سه‌رهه‌ڵدان و مه‌رگی داعش

گرووپی تیرۆریستی داعش هاوکات له‌گه‌ڵ هێرشی کورده‌کانی سووریا بۆ سه‌ر دوایین مۆڵگه‌ی داعش له‌ سنووری سووریا و عێراق، ڕووبه‌ڕووی دوایین شکستی خۆی بووه‌ته‌وه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر ، هه‌واڵده‌ریی‌ ڕۆیتیرز له‌ خشته‌یه‌کی زه‌مه‌نیدا باسی سه‌رهه‌ڵدانی خێرا، زاڵ بوونی زاڵمانه‌ و ڕووخانی ورده‌ ورده‌ی داعشی کردووه‌.

۲۰۰۴ تا ۲۰۱۱ - له‌ شڵه‌ژاویی پاش هێرشی پاڵپشتی کراوی ئه‌مریکا له‌ عێراق، لقێک له‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا دروست بوو و له‌ ساڵی ۲۰۰۶ ناوی خۆی بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق گۆڕی.

۲۰۱۱- پاش سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سووریا، ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی، ڕێبه‌ری ئه‌م گرووپه‌ ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌کانی بۆ ڕێکخستنی لقێک له‌ سووریا نارد. به‌غدادی له‌ ساڵی ۲۰۱۳ له‌ ئه‌لقاعیده‌ جودا بووه‌وه‌ و ناوی گرووپه‌که‌ی به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (داعش) گۆڕاند.

۲۰۱۴- سه‌رکه‌وتنی له‌ناکاویان به‌ داگیرکردنی فه‌لووجه‌ له‌ عێراق و ڕه‌قه‌ له‌ سووریا له‌ ماوه‌ی ساڵێکدا، ده‌ستپێده‌کات. ئه‌م تیرۆریستانه‌ مووسڵ و ته‌کریتیان له‌ ژوئه‌ن داگیر کرد و به‌ره‌و سنووری سووریا که‌وتنه‌ جووڵه‌. ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی له‌ مزگه‌وتی جامیعی مووسڵ ناوی ئه‌م گرووپه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی گۆڕاند و خه‌لافه‌تی ڕاگه‌یاند.

 له‌و کاته‌وه‌ زاڵ بوونێکی تۆقێنه‌ر ده‌ستیپێکرد. ئه‌م گرووپه‌ له‌ عێراق هه‌زاران ئێزدیان له‌ شه‌نگال کوشت و زیاتر له‌ ۷۰۰۰ ژن و کچیان وه‌ک کۆیله‌ی سێکسی به‌ یه‌خسیری گرت. داعش له‌ سووریا سه‌دان که‌س له‌ هۆزه‌ شیعه‌کانی کوشت و بارمته‌ بیانییه‌کانی سه‌ربڕی و فیلمی لێیان بڵاوکرده‌وه‌.

 مانگی سپته‌مبه‌ر، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان ئیتیلافێکی دژی داعش دروست کرد و هێرشی ئاسمانی کرده‌ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش و یارمه‌تی کورده‌کانی سووریای دا که‌ داعش له‌ کۆبانی له‌ سنووری سووریا و تورکیا ده‌رپه‌ڕێنن.

۲۰۱۵- میلیشیاکانی داعش له‌ پاریس هێرشیان کرده‌ سه‌ر نووسینگه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌کی حه‌نه‌ک و مارکێتێکی جووله‌که‌کان و ئه‌مه‌ش ده‌ستپێکی شه‌پۆلێک له‌ هێرشه‌کان بوو که‌ داعش له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان به‌رپرسیارێتیانی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرت.

میلیشیاکان له‌ لیبیا مه‌سیحییه‌کانیان سه‌ربڕی و به‌یعه‌تیان به‌ داعش ده‌کرد و چه‌ندین گرووپی دیکه‌ش له‌ وڵاتانی دیکه‌ ئه‌م ره‌وته‌یان گرته‌به‌ر به‌ڵام له‌ ئۆپراسیۆنه‌کانیاندا خۆیان سه‌ربه‌خۆ بوون.

مانگی مه‌ی، داعش ڕه‌مادی عێراق و شاری مێژوویی پاڵمیرای له‌ سووریای داگیر کرد به‌ڵام تا کۆتایی ساڵ دۆخی ئه‌و دوو وڵاته‌ که‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

۲۰۱۶-  عێراق له‌ مانگی ژوئه‌ن فه‌لووجه‌ی له‌ داعش وه‌رگرته‌وه‌؛ ئه‌مه‌ یه‌که‌م شارێک بوو که‌ داعش له‌ سه‌رکه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیدا وه‌ده‌ستی هێنا. مانگی ئووت، هێزه‌کانی سووریای دیمۆکرات به‌ پاڵپشتی ئه‌مریکا و به‌ ڕێبه‌ری شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌، مه‌نبه‌جی سووریایان له‌ داعش وه‌رگرته‌وه‌.

 تورکیا به‌ پێشڕه‌وی کورده‌کان له‌ نزیکی سنووره‌کانی هۆشی به‌خۆیدا هاته‌وه‌ و ئۆپراسیۆنێکی دژی داعش و هه‌روه‌ها یه‌په‌گه‌ش له‌ سووریا ڕێخست.

شه‌ڕ و دوژمنی نێوان تورکیا و یه‌په‌گه‌ ئۆپراسیۆنه‌کان دژی داعشی دژوارتر ده‌کات.

 ۲۰۱۷- داعش ساڵێک شکستی زۆر قورسی به‌سه‌رداهات. مانگی ژوئه‌ن کۆنتڕۆڵی مووسڵ که‌وته‌ ده‌ست هێزه‌کانی عێراق و پاش چه‌ند مانگ به‌غداد رایگه‌یاند که‌ خه‌لافه‌تی داعش له‌ عێراق ڕیشه‌کێش بووه‌.

مانگی سپته‌مبه‌ر، سوپای سووریا به‌ پشتیوانی ڕووسیا و ئێران خێرا به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ جووڵا تا کۆنتڕۆڵی ده‌یره‌زوور به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و دووباره‌ بیخاته‌وه‌‌ سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق له‌ نزیک ڕووباری فورات. مانگی ئۆکتوبر هێزه‌کانی سووریای دیمۆکرات چه‌کدارانی داعشیان له‌ ڕه‌قه‌ ده‌رکرد.

۲۰۱۸- ده‌وڵه‌تی سووریا یه‌رموک له‌ باشووری دیمه‌شق و له‌ نزیکی به‌رزاییه‌کانی گوڵانی داگیرکراوی ئیسرائیل له‌ داعش وه‌رگرته‌وه‌. پێشڕه‌وی هێزه‌کانی سووریای دیمۆکرات به‌ره‌و باشووری فورات به‌رده‌وام بوو و هێزه‌کانی عێراق دیکه‌ی ناوچه‌کانی ئه‌م سنووره‌یان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت. ئه‌مریکا به‌ڵێنی دا هێزه‌کانی له‌ سووریا بکشێنێته‌وه‌.

۲۰۱۹- داعش  ئێستا له‌ دوایین مۆڵگه‌ی خۆیدا له‌ فورات گه‌مارۆ دراوه‌ و هه‌سه‌ده‌ له‌ گوندی باغۆز چه‌کدارانی داعشی ده‌وره‌داوه‌ و نزیکه‌ بۆ هه‌میشه‌ کۆتایی به‌ داعش بێت.

News Code 25346

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 9 =