بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, کەمێک پێش ئێستا كۆبوونەوەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، كۆتایی هات.
دوابەدوای ئەو كۆبووونەوەیە، لاڤرۆڤ گەیشتە لای مەسعوود بارزانی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پارتی، لاڤرۆڤ و بارزانی گفتوگۆیان کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی رۆژنامەوانی مەسعوود بارزانی،"لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی ڕووسیا و گەلی كوردستان ڕۆڵی خانەوادەی بارزانی و بە تایبەت مەلا مستەفا بارزانی كرد لە قووڵكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بەرز نرخاند".
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، سێرگی لاڤرۆڤ هەروەها ئومێدی پێشڤەچونی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی خواست لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئابوری و كولتوری و سیاسی.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای شیكردنەوەی ئامانجەكانی سەردانی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند.
ئەوەیشی خستەڕوو كە دوای شكستی داعش دیالۆگ و كاری هاوبەشی هەولێر و بەغدا دەبێتە هۆی چارەسەری گرفتەكان و پێشكەوتن و بووژانەوی ئابووری.
لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوی ڕوسیا و شاندی یاوەری كرد و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا بە پەیوەندیی مێژویی وەسف كرد كە بنەمایەكی بەهێز و پتەوی هەیە.
بارزانی داوایشی كرد ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارێك پەرەبستێنێت. هەر لەو دانیشتنەدا مەسعوود بارزانی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە ئیجابی لە قەڵەم دا كە هەنگاوی باش بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان بڕیوە و باشتربوونی ئەو پەیوەندییانە یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەكە دەدات.
بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و مەسعوود بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیاند.
داوایشی كرد ڕووسیا ڕۆڵی خۆی ببینێت لەوەی لە ئەگەری هەر ڕووداو و گۆڕانكارییەك ڕێگە لە قووڵتربوونی ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا بگیرێت.
بۆچوونی ئێوە