محەمەد ئەمین خزمەتێک بە زمانی هەورامی بوو/ئەمجارە لەگەڵ شێخی سەنعان دێمەوە

مامۆستا محەمەد ئەمین میرزایی، ناسراو بە میرزای هەورامی، دەڵێت: لەبەر ئەوەی خزمەتێک بکات بە زمانی هەورامی هەوڵی دا کە ژیانی پێغەمبەری خوا (د.خ) بە زمانی هەورامی بگێرێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی کەلتوور و فەرهەنگ- حەلیمە موڵایی:دوایی ئەوەی بۆ یەکەم جار ژیاننامەی پێغەمبەری ئیسلامﷺ بە زمانی هەورامی لە لایەن مامۆستا موحەممەد ئەمین میرزایی ناسراو بە میرزای هەورامی  لە دوو تۆی کتێبێکدا بە ناوی (محمد امین)چاپ و بڵاو کرایەوە، هەوڵمان دا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە سەر ئەم بەرهەمە بەنرخەی میرزا و هەروەها ئاشنایەتی زیاتر لەسەر ئەدەب و وێژەی کوردی و نووسینی شێعر و پەخشان و دۆخی ناو حوجرەکانی کوردستان کە هەمیشە جێگای ئەدیب و زانا بوون، دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ مامۆستا محەمەد ئەمین میرزایی ساز بدەین.

دەقی دیمانەکە لەم چەند دێڕەی خوارەوەدا بڵاو کراوەتەوە؛

*چۆن هەستتان کرد بەو پێویستییە کە دەست بە نووسینی سیرە و ژیانی پێغەمبەری خوا (د.خ)بە زمانی هەورامی بکەن؟ زمانی هەورامی زمانی یەکگرتووی کوردی نییە و ئەوانەی ئاخافتن بەمزمانە دەکەن و هاوکات دەتوانن بخوێننەوە کەمن.

من خۆم حەز بە خزمەت کردن بە فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی و لە ناو ئەم فەرهەنگەشدا خزمەت بە زمانی هەورامیم زۆر بەلاوە گرینگە و ویستم خزمەتێکی ئایینی و ئەدەبی بە فەرهەنگی ڕەسەن و ئەدەبیاتی هەورامان و زمانی دایکی خۆم بکەم. هەورامان گەورە زانای باشی بووە کە خزمەتیان بە ئەدەبیاتی کوردی و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی و زمان و وێژەی هەورامیش کردووە،تا نالی و مامۆستا گۆران بەملاوە.منیش وەک هەورامییەک بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی کە هەنگاوی بچووک لەم ڕێگایەدا هەڵگرم. مامۆستا ئەحسەن کوڕم، پێشنیاری تەفسیری قورئانی بۆ کردم بە هەورامی؛ بەڵام من وتم ئەوە بڤەیە، چونکوو تەفسیری قورئان کەسێکی دەوێت کە عیلم و زانیاری تەواوی ببێت لە بابەتەکە نەک لە ڕووی کتێب وشە دەست بکات بە تەفسیر. تەفسیری قورئان بۆ هەموو کەس نابێت.گەورە زانای پێویستە. بۆیە گەیشتم بەو قەناعەتە کە جوانترین خەڵات و سەوقات بۆ ئەدەبیاتی هەورامان سیرە و ژیاننامەی پیغەمبەرە کە بە زوانی هەورامی بنووسرێت، بەڵام بە پەخشان و دەق.

*بۆچی بە دەق مامۆستا لە حاڵێکدا کە شێعر لە ئەدەبی هەورامان ناسراوترە و ئێوەش زیاتر بە شاعێر ناسراون؟

چونکوو پەخشان لە هەورامانا یان نییە، یان ئەگەر ببێت دەستی ئێمە نەکەوتووە. یان ئەگەریش دەست کەوتبێت ئەوپەڕی یەک دوو پەڕە بووە. بەڵێ مەشهوور لە ئەدەبی هەورامان دیوانە شێعرە. وەک دیوانی مەولەوی، دیوانی سەیدی و بیسارانی و مەلا شەفێعی پاوەیی، دەوڵەت نامەی مەلا خدری ڕواری، مەلا عومری ڕەنجووری، شێخی سەنعان. بە ڕاستیش شێعری هەورامی دەورێکی باڵای بینی لە حاڵی کردنی گەلەکەمانا بۆ فێربوونی دین و دنیا و بۆ ئەخلاقیات.مامۆستاکان هەموو ئەو بابەتانەی کە دەیانەویست کۆمەڵگای پێ بڕازێننەوە لەباری ئەخلاقی و ئایینیەوە بە شێعر خەڵکیان حاڵی دەکرد. واتا بە دووپەڕە سێ پەڕە چەندین بابەتی شەرعی و ئەخلاقی زۆر قورسیان بە خەڵک حاڵی دەکرد. وەک قەبر و قیامەتی مەلا خەری ڕواری.وەکوو ڕۆڵە بزانیەکەی. تۆ بڕوانە ڕێژەیەکی زۆر لە کوردەواری ڕۆڵەبزانی لەبەرە. لەبەر ئەوەی ئێستا سەردەمی ئەوە نەماوە کە خوا یان هەموو چەمک و مانا قورسەکانی ئایین و دین بە شێعر پێناسە بکرێن، من تێگەیشتم کە بۆشایی ئێستا لە ئەدەبی هەورامانا زیاتر دەقە.

* چەندی خایاند تا ئەو کتێبەت نووسی؟

 بۆ ماوەی ۵ ساڵ کارم لە سەر کرد تا نووسیم، دواتر بە یارمەتی دۆستان کاری چاپەکەی کرا و ئیستا لە بازاڕدایە.

*لە کتێبی سەوزەی کۆساڵاندا کە ساڵی ۶۲ چاپ کرا کاری باشتان لە سەر ئەدەبیاتی منداڵان کردووە. بە ڕای ئێوە بۆچی ئەدەبیاتی ئێمە بەم هەموو شاعێرە گەورە کە هەیەتی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا تا ئەم دواییانە کاری تۆکمە و بەرچاوی نەکردووە؟

بەڵێ وایە، ئێمە لە ئەدەبیاتی منداڵان و بە تایبەت شێعردا کاری زۆرمان نەکردووە. ڕەنگە فەزای ڕۆحی شاعێرانی ئەو سەردەمە وابووبێت. من شێعری زۆرم بۆ منداڵان هەیە و ئێستاش بە خۆشحاڵیەوە برەوی هەیە و بڕیارە شێعرەکانم کە بۆ منداڵان وتراوە جیابکرێتەوە و وەک کتێبێکی تایبەتی بە نەقش و نیگاری منداڵانە بڕازێنرێتەوە و تایبەت بەو تەمەنە بڵاو بێتەوە. لەو کاتەشدا من دەمبینی لە ناوچەی خۆماندا مناڵ خەریکی چۆلەکە داخستن و سەگەڕاو و ئەو یاریانە بوون، بۆیە لەسەر ئەو بابەتانە شێعرم نووسیووە و بەزوانی خۆیان هەوڵمدا حاڵیان بکەم کە دەبێ ڕێز لە سروشتی جوانی کوردستان و ئاژەڵان بگیردرێت. بۆ وێنە شێعرێکم هەیە کە لە زمانی منداڵێکەوەیە کە بە پشیلەیەک دەڵێت وەرە ماڵی ئێمە و مەترسە من تریتی ماستت بۆ ئەکەم و لێتنادەم و....... ئەگەرچی لەو کاتەدا خەڵکێکی زۆر بەگژ ئەو شێعرانەمدا چوونەوە وتیان ئەو قسانە چیە و ئەمە کەی شێعرە! بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر لایەنگرانی مافی ئاژەڵان و پارێزەرانی سروشت ڕێزیان لە من گرت کە یەکەم شاعێری هەورامی ئەو بەرەیە بووم کە شێعرم بۆ مێهرەبانی لەگەڵ گیانلەبەران و ئاژەڵان وتووە.

* لە دوای سەورزەی کۆساڵان و زەردی خەزان شێعری تازەتان هەیە بۆ چاپ ئامادە کرابێت؟

من شێعری زۆرم بوو دوای ئەو دوو دیوانە کە لە کاتی کۆکردنەوەی سەوزەی کۆساڵان و زەردی خەزان و چاپ کردنیان لە یەک کتێبدا بە ناوی دیوانی میرزای هەورامی ئەو شێعرانەشم پێ زیاد کرد. دوای  ئەوانیش بە موناسەباتی زۆر وەک کۆنگرە، سمینار و کۆڕی مەولوودنامە و هەندێ جاریش بە هەستی دڵی خۆم شێعرم وتووە کە هەڵم گرتووە و چاپ نەبووە. چاوەڕوانم پشت بە خوا لە داهاوتوودا جەمیان کەم و جۆریان کەم و چاپیان کەم.

* یەکەم شێعری خۆتان کە وتووتانە هەڵتان گرتووە ؟ یان لەبیرتان ماوە چی بوو؟

شێعرەکەم لە بیرە. بەڵام کاغەزەکەم لا نەماوە کە نووسیبووم تێدا. بەڵام خودی شێعرەکەم لەبەرە.

یەکەم شێعرم باش لەبیرمە لە گەڵ مامۆستایەکما چووم بۆ هەڵەبجە، لەوێ چووین بۆ لای وێنەگرێک. لە سەر دووکانی کابرا نووسرابوو، وێنەگری شاهۆ. من زۆر حەزم پێکرد کە لەبری عەکاسی نووسراوە وێنەگری.ناوی شاهۆیش بەلامەوە خۆش بوو چونکوو منداڵ بووم وام ئەزانی مەبەستی کابرا شاخی شاهۆی هەورامانە. بەڵام  ئەو وێنەگرییە بەناوی مامۆستا سەید حەسەن " شاهۆ"، قازی چەمچەماڵ، گەورە زانا و نووسەر و شاعێری ئەو دەڤەرە ، کوڕی مامۆستا عەبدولقادری بیارەوە ناو نرابوو. لەوێ شێعرێکم نووسی کە لە دیوانەکەما هەیە.

*چۆن بوو نازناوی "میرزای هەورامی" یتان هەڵبژارد؟

من زۆر حەزم بە کەسایەتی میرزای شیرازی دەکرد کە کەسێکی بلیمەت و زانای  فارس بووە و توانی بە فتوایەک کاریگەریی یەکجار گەورە و بێ وێنە لە سەر ئێران بکات. زۆر حەزم لە کەسایەتیەکی وا کاریزماتیک بوو کە لەو سەردەمەدا مەرجەعیەتی دینی ئەوەندە کاریگەر پیشانی عالەم دەدات کە پاشەکشێ بە بریتانیای کەبیر دەکات. منیش وتم من بۆ نەبم بە میرزای هەورامی خۆ ناوی بنەماڵەیشمان میرزاییە و منیش دەبمە میرزای هەورامی.

* ئێوە شاعێر و ئەدیبی دەرچووی حوجرەن، ئێستا ئەم هەموو ئیمکانات وکتێب و جێگا و ڕێگای باش لە حوجرەکانی کوردەواریدا هەیە . ئامێر و دەزگای پەیوەندی گرتنی جیهانی هەیە، کتێبی باش هەیە. دەرفەت هەیە تاکوو فەقێ چتی زیاتر بزانێت، چی بووە کە کوردەواری ئیدی ئەدیب و شاعێر و نووسەری وەک مەولەوی و نالی و مەحوی و..... لێدەرناچێت؟

بە بڕوای من ئێستا مێشکەکان پڕن هەر لەم شتانەی کە خۆتان وتتان، ئەوەنە فەقێ خەریکی ئەم شتانە ئەبێت، مێشکی جێگای تێفکرین و ڕاژەی زانستی نابێتەوە. زەمانێ بووە حاجی مامۆستای نۆدشە ڕۆیشتووە بۆ لای مەولەوی کورد، نان و دۆیان خواردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەو دانیشتنەدا دەیان بابەتی زانستی، توێژینەوەیی و شەرعی و عێرفانی قورسیان لێکداوەتەوە.

بڕوانە لە زەمانی شێخی سێراجەدین (قدس اللە و روحە) کە ئەو هەموو زانا پایەبەرزە لە عەرەب و عەجەم ڕوویان تێکردووە لە تەوێڵێ و بیارەدا چییان خواردووە جگە لە نان و دۆ و ئەگەر زیافەتیان دورست کردبێت، کەمێ توویان لە گەڵی خواردووە. ئەو زەمانە حوجرە مەولوودی، مەلا عەبدوڵڵای بەیتی ،موفتی زەهاوی ، مەلا خدری ناری و شێخ قەسیم و شێخ نەسیم و..... دروست کرد کە مەگەر لە داهاتوودا لە زانستگا بەرزەکانی جیهان لە نووسراوەکانیان حاڵی ببەن.بە داخەوە زۆربەی خەڵکی کوردەواریس هێشتا هەر نایانناسن. ئەوانە زەینیان بەلای دەرس و زانستەوە بوو نەک خواردن و سەیر و سیاحەت وشتە پەراوێزییەکان، ئەگیناخواردنی خوەش باش هەر بووە، بەڵام ئەمانە یەکمایەتیان شتێکی تر بوو.

ناڵێم ئەم پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیەی ئێستا هۆکاری بێ زانستی ئێمەیە. دەڵێم دڵمەشغوڵی بە شتێکەوە غیری ئەو ئامانجەی منداڵی ئێمە بۆی چووەتە حوجرە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کەسایەتی بەرزی زانستیمان کەم بێتەوە.

هۆکارێکی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ نەزم و میزانێک کە ئەشێ لە حوجرەکان ببێت و بەداخەوە کەمە یان نییە. دەبێ فەقێ ئێمە ئەزموون و تەجرەبەی گەورە مامۆستاکان بەکاربێنێت. گەورە زانای کورد هەمووی دەرچووی حوجرە و خانەقا بووە.

*ئەدەبیاتی فارسی و کوردی و عەرەبی بە شێوەیەکی زانستیانە بە فەقێ دەوترێت یان هەر کتێبی تایبەتیان هەیە؟

بەڵێ دەخوێندرێت بەڵام ئەوەی کە بە دەرسێکی تایبەتی و بە کتێبێکی تایبەتی بخوێنرێن ئەو زمانانە نا، وا نییە. بۆ وێنە کتێبی فەریدە لە زانستی نەحو هەزار شێعرە، سیووتی لە زانستی نەحو هەروەها ، کتێبی ئەلفەزیلەی مەولەوی لە زانستی کەلامیدا دوو هەزار شێعری عەرەبیە ئەمانە ئەخوێنن. بەڵام بۆ فێربوونی ئەدەب و زمانی عەرەبی نییە بۆ فێربوونی زانست و وشەی عەرەبیە. بەڵێ زەمانی زوو کتێبی کەلیمی کاشانی کە کتێبێکی زۆر سەختی فارسیە خوێندراوە. سەنایی و گولستان وبووستان هەروەها.

*مامۆستا گەورەکانی کورد لە سەر زۆر کتێبی فیقهی و عەقیدەیی پەراوێز نووسیان بووە. کە ئەمە لە زۆربەی حوجرەکانی کورەدەواری و ماڵە کوردەکانیشدا هەیە. ئایا کاتی ئەوە نییە کە لێژنەیەک لە مامۆستا پایەبەرزەکانی کوردەواری بە هاوکاری زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستی و هەروەها پسپۆرانی بواری نوسەخی خەتی کار لە سەر ئەو پەراوێزانە بکەن کە بە هەموویانەوە بەشێکی هەرە مەزنن لە ئەدەب و زاست و ئایینی ئەم ناوچەیە؟

بەڵێ لە کوردەواریدا حاشیەنووسی سەر کتێب پێشتر لە حوجرەکاندا باو بووە کە عالەمە گەورەکان دەیاننووسی بۆ ئەوەی بابەتەکە زیاتر بۆ فەقێکان ڕوون بکەنەوە و هەروەها هەندێ جاریش بۆ تەکمیل و تەواو کردنی ئەوبابەتە دەیاننوسی کە پێشتر نووسرابوو و مەلای کورد ئەوەندە زانا بوون کە تەکمیلیشیان دەکرد.پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە دەبێ زاناکانی ئێمە بە زووترین کات دەست بکەن بە کۆکردنەوەی ئەو پەراوێزانە بەرلەوەی بسووتێن و بفەوتێن.

لە کوردەواریدا کتێبخانەمان زۆر سووتاوە، بۆخۆم لەبیرم دێت، لە گوندێکی شاری مەریوان بە ناوی تووتمەر کە مەلایەکی تێدابووە بە ناوی مامۆستا عەبدوڵڵای شاهۆ و کتێبخانەیەکی یەکجار چڕوپڕ و پڕ لە کتێبی ئەنتیکە و دەوڵەمەندی بووە، لە سەردەمێکدا دوو بەگزادە لە سەر ئەو گوندە بووبە شەڕیان و ئەو گوندەیان سووتاند و خەڵکەکەشیان راو نا و هەموو ئەو گەنجینە پڕبایەخە کە پڕبوو لە دەستنووسی مێژوویی سووتا. کتێبخانەکەی مەولەوی و چەندین گەورە زانای دیکەش هەر سووتا و ئەمانە هەمووی سەرمایەی ئەدەبی وفەرهەنگی و ئایینی ئێمە بوون کە فەوتان.یان گەڕیدەکانی بریتانیا و ڕووسیا هاتن بۆ ئەم ناوچەیە و کتێبەکانیان بە تاڵان برد و ئێستا لە مۆزەخانە و کتێبخانەکانی خۆیاندا شانزی پێوە دەکەن و کەڵکیان لێوەردەگرن و ئێمە دەبێ بە بلیت (پسوولە) بڕۆین سەیریان بکەین.

هیوادارام لە داهاتوودا قەدری زەحمەتی کەڵەزاناکان بەفیڕۆ نەچێت و ئەوەی کە ماوە و لە لای خەڵک یان لە مزگەوت و حوجرەکاندا هەڵگیراوە بە تایبەت پەراوێزی دەستنووسی مامۆستاکان، لە لایەن کەسانێکی لێزانەوە بە کارێکی ئاکادمیک و جوان لێکبدرێنەوە و بەرەی نوێ کەڵکی لێوەرگرن. بۆ پاڵپشتی لەم کارە گرینگەش پێویستە دەوڵەمەندەکان و خاوەن سەرمایە و سامانەکان بە تایبەت ئەو دەوڵەمەندانەی دڵیان گرێ دراوە بە ئەدەب و زانست و ئایینی کوردەوارییەوە بێنە مەیدان و یارمەتی زاناکانی ئەم بوارە بدەن با مێژوو و فەرهەنگ و زانستمان نەفەوتێت.

*ئێوە لێکدانەوەتان بۆ کتێبی "سراج الطریق"ی زانای گەورەی کورد حەزرەتی موسەنێف چۆڕی ئەنجام دا، لەوبارەوە قسەمان بۆ بکەن ؟

من تەنیا کتێبەکەم  ڕوونووسی کردەوە، کۆمکردەوە و دوای تایپ کردنەوەیەکی نوێ ئامادەم کردووە و بە یارمەتی خەڵکی ئایین دۆستی گوندی چۆڕ چاپ کراوە. لێکدانەوە یان تەسحیحم نەکردووە. بێ گومان لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەی وا کە شایانی کتێبێکی چوار سەدەلەمەوبەری گەورەیەکی وەکوو حەزرەتی موسەنێف بێت، ئەوە نەبووە. کەس نەبوو یارمەتیم بدات و ئەوەش بە تەنیا کەس ناکرێت و پاڵپشتی و یارمەتی زانستی و ئاکادمی و ماڵی و مەعنەوی دەوێت.

پڕۆژەی داهاتووتان بۆ کاری لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەدەبی چییە؟

ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە ، کتێبێک هەیە بە ناو شێخی سەنعان کە دانراوی شاعێرێکی هەورامانی بە ناوی "کەوکەب"ە و ئەو نووسیویەتی کە کەس نازانێ ئەم کەوکەبە لە کوێیدا ژیاوە و کێیە و بەسەرهاتی چی بووە. تەنیا دەزانرێت کە مێژووی ژیانی هی سەردەمی فەتحعەلی شای قاجارە. لە هەوراماندا کتێبەکە هەیە. من مناڵ بووم بە دەستخەتی خۆم نووسیم. لەم دواییانەدا لە کتێب فرۆشیەک چاوم بە کتێبێک کەوت نووسرابوو، شێخی سەنعان لە ئەدەبیاتی جیهاندا. زۆرم حەز لێکرد، بردمەوە و خوێندم. بە ڕاستی نووسەرەکەی واتا مامۆستا تاها فەیزی زادە لە زانکۆی تەورێز، زەحمەتی زۆری بۆی کێشابوو، منیش گەڕام بۆ ئەو بەشە هەورامیەی کە بینیم و لەگەڵ دەستنووسەکەی سەردەمی منداڵی خۆمدا بەراوردم کرد.زۆر شپرز و کاڵ و ناتەواو بوو.منیش لە یازدە لاپەڕەدا نووسیمەوە و ناردم بۆ مامۆستا فەیزی زادە کە دوای سپاس کردن، بەڵێنی دا لە چاپی داهاتوودا ئەوەی من نووسیم چاپی بکات بەڵام ئەجەل مۆلەتی نەدا. ئێستاش هەر  لەخەیاڵمدا خەریکم پلانی بۆ دائەڕێژم کە چۆناوچون کاری لەسەر بکەم و ئەگەر خوا مەیلی لە سەری ببێت کاری داهاتووم دیوانی شێخی سەنعان لە نووسینی کەوکەبی هەورامانی  دەبێت.

*کۆتا قسەتان بۆ بەرەی گەنجی ئەمڕۆی کورد چییە؟

ڕاستە ئەمڕۆ کچانی ئێمە تەشییان داناوە و کوڕانی کوردیش پاچە کۆڵەکەی باو و باپیرانیان دانا و دەستیان کرد بە خوێندن و نووسین و چوونە زانکۆکان و بووەنەتە پسپۆڕ بەڵام بەداخەوە هەندێکیان هەر تەشی و پاچەکەیان باش بوو تا قەڵەم و پێنووسەکەیان. هەندێکیان قەڵەمەکەیان بووە بە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچاوی فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی و میللەتێک. هیواداراین قەڵەمی ڕۆڵەکانی ئێمە چ کوڕ و چ کچ ئەو قەڵەمە بێت کە خوای گەورە سوێندی پێ دەخات.

News Code 30865

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =