هاوکاریی پاشای بەحرەین لە گەڵ ئەلقاعیدە و تیمێکی تیرۆریستی لە ئێران

بەڵگە بڵاوبووەکان لە "الجزیره" ئاماژە بە هاوکاریی پاشای بەحرەین لە گەڵ ئەلقاعیدە و تیمێکی تیرۆریستی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران دەکەن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "الجزیره"، بە پێی پلانێکی نهێنی کە لەم دواییەدا ئاشکرا بووە، ڕێکخراوی هەواڵگریی بەحرەین لە ساڵی ٢٠٠٣ هەوڵی داوە بە هاوکاریی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە سەرکردەی بەرهەڵستکارانی بەحرەینی تیرۆر بکات.

بە گوێرەی بەڵگە و دایکۆمێنتەکان، لەو ساڵەدا ڕێکخراوی هەواڵگریی بەحرەین ئەندامێکی باڵای ئەلقاعیدەی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تیرۆر بانگهێشت کردووە و سێ بەرپرسی ئەمنیی ئەو وڵاتەش بە مۆڵەتی ڕاستەوخۆی حەمد بێن عیسا پاشای بەحرەین لەو پلانەدا بەشدار بوونە.

بەڵگەکان نیشان دەدەن کە لە لیستی داواکاری دەوڵەتی بەحرەین بۆ تیرۆر، ناوی رێبەرانی سیاسیی بەرهەڵستکاری بەحرەینی و لەوان "عەبدولوەهاب حسێن" دەبیندرێ. هەروەها لەو بەڵگانەدا هاتووە کە پادشای بەحرەین بۆ رێبەری کردنی ئەو تیمە داوای لە عەرەبستانی سعوودی کردووە کە "محەمەد ساڵح" ئەندامی باڵای زیندانی کراو لەو وڵاتە، ئازاد و ڕادەستی بەحرەینی بکات.

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی بەڵگە ئاشکرا بووەکان پادشای بەحرەین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو گرووپی تیرۆریستیی "ئەنسارولفورقان"ی بۆ سیخۆری و هەڵمەتی تێکدەرانە و تیرۆریستی لە ناو خاکی ئێران پاڵپشتی کردووە. ئەگەرچی "هێشام بەلووچی" سەرکردەی ئەو گرووپە لە ساڵی ٢٠١٥ لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی و ئەمنی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێراندا کوژرا.

ئەو بەڵگانە لە ڕاپۆرتێکی فیلمی – بەڵگەیی لە کەناڵی "الجزیره" بڵاو بۆتەوە و هێشام بەلووچی لە جێیەکی ئەو فیلمەدا دەڵێت: دەزگا ئەمنییەکانی بەحرەین لە ساڵی ٢٠٠٦، بۆ ئەنجام دانی ڕاسپاردە و چالاکی سیخۆری و هەڵمەتی تیرۆریستی لە خاکی ئێران پەیوەندیان لە گەڵدا گرتم. ناوبراو لە درێژەی ئەو گرتەیەدا لە بابەتی ئەگەری کوژرانی لە لایەن دەوڵەتی بەحرەین بە هۆی پێ‌بوونی زانیاریگەلێک، نیگەرانی خۆی دەردەبرێت.

شایانی باسە، تا ئێستا بەرپرسانی پادشایی بەحرەین هیچ کاردانەوەیەکیان بەو ڕاپۆرتەی "الجزیره" نیشان نەداوە. بەڵام پاشایی بەحرەین پێشینەیەکی دوور و درێژی هیە لە دوژمنایەتی و دژایەتی کردنی ئێران و بەرهەڵستکارانی ئەو وڵاتەش بەردەوام لە لایەن دەوڵەتی پادشاییەوە دەکەونە بەر گوشار و بایکۆت و حوکمی قورسی دادگەیی.

News Code 27419

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 6 =