ئەورووپا توانایی پاراستنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی نییە

سەرۆکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بە ئاماژە بەوەی کە یەکێتی ئەورووپا نیشانی داوە، پێگەی پێویستی بۆ پاراستنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان نییە، وتی: لە پرسی ناڤۆکی ئێراندا گەلی جار وتوویانە ئێمە هەین، بەڵام بە کردەوە هیچمان لێ نەدیون.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهاتووی جیهانی ئیسلام لە ئاسۆی ١٤١٤ کە لە هۆڵی عەلامە ئەمنی زانکۆی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران بەڕێوە چوو، وتی: کردنەوەی دیوانی داوەری ئیسلامی بە ئاوردانەوە لە پەرەسەندنی پەیوەندی و بازرگانیی وڵاتانی ئیسلامی پرسێکی زەروورییە و ڕێکخراوی داهاتوو بۆ توێژینەوە لەو بوارەدا هەنگاوی بەرزی هەڵگرتووە.

لاریجانی بە ئاماژە بە گرینگیی بەهرەمەند بوون لەو دەرفەتە، ڕایگەیاند: نابێ لە بیرمان بچێت کە ئاستی ململانێ سیاسی و ئەمنییەکان لە جیهانی ئیسلام ئیستا لە سەرێیە و هاوکات گوشاری وڵاتانی گەورە و بەهێزیش گەلێ جار تەشەنە بەو دۆخە دەدەن.

ناوبراو لە درێژەدا بە داکۆکی لە گەشەی ئابووریی وڵاتانی ئیسلامی و هاوڕیزی لە بازاری بازرگانی، وتیشی: توێژینەوەکان نیشان دەدەن بە شێوەی مامناوەندی هەر وڵاتێکی موسڵمان نزیکەی لە سەدا ٣ی بەرهەمی ناڕەسەنی ناوخۆیی جیهانی بە دەستەوەیە و بەوجۆرە سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی نزیکەی لە سەدا ١٤،٩ی بەرهەمی ناڕەسەنی کۆی جیهانیان پێیە.

سەرۆکی مەجلیس بە ئاماژە بەوەی کە لە بابەتی بازرگانییەوە وڵاتانی ئیسلامی تەنیا  سەدا ٢٠ی لە رێگەی مامەڵەکانیان پێکەوەیە و ئەویتری چاویان لە وڵاتانی نائیسلامییە، ڕاشیگەیاند: هەڵبەت بەشێک لەو ئاستە بە هۆی هەڵکەوتەی جواگرافی و پێداویستیی تەکنۆلۆژی جێی پاساودانە، بەڵام نابێت مامەڵە لە گەڵ وڵاتانی نا ئیسلامی تا ئەو ئاستەش زۆر بێت.

لاریجانی ئاماژەی بە پرسی ئاسایشی جیهانی ئیسلام کرد و جەختی کرد: ئەوڕۆکە دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و خود ناوچەکە زۆر زیادی کردووە و ئێستا لە گەڵ چەندین وڵات خەریکی بەرهەم هێنان و پەرەدان بە تیرۆریزمن و وڵاتانێکی زۆریان لەو کێشەیە وەرداوە و زیانێکی ئابووریی زۆریان بە ناوچە گەیاندووە.

ناوبراو بە ئاماژە بە ڕۆڵی گرووپە دژە شۆڕشەکان وەک دارەدەستی زلهێزان و داگیرکەران، ڕوونی کردەوە: سەردەمانێک سەدام لە رێگەی ئەو گرووپانەوە هێرشی دەکردە سەر ئێران، بۆ وێنە قاسملوو وەک سەرکردەی یەکێک لەو گرووپانە باس لەوە دەکات کە چۆن عێراقییەکان پێیان وابووە لە ماوەی حەوتەیەک تاران دەگرن و ئەو پێی وتوون کە ئەو شتە نامومکینە و هیچکات خەڵکی ئێران رێگەی پێشڕەوی لە خاکی خۆیان بە ئێوە نادەن.

لاریجانی سەبارەت بە هاندانی گرووپگەلی تیرۆریستی لە لایەن ئەمریکاوە جەختیشی کرد: ڕەنگە پێکهێنانی گرووپگەلی تیرۆریستی بە پارە و داڕشتەی ئەمنییەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام رێنوێنیی چیتر بەوان نییە. بۆ وێنە ئەوان لە کاتێکدا بەرەنگار داعش دەبنەوە کە خۆیان بەرهەمیان هێناوە. ئەوە نیشان دەدا کە ئەوان هێشتا جیهانی ئیسلامیان نەناسیوە و ڕەنگە ئێستا داعش لە هەموو ناوچەکانی سووریا و عێراق شکست درابێت، بەڵام ئەندێشەی داعشی ڕیشەکێش نەبووە.

سەرۆکی مەجلیس سووکایەتی بە وڵاتان لە لایەن ئەمریکای بە هۆکاری پەرەسەندنی دژایەتی و نفرەت زانی و وتی: ئەمریکا خۆی داوای دانوستانی کرد و پاش دوو ساڵ ڕێککەوتنی ناڤۆکی واژۆ کرا، بەڵام هەر خۆیان بە سازدانی هەڕوهەنگامە پابەندیی خۆیان بردەوە ژێر پرسیار و لەو ڕێککەوتنە کشانەوە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لە هەڵوێستی سەرکردەکانی عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە هاوڕێی کردنی ئەمریکا بۆ گەمارۆی نەوتی ئێران کرد و ڕایگەیاند: هەندێک لە وڵاتانی ناوچە باش بزانن کە گەلی ئێران کردار و هەڵوێستی ئەوان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەدا لە بیر ناکات و کاتی خۆیان وەڵام دەدرێنەوە. وادیارە هەندێک قسەی ژیرانە نافامێنن.

لاریجانی ئاماژەی بە ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم وڵاتانی ئیسلامی بە ناوی ئەمریکا کرد کە بە پڕچەککردنی دوژمنان و گرووپگەلی تیرۆریستی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا خەریکی زیان گەیاندن بە ئێمە و پاساودانی هەر جۆرە جەنایەتێکی وەک کوشتنی خاشقجی و ڕوداوەکانی سەریلانکا و ئیعدامی ٣٧ کەس لە عەرەبستانە و ڕاشیگەیاند: دەرگای دانوستان هەمیشە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوەیە. بەڵام کردار و هەڵوێستی لایەنەکانی بەرامبەر بەردەوام بۆتە هۆی پەرەسەندنی بێزاری و نەفرەت لە جیهانی ئیسلامدا.

سەرۆکی مەجلیس جەختی لەوەش کرد: لەمناوە یەکێتی ئەورووپاش نیشانی داوە کە پێگەیەکی گونجاوی بۆ پاراستنی پەیماننامە و ڕێککەوتنەکان نییە. ئاوەها کە لە پرسی ناڤۆکیدا گەلی جار پێیان وتووین کە ئێمە هەین، بەڵام بە کردەوە هیچیان بۆ نەکردووین. یەکێتی ئەورووپا توانای چارەسەریی ئەو کێشانەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نییە.

News Code 26257

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 6 =