ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی کوردی: ئەحمەد خاک تینەت نووسەری ئەم کتێبە لە وتوێژێکدا ڕایگەیاند: بۆ نووسینی ئەو کتێبە، هەشت ساڵ و پێنج مانگ هەوڵ و توێژینەوە، بەراوەرد و لێکدانەوەی هەموو جۆرەی ڕیتمم لە رێگەی کۆکردنەوە و تۆمارکردن، هەڵسەنگاندن و دەنگدانەری، ڕاوێژ لە گەڵ پسپۆڕانی ڕیتمگەلی رۆژهەڵاتی، زانایان، ژەنیارانی ناسراوە و ناوچەیی و خێڵەکی بووە.
ڕاشیگەیاند: ڕیتمە کۆکراوەکان بە پێی قۆناغە دێرینەکانی ئێرانی ناو کتێبەکانی سەفی ئەدین ئەرمەوی، فارابی، عەبدولقادر مەراغەیی و گەورەکانی دیکەی مۆسیقای ئێرانی هەڵسەنگێندراون و هەروەها لەباری ژەنیاریی ڕیتمیک و مێلۆدیک ئاور لە قۆناغە مێژووییەکانی تاکژەنیاری و دووژەنیاری و ئۆرکێسترا جۆراوجۆرەکان بە تەرکیز لە سەر دەف و دەفژەنی دراوەتەوە.
نووسەری کتێبی ڕیتمی سووتاو دەرئەنجامی ئەو هەنگاوانەی دۆزینەوەی سەدان خول و قۆناغی مۆسیقایی ڕاگەیاند و ڕوونی کردەوە: ئەو خول و قۆناغە لە ناوچوونانە لە نێوان گەلان و عەشیرە و گوند و شارەکانی تورکیا، عێراق، سووریا، لوبنان، میسر، هیند، وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس و... لە ژێر هەزاران داروپەردوی کەمتەرخەمی و چاوپۆشی دەرکێشراون و هەمدیسان گەڕاونەتەوە باوەشی هەرمانی مۆسیقای ئێرانی و بەو پێیە ناو کتێبەکە "ڕیتمی سووتاو"ی نراوە.
خاک تینەت سەبارەت بە شێوەکانی ئانالیزەکردنی ئەو ڕیتمانە وتی: ڕیتمە دۆزراوەکان لە هەمان بەشی مۆسیقایی خۆیدا ئانالیز و دابەش و شرۆڤە کراون و پاش هەڵسەنگاندنی لە گەڵ ڕیتمەکانی ئیستای مۆسیقای ئێرانی، لە گەڵ نژیارڤانی و شێوەکاری و هونەرە ڕەسەنەکانی دیکەی ئێران لێک دەدرێنەوە و دەسکەوتی ئەو لێکدانەوە داڕشتنی سەد کۆپلەی مۆسیقایی بۆ دەف و دەفژەنییە.
ناوبراو بیری هێنایەوە: لە سەر ئەو بڕوایەم کە ئەو سەد "ڕیتمی سووتاوە" تەنیا تایبەت بە دەفژەنان و ژەنیارانی ئامێری کووبەیی و ڕیتمیک نییە، بەڵکوو بۆ هەموو ئامێرە مێلۆدیک و ئۆرکێستراتییەکانی مۆسیقای ئێرانی کەڵکی دەبێت.
کتێبی ڕیتمی سووتاو لە ٣٥٠ لاپەڕە پێکهاتووە و لە لایەن بڵاوکەرەوەی مەشاهیری هونەر لە تاران بڵاو بۆتەوە و ناوەندی دەروێش خان ئەرکی پەخشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
Your Comment