کاریگەریی گەمارۆکان لە سەر تووشبوانی شێرپەنجە لە ئێران

ئەگەرچی بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن گەمارۆکانی ئەو وڵاتە لە دژی ئێران، کاریگەریی لە سەر هاوردەی دەرمان نابێت، بەڵام پێدەچێ ئەو هاووڵاتیانەی پێویستیان بە دەرمانی هاوردەیە، یەکێکن لە قوربانیانی سزا ئابوورییەکانی واشنتۆن لە دژی ئێران.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کەناڵی یۆرۆنیووز لە ڕاپۆرتێکدا ڕووانییە کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر هاوردەی دەرمان و دۆخی نەخۆشەکانی ئێران بە تایبەت ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانەکانیان بە شێوەی هاوردە دابین دەکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەگەرچی بەرپرسانی ئەمریکی بەردەوام پاگەندەی ئەوەیان کردووە کە گەمارۆکانی ئەمریکا دەرمان و بەربوومی کشتوکاڵی و بابەتە مرۆڤدۆستانەکان لە خۆ ناگرێت، بەڵام بەرێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی خێرخوازیی مەحەک دەڵێت: "بە داخەوە لە کەرتی شێرپەنجەدا بەشێک بەرچاوی دەرمانی منداڵەکان دەچنە ڕیزی ئەو لە سەدا ٥ دەرمانی هاوردەیە کە ئێستا بە هۆی گەمارۆکان زۆر نایاب و گران بوونە".

ئاراس ئەحمەدیان وێرای ڕەخنەگرتن لە پاگەندەی بەرپرسانی ئەمریکی، دەشڵێت: "گەمارۆ دەران بە ئاشکرا دەڵێن کە پرسی مرۆڤدۆستانە و ژیانی نەخۆشانی ئێرانیان نەکردۆتە ئامانج. بەلام بە پێچەوانە ڕێک لەو گەمارۆیانەدا ئەوانەی کە دەڵێن کراونەتە ئامانج و کاریگەریی گەمارۆکان بە تەواوی لە سەر ژیانی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجەدا دیارە".

نرخی هەر دەرزییەک ١٨ ملیۆنە

لەیلا تەقی زادە دایکی کۆڕە چکۆلەیەکی تووشبوو بە شێرپەنجەی جەرگ لە نەخۆشخانەی ڕێکخراوی خێرخوازیی مەحەک دەڵێ: مێرەدەکەم کرێکاری سووپەر مارکێتە و داهاتێکی گونجاوی نییە. لێرە بۆ دابین کردنی دەرمان یارمەتیمان دەدەن و تێچووی دەرمانی ئەو جۆرە نەخۆشیانە زۆر گرانن و تەنیا دەرزییەکەی بە ١٨ ملیۆن تمەنە.

لەوبارەیەوە پەیمان کەیوانفەڕی دەرمانساز لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانەکان ڕایگەیاند: نرخی دەرمان ٤ تا ٥ هێندەی جاران بەرزبۆتەوە و ئەگەر ئەو بەرزبوونەوەی نرخەکان لە گەڵ داهات و ئابووریی خەڵک هەڵسەنگێنن، تێدەگەن کە چەندە دابین کردنی ئەو جۆرە دەرمانانە رۆژ بە رۆژ دژوارتر دەبێت.

تا ئێستە ١٠٠ ملیۆنمان خەرج کردووە

حسێن بەراتی ئەو کرێکارەی هاوسەرەکەی تووشی شێرپەنجەی خوێن هاتووە و بۆ دابین کردنی تێچووەکانی دەرمانی، هەموو ماڵ و ژیانی خۆی فرۆشتووە و لەم و لەو قەرزی کردووە، وێرای گلەیی لەوەی کە دەوڵەت بۆ نەخۆشی تایبەتی خێزانی پاڵپشتی لێ نەکردووە، دەڵێ: بۆ تێچووی دەرمانی هاوسەرم زیاتر لە سەد ملیۆنمان خەرج کردووە و هەمووی ئەو پارەیەشم یان قەرز کردووە یان کەرەسەی ماڵم فرۆشتووە. ئەوە لە کاتێکە من سێ منداڵیشم هەیە.

هەروەها حەمید ڕەزا محەمەدی کە هاوسەر و کچەکەی تووشی نەخۆشیی دیسترۆفی ماسوولکە هاتوون، دەڵێ: دەوڵەتی ئەمریکا وتوویە کە پێشم بە هاوردەی دەرمان نەگرتووە، بەڵام بۆچی هەندێک لێرە چەق دەخەنە بەردەم گەیشتنی دەرمان بە نەخۆشان و بە داخەوە زۆربەی دەرمانە پێویستەکان لە بازاڕدا چنگ ناکەوێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە برایان هۆک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران بە پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و کاریگەریی لە سەر دەرمان و کەرسەی پزیشکی، ئیدعای کردووە کە لە کۆمەڵگای پزیشکی ئێراندا باس لە هومار کردنی دەرمان و جیهازاتی دیکەی پزیشکی لە لایەن ناوەندەکانی سەر بە سوپای پاسداران، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دەرمانەکان، کراوە.

News Code 27691

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha