بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کتێبی کۆمەڵە شێعری "رۆژباش دیکتاتۆر" هۆنراوەی بێهزاد ئەحمەدی شاعێر و رۆژنامەنووسی سنەیی لە دووتۆی ١١٣ ڵاپەڕە لە درێژەی پڕۆژەی "شێعری هاوچەرخی کوردی" لە لایەن بڵاوکەرەوەی گوتار چاپ و بڵاوبۆوە.
بێهزاد ئەحمەدی سەبارەت بە ناوەڕۆکی شێعرەکانی ئەم کۆمەڵە وتی: "ڕۆژباش دیکتاتۆر" وەک یەکەم ئەزموونی بڵاوکراوەی شێعریم، تەوسێکی تاڵە کە ڕووبەڕووی دیکتاتۆریەتی ناخی مرۆڤی کورد و تاکی کۆمەڵگەی ئێمە دەبێتەوە.
وتیشی: "رۆژباش دیکتاتۆر" بۆ من پڕە لە نۆستالۆژیای وشە و هانم دەدات نیگەرانی هەندێ موتیڤی سەرەکیی وەک عەشق، ژن، مەرگ و نیشتمان بم.
ئەحمەدی ئاماژەی بەوەش دا: لەم شێعرانەدا زۆر جار دەکەومە ناو گێژەنی زمانی فەلسەفی و فەلسەفەی مەرگەوە، بەڵام دواتر ئەوە تەنیا ئیستاتیکای شیعرە ڕزگارم دەکات.
"رۆژباش دیکتاتۆر" لە لایەن دوکتۆر ئومێد وەرزەندە مامۆستای زانکۆ، ڕەخنەگر و وەرگێڕی بە توانای کورد پێشەکی بۆ نووسراوە و وێنەی ڕووبەرگەکەشی بەرهەمی هونەرمەندی ناسراوە "فەردین سادقئەیووبی"یە.
Your Comment