی سوەیدا، ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی ئەو لە ناوچەکانی دیکەشدا بەرز دەکاتەوە. هێزەکانی نە شەرعییەتیان هەیە و نە توانای کۆنتڕۆڵی کارای دۆخەکە. ئەو بابەتە بۆتە هۆی پێدرانی پێشنیارگەلێک بە ئەحمەد شەرع بۆ ڕادەستکردنی وەزارەتی بەرگری بە ژێنڕاڵ مەزلووم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە)؛ کەسێک بە هەڵویستێکی ڕێکوپێک و نافیرقەیی.
هەڵویستی ئەمریکا: لە نێوان گومان و هوشدار
کاردانەوەکانی ئەمریکا بە ڕووداوەکانی سوەیدا نیشاندەری دووفاقەیی لە ڕوانگەکانی پێشوو هەمبەر بە گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییە. بۆ وێنە لە کاتێکدا کە تام باراک، باڵوێزی ئەمریکا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بیر لە ڕێگەچارەیەکی ئاشتیخوازانە بکەنەوە و دەوڵەتی سووریا بە جێی متمانە دەزانێت، مارکۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆیدا، ڕووداوەکانی سوەیدای کارەساتبار وەسف کردووە و خوازیاری وەڵامدانەوە لە ئاستی باڵای دەوڵەتی سووریا بووە.
بەلام لەمناوە توندترین هەڵویست لە لایەن ئابراهام حەمادەی نوێنەری کۆنگریسی کە ڕەچەڵەکێکی درۆزی-کوردی هەیە، گیرا و ئەو بە ئیدانەکردنی توندوتیژییەکان، خوازیاری ڕیفۆڕمی بەپەلە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سووریا و دامەزرانی دەسەڵاتێکی دەستەبەرکەری فرەچەشنیی ئیتنیکی و مەزهەبی بوو.
داهاتوو: لە یەکپارچەیی داسەپێنراو تا فیدراڵیزمی ڕاستەقینە
سووریا بۆ داڕشتنی داهاتوویەکی سەقامگیر، پێویستی بە فۆڕمێک لە دەسەڵاتە کە فرەچەشنیی بە فەرمی بناسێت. شەرع و چینی سیاسی سوننە کە لە ڕووخانی ئەسەد بەهرە دەبەن، دەبێ قبووڵی بکەن کە سووریا تەنیا تایبەت بەوان نییە و کۆمەڵگای عەلەوی و درۆزیش لە دەیەکانی 1920 و 1930دا دەوڵەتی سەربەخۆیان بووە؛ مێژوویەک کە ئەوڕۆکە دەتوانێ نمانەیەک بێت بۆ پێکهێنانی سووریایەکی فیدراڵ، بەربڵاو و دیموکراتیک.
Your Comment