کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا کوردەکان لە دەوڵەتی دیمەشق نزیک دەکاتەوە

باڵویزی پێشووی تورکیا لە ئەمریکا لای وایە پاش دەرچوونی ئەمریکا لە سووریا، هاوکاریی ئێران، تورکیا و ڕووسیا زەروورییە و هەروەها دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی کوردی سووریا لە دەوڵەتی دیمەشق.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – پەیمان یەزدانی: پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەربازانی ئەمریکی لە سووریا دەباتە دەرێ، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیاش لە باکووری سووریا و لە دژی هێزە کوردییەکان دوا خرا.

لە ئێستاشدا ئەکتەرانی سەرەکی لە سووریا خەریکی لێکدانەوەی دۆخی هێزەکانیان بۆ درێژەی شەڕ لە دژی پاشماوەی تیرۆریستانی داعشی لە دوای دەرچوونی ئەمریکا لە سووریان.

"عوسمان فارۆق لۆغ ئۆغڵۆ" جێگری پارتی کۆماری گەل (CHP)ی تورکیا و باڵوێزی پێشووی تورکیا لە ئەمریکا لە پەیوەندی لە گەڵ هۆکارەکانی ئەمریکا لە بابەتی پاشەکشێی لە سووریا بە هەواڵنێری مێهری ڕاگەیاند: لە کاتێکدا کە ئەمریکا زۆر درەنگ بڕیاری پاشەکشێی لە سووریا داوە، بەڵام دەرچوونی بە تەنیا بە مانای ڕەخسانی دۆخی گونجاو و لەبار لە سووریادا نییە، چونکە هێشتا وڵاتانی رۆژئاوایی لە سووریادان.

ڕاشیگەیاند: لە لایەکی دیکەوە ترامپ دەیەوێ بەو کارە سەرنجی خەڵکی ئەمریکا لە کێشەگەلی ناوخۆیی بە لارێدا ببات و هەروەها بە ئاوردانەوە لە دەسپێکی وەرزی پشوودانەکان لە ئەمریکادا بە گەڕاندنەوەی سەربازانی ئەمریکی بۆ زێد و ماڵی خۆیان، ڕەزامەندیی بەشێک لە بنەماڵەکانی ئەمریکیی بە دەست هێناوە و لەو رێگەوە دەیەوێ گوشارەکان بە هۆی تێچووگەلی شەڕی دژی داعش کەم بکاتەوە و ئەو کارانە لە پێناو دروشمی "سەرەتا ئەمریکا"ی ترامپە.

فارۆق ئۆغڵۆ لە پەیوەندی لە گەڵ دەرئەنجامی پاشەکشێی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا وتی: ئەگەر ئەو پاشەکشێیە تۆکمەکردنی ڕەوتی گفتوگۆگەلی ئاشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سووریای لە ژنێڤ بە دواوە بێت، دەتوانێ هەڤیازی و بەرژەوەندییەکی لێ بکەوێتەوە. کەواتە تورکیا دەتوانێ دەرچوونی ئەمریکا لە سووریا بۆ خی بکاتە دەرفەتێک و بە گوشارخستنە سەر کۆمیتەی دەستووری سووریا، گفتوگۆ و دانوستانەکان لەوبارەیە دەست پێبکات.

ناوبراو وتیشی: ترامپ بە دەرچوون لە سووریا، شەڕی دژی داعش ڕادەستی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی و بە تایبەت تورکیا دەکات، چونکە وەک خۆی لە تویتەکەیدا وتوویەتی لای وایە کە ئەردۆغان کەسێکە کە داعش شکست دەدات.

جێگری جەهەپە ئاماژەی بەوەش دا: بەو پێیە لە ئێستادا تورکیا لە شەڕی تیرۆریزم بەرەوڕووی دوو بەرەیە کە یەکیان داعش و ئەوی دیکە یەپەگە/ پەیەدەیە کە بە بڕوای ئەنقەرە گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە پەکەکە لە سووریایە. بە واتایەکی دیکە بڕیاری ئەمریکا بۆ دەرچوون لە سووریا دەبێتە هۆی ئەوەی یەپەگە/ پەیەدە لە دەوڵەتی سووریا نزیکتر بێتەوە و کەواتە هەر جۆرە هەڵمەتێکی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا دەتوانێ بەرەوڕووی هاوپەیمانیی نوێی هاوبەشی سوپای سووریا و هێزەکانی یەپەگە/ پەیەدە بێتەوە.

باڵوێزی پێشووی تورکیا لە ئەمریکا هەروەها سەبارەت بە گرینگیی هاوکاریی زیاتری تورکیا، ئێران و ڕووسیا پاش گۆڕانی یاریی ئەمریکا لە سووریا و دەرچوونی لەو وڵاتەدا ڕایگەیاند: لەوە بە دوا کە ئەمریکا یاریی خۆی لە سووریا گۆڕیوە، هاوکاریی نزیکی نێوان تورکیا، ڕووسیا و ئێران زۆر زەروورییە. بۆ وێنە لە بابەتی نیگەرانییەکانی تورکیا و ئەو هەنگاوانەی کە پێشتر لە لایەن سێ وڵاتەوە لە پرسی سووریادا هەڵگیراوە.

لۆغ ئۆغڵۆ هەروەها لەبارەی ڕۆڵی عەرەبستان لە بنیاتنانەوەی سووریا و ڕۆڵی تێکدەرانەی سعوودییەکان و سیاسەتەکانیان لە نزیکیی سنوورەکانی تورکیا، ڕوونی کردەوە: کاتێک ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا جێگر ببێت، قۆناغی بنیاتنانەوەی سووریا هەنگاوێکی گەورە دەبێت. هەڵبەت ئەوە دەروەستی بە دەوڵەتی سووریاوە هەیە کە لە چ دۆخێکدا و چۆن ئەو کارە بە ئەنجام دەگەیێنێت. عەرەبستانی سعوودیش هەر وەک وڵاتانی دیکە دەتوانێ لە بنیاتنانەوەی سووریا ڕۆڵ بگێڕێت و ئەوە کێشەی نییە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کرد کە سووریا هەمیشە بۆ تورکیا بە گەل و دەوڵەتەکەیەوە درواسێیەکە و لە لایەکی دیکەوە پێویستە تورکیا ستراتژیی خۆی بۆ سەردەمی پاش شەڕ لە سووریا گەشە پێبدات و ڕۆڵی سەرەکیی خۆی لە بنیاتنانەوەی سووریادا بگێڕێت.

News Code 23900

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha