AP ١٣٩٤ ڕەشەمە ١٢ ٠٩:٣٨

کاتێک قەڵافەت، دێتە هانای ناوبانگەوە؛

ئەو یاریزانانەی کە بە ڕۆخساری لە بیرنەکراو ناوبانگیان دەرکرد

ئەو یاریزانانەی کە بە ڕۆخساری لە بیرنەکراو ناوبانگیان دەرکرد

یاریزانانی تۆپی پێ بە هۆی سەرکەوتنە تەکنیکییەکان پێشدەکەون، بەڵام هەندێک لەوان بە هۆی ڕۆخساری تایبەتیانەوە، ناسراوە یان ناسراوەتر بوون و درەنگتر لە زەینی لایەنگرەکانیان دەسڕێنەوە.

گۆڤاری مێهر- ئەمیر موحێب مەلەکی: تۆپی پێ پڕلایەنگرترین وەرزشی جیهانە کە لە ڕکابەرییە جیهانییەکان تا ڕکابەریی یانەگەلی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا خاوەن لایەنگری تایبەتی خۆیەتی. زۆربەی ئەندامانی تیمەکان، کەسانێکی ناسراوەی ناو وڵاتی خۆیان یان لە ئاستی جیهانین، هەڵبەت نەک ئەوەندەی یاریزانان؛ واتە کەسانێک کە بە هۆی هەڵسوکەتیان لە چوارگۆشە و تەشکی سەوزدا و هەندێکی دیکەیان بە هۆی کردار و ڕوخساری تایبەتیان، لە ئاستی ناوچەیی و بان ناوچەیی ناوبانگیان دەرکردووە.

هەندێک لە یاریزانان بە هۆی کێشەگەلی لەشینە و بیروباوەری تایبەت بە ڕۆخسارگەلێکی تایبەتی ئامادەی زەویی یاری دەبن و هەندێکی دیکە بە پەنابردنە بەر کارگەلێکی پەرواێزی هەوڵ دەدەن لاوازی و سستیی تەکنیکیی خۆیان لە ژێر سێبەری ڕواڵەتی سەیروسەمەرەیاندا، کە گەلێ جار بۆخۆیانی دروست دەکەن، بشارنەوە؛ پەراوێزگەلێکی تایبەتی کە زیاتر لە پرسە تەکنیکییەکان دەکەوێتە بەر سەرنجی میدیاکان و لایەنگرانیان. تەنانەت "دانیەل جانسوون" بە هاوکاریی یەکێک لە ماڵپەڕەکانی هەواڵ، "گرێد موولێر" بە قژی درێژ و تایبەتیی، "فڕانس پووشکاش" بە قژی ژێل لێدراوە و هەڵدراوەی، "پیتێر دیژتل" بە قژی ئاڵۆز و سەروڕیشی سەیروسەمەرەی کە ڕواڵەتێکی ترسێنەری بە ڕۆخساری بەخشێوە و ... لە ساڵانی بەر لە دەیەی ۱۹۹۰ لە تەشکی سەوزدا ئامادە دەبوون، بەڵام بەهادان بە ڕواڵەت و ڕۆخساری یاریزانان لە یۆرۆ ۱۹۸۸ و جامی جیهانی ۱۹۹۰ زیاتر پەرەی سەند؛ واتە لەو کاتەوە کە کەسانی وەک رۆدگۆلیت، کارلۆس ڤالدێراما و ... بە ڕۆخساری سەیروسەمەرە و تایبەتییەوە لە پەنای توانستی باڵای تاکەکەسییان پەرەیان دا بە پەراوێزەی کێبەرکێکانی یاریی تۆپی پێ.

 

گۆلیت، هێرشبه‌رێک بە قژی چنراوەوە

لە نێوان ئەستێرەکانی تەشکی سەوز "رۆد گۆلیت" یاریزانێکە کە جگە لە ناسراوەیی جیهانی بە هۆی توانستە تایبەتییەکانی، بە هۆی هەوڵە مرۆییەکانیشی ناسراوە و بە ناوبانگە؛ یاریزانێک کە لە گەڵ هۆلەندا بووە پاڵەوانی یۆرۆ ۱۹۸۸ و خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی ئەورووپا و جیهانی لە ساڵی ۱۹۸۷ مسۆگەر کرد. ئەو لە سەردەمی زەختی ئاپارتاید، بۆ شەڕ لە دژی ڕەگەزپەرەستی و بەرگری لەو ڕەش پێستانەی کە کەوتبوونە بەر ستەم و چەوسانەوە، قژی خۆی درێژ کرد و چنی و تەنانەت خەڵاتی خۆی پێشکەشی نێلسۆن ماندێلا کە لەو کاتدا لە زیندان بوو، کرد. گۆلیت گەرچی دوای کۆتایی سەردەمی یاریزانیی قژی کورت کردەوە، بەڵام هێشتاش وەک کەسایەتییەکی بەرچاوی وەرزشی و سیاسی دەناسرێت.

 

بێکام، یاریزانی مۆدێلینگ

ئەستێرەی پڕ لایەنگری تۆپی پێی ئینگلتەرا لە پەنای گەنایدن و تۆپ خستنی وێستگەیی وردبینانە، بە هۆی شێوەزاری تایبەتی و مۆدی قژی، خاوەن لایەنگرێکی بەرفراوانە. دەیڤید بێکام هەتا ئەمڕۆ هەمووجۆرە مۆدێلێکی قژ و تاتۆی تاقی کردووەتەوە و گەر لە بری مۆدێل بوون، بەهای زیاتری بە تۆپی پێ دەدا، فەخر و شانازییەکی زۆرتری بۆ خۆی مسۆگەر دەکرد. یەکێک لە نائاسایی‌ترین مۆدە قژەکانی بێکام، مۆدی کەڵەشێریی لە ساڵی ۲۰۰۷ بوو، بەڵام ئەو خێرا ئەم مۆدەی گۆڕی، چونکا بوو بە هۆی دەرکرانی چەند منداڵ لە قوتابخانە بە تاوانی لاسایی کردنەوەی مۆدی قژی ئەو. بێکامی یاخی لە ساڵی ١٩٩٨، زێڕین لە ساڵی ۱۹۹۹، برۆ هەڵگیراو لە ساڵی ۲۰۰۳ و شکست خواردوو لە یۆرۆ ۲۰۰۴ و شادی ئەم رۆژانە، کەسێکە کە لە پەنای گۆڕینی ڕواڵەتی ڕۆخساری خۆی، لە ساڵانی دوای کۆتایی سەردەمی یاریزانی زۆرتر ڕووی کردووەتە کاروباری خێرخوازی و تەنانەت ڕۆڵێکی گرینگی لە وەرگرتنی میوانداریی ئۆلەمپیکی ۲۰۱۲ بۆ وڵاتی ئینگلتەرا بووە.

 

داڤیدز، پیاوی چاویلکەیی

ئیدگار داڤیدز کە بە پیاوی چاویلکەیی تۆپی پێی هۆلەندا ناسراوە، دوای نەشتەرگەری لە سەر چاوی لە ساڵی ١٩٩٩ ناچار بوو بۆ درێژەدان بە یاریی تۆپی پێ بە چاویلکەییەکی تایبەتی بەشداری کێبەرکێکان بێت. هەندێک لایان وایە خێڵێکی زۆر لە لایەنگرانی ئەو یاریزانە بە هۆی چاویلکەکەی خۆشیان دەوێ، بەڵام خۆی دەڵێت کە  لەو چاویلکەیە بۆ پاراستنی چاوەکانی کەڵک وەردەگرێت، بەڵام هەر ئەم چاویلکەیە تایبەتی‌تری کردووە. داڤیدز کە یەکێکە لە ئۆستوورەکانی تۆپی پێی هولەندا، ڕێک وەک گۆلیت قژی بەپەلکە دەکات و دەیچنێ.

 

باجۆ، بوودای کڵک ئەسپی

هۆگری بە یووگا و ئایینەکانی بوودایی و بەخشینەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ۱۹۹۳ بە مامۆستای یووگای خۆی، هاوکاتی نمایشی فیلمی "بوودای چکۆلە"ی بێرتۆلۆچی بوونەتە هۆی ئەوەی کە "ڕۆبێرتۆ باجیۆ" لای لایەنگرانی ناوی "بوودای چکۆلەی" لێ بنرێت. ئەم ئەستێرە بە قژی کلک ئەسپی ئیتالیای لە جامی جیهانی ١٩٩٤ تا پلەی پاڵەوانێتیی جیهان برد، بەڵام لە فیناڵدا دوا پنتاڵتییەکەی لە دەستدا، تا جامەکە بەر بەرازیل بکەوێت. ئەو لە تیمی زێڕینی ئیتالیا کە پێکهاتبوو لە بارسێی، مالدینی، کاستاکورتا، ئاڵبێرتینی، دۆنادۆنی و ... بە هۆی توانستی تەکنیکی و هەڵبەت ڕواڵەتی دڵگرانەی ناوبانگێکی زۆری بە دەست هێنا، بەڵام بە هۆی ناکۆکی لە گەڵ جیۆڤانی تراپاتۆنی دەرفەتی بەشداری لە جامی جیهانی ۲۰۰۲ ی لێ زەوت کرا.

 

ریبێری، ڕوومەت برینداری ناسراوە

لە سەرەوەی لیستی یاریزانانی تایبەتیی ئەم رۆژانەی تۆپی پێی جیهان دەکرێت ئاماژە بە ناوی "فڕانک ریبێری" بکرێت، یاریزانێک کە لە دوو ساڵانەدا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە گەل لۆرییەکدا، بە توندی بریندار بوو، بەڵام بە هەوڵی پزیشکان توانی لە مەرگ بگەڕێتەوە، گەرچی دەموچاوی نزیک بە ١٠٠ بەخیەی هەڵگرت. ئەم هێرشبەرە تەواو تەکنیکییەی تیمی نەتەوەیی فەڕەنسا و یانەی بایرن مۆنیخی ئاڵمانیا گەلێ جار لە سەر دەموچاوی نەشتەرگەریی پەلاستیکی ئەنجام داوە، بەڵام هێشتاکەش بە پێچەوانەی کەسایەتیی زۆر هێمنی، ڕواڵەتێکی زۆر تووڕە و تا ڕادەیەک ترسێنەری هەیە.

فڕانک لە ساڵی ۲۰۱۳ بووە باشترین یاریزانی ۲۰۱۳ ی ئەورووپا، بەڵام لە ڕکابەری لە گەڵ ڕۆناڵدۆ و مێسی نەیتوانی تۆپی زێڕینی جیهان بباتەوە. ریبێری لای لایەنگرانی وەک "فیراری ریبێڕی" ناسراوە و ماڵپەڕیکی فەڕەنسی ئەوی وەک ناحەز‌ترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان ناساند.

 

چێک، گۆڵپارێزێک بە کڵاوی تایبەتەوە

لە خولەکی سەرەتایی یاری چێلسی – ڕدینگ لە رۆژی ١٤ی ئاکتەوبری ساڵی ٢٠٠٦ ڕووداوێکی دڵتەزێن لە زەویی تۆپی پێدا ڕووی دا؛ پێکانی تووندی چوکی ستفان هات هێرشبەری ڕدینگ لە سەری پیتێر چێک بووی هۆی برینداربوونی و پاش ١٠ رۆژ خەواندن و نەشتەرگەری و دانانی دوو کۆپلەی کانزایی لە کاژەڵەی سەریدا، چێک لە نەخۆشخانە هاتە دەرێ. ئەو کە گەلێ جار ڕاگەیاندبوو کە هیچی لەو پێکانە لە بیر نەماوە لە ژانڤییەی ساڵی ٢٠٠٧ەوە بە کڵاوێکی پارێزەری تایبەتیی یاریی ڕاگبی گەڕاوەتەوە بۆ یارییەکان تۆپی پێ. کڵاوێک کە فۆمی پۆلیمێڕیی زیاتری بە نیسبەت کڵاوە ئاساییەکانی دیکە هەیە و ئەوەش بۆ پاراستنی زیاتری سەریەتی. چێک لە تەواو ئەم ساڵانەدا و لە کۆی پێشبڕکێکانی هەر بەو کڵاوە هەنگاوی ناوەتە ناو مەیدانەوە تا بە گۆڵپارێزی کڵاودار ناوبانگ دەرکات.

 

ڤالدێراما، شێری کۆلۆمبی

یاریزانی ناسراوەی تۆپی پێی کۆلۆمبی کە لە سێ خولی جام جیهانیدا بەشداربووە و بە ڕواڵەتی تایبەتی و کاریزمایەوە لە ناوەرواستی مەیداندا خۆی نیشان دەدا. کارلۆس ڤالدێراما کاپیتانی ژمارە ١٠ی تیمی نەتەوەیی کۆلۆمبی بە هۆی قژە ئاڵۆز و درێژ و ئاڵتوونی ڕەنگەکەی ناوبانگی دەرکرد، ئەو یاریزانێکی بەرز و بەئەدەب بوو کە شێوەی پاس دانی، کاتێک کە دەیڕوانییە لایەک و بۆ لایەکەی دیکە پاسی دەدا، دوای ئەو لە لایەن ڕۆناڵدینیۆی بەرازیلی لاسایی دەکراوە. ئاستی خۆشەویستیی ئەم یاریزانە لە کۆلۆمبیا بە ڕادەیەک بوو کە پەیکەرەیەکی لەو وڵاتە لێ دروست کرا و لە یەکێک لە مەیدانە سەرەکییەکانی پێتەختی کۆڵۆمبیادا دابەسترا.

 

وێست، بە قژی هاوڕەنگەوە

یەکێک لە سەیروسەمەرەترین شێوازەکانی قژی یاریزانان لە مێژووی تۆپی پێ تایبەت بە "تاریبۆ وێست"ە کە بە گۆڕینی ڕەنگی قژی بە ڕەنگی جلی بەری، دەنگ و قاڵێکی زۆری لە میدیاکاندا ساز دابوو، بە تایبەت کاتێک یاری بۆ ئینتێرمیلان دەکرد.

ئەو دەچووە هەر تیمێک، دوو پەلکە لە قژی ناوەرواستی سەری بە ڕەنگی جلی ئەو تیمە دەردێنا، تەنانەت کاتێک کە سەری بریندار بوو و ناچاربوو سەری ببەستێت، ئەو دوو پەلکە سەوزەی بە دەرەوە هێشتەوە و داینەبۆشی. وێست دوو ساڵی ڕابردوو و لە کۆتاییەکانی یاری تۆپی پێی بوو بە یاریزانی یانەی پەیکانی تاران، بەڵام بە هۆی پێکان و زیانپێ‌گەیشتوویی تەنانەت یارییەکیشی بۆ ئەو تیمە ئەنجام نەدا.

 

لالاس، یاریزانی گۆرانیبێژ

جامی جیهانی ۱۹۹۴ بە میوانداریی ئەمریکا بەڕێوەچوو کە لەو جامەدا بەرگریکاری تیمی میواندار واتە "ئالێکسی لالاس" بە ڕواڵەتێکی سەیروسەمەرە – سەروڕیشی درێژ و ڕەنگکراو- بەشداری یارییەکان بوو، هەمووان ئەویان بە هۆی قەڵافەت و ڕواڵەتی سەیروسەمەرەی لە بیرە. ئەو ئەندامی یەکێک لە باشترین تیمەکانی مێژووی ئەمریکا بوو کە لە ساڵی ۲۰۰۶ ناوی لە تەلاری کەسایەتییە ناسراوەکانی تۆپی پێی ئەو وڵاتەدا تۆمار کرا. ئەو لە پەنای تۆپی پێ تامەزرۆی مۆسیقایە و بەر لە جامی جیهانی ١٩٩٤ ئەلبۆمێکی خۆی بڵاوکردبووەوە. ڕواڵەتی ئەم یاریزانە پاش کۆتایی سەردەمی یاریزانی گۆڕانی بەسەرداهات و ئەمڕۆکە بە ڕواڵەتێکی جێ‌پەسەندتر و وەک شرۆڤەکارێکی تۆپی پێ لە گەڵ کەناڵە وەرزشییەکانی ئەمریکا هاوکاری دەکات.

 

ژاویێر، کەشتیوانێک بە ڕواڵيتێکی سەیرو سەمەرە

یاریزانی پێشووی تیمی نەتەوەیی پورتەغاڵ بە ئارایشی سەیروسەمەرەی قژەکانی، زۆرتر لە کەشتیوانێک دەچوو. "ئابێل ژاڤیەر" لە کاتی یاریزانیشدا زۆرتر بە هۆی مۆدێلی قژەکانی دەکەوتە بەر سەرنج و نەک بە هۆی تەکنیکی یاری کردنی، هەر بۆیە لە جیهانی تۆپی پێدا کەمتر وەک کەسایەتییەکی تۆپی پێ ناوی لێ‌دەبرێت. ئەو تەنیا لە یۆرۆ ۲۰۰۰ دا واتە ئەو کاتەی ئەندامی یانەی نەتەوەیی پورتەغاڵ بوو، یارییەکی باشی دەکرد و لەو ساڵانەدا تیمگەلێکی زۆری گۆڕێ. ژاڤیەر بۆ ماوەیەک بوو بە سەرڕاهێنەری تیمی نیشتمانیی موزابیک و تەنانەت پارەکەش قسە لە ئامادەبوونی لە ئێران بۆ ڕاهێنانی تیمی پرێسپۆلیسی باکوور دەکرا کە نەگەیشتە قۆناغی کردەکی.

 

ڕاڤانێلی، پیری ماش و برنجی

کاتێک هاتە یوڤانتۆس، ٢٤ ساڵی بوو بەڵام قژە ماش و برنجییەکەی کە ڕووه‌وسپی دەچوو، تەمەنی زیاتر نیشان دەدا. "فابریتزیۆ ڕاڤانێلی" کە زۆر کەس بە گاڵتە ناویان لێ‌ناوە باوەگەورەی مارچێلۆ لیپی سەرڕاهێنەری یانەی یوڤانتۆس، لە ماوەی بەشداریی لەو تیمە ئیتالییە ناوبانگی دەرکرد، بەڵام بە هۆی ڕوخساری تایبەتی، زیاتر کەوتە بەر سەرنجی میدیاکان. ئەو کاتێک کە لە تیمی نەتەوەیی ئیتالیا یاری دەکرد، بە قژزێوینی وڵاتی چەکمەکان ناسرابوو و ئەمڕۆش کە تەمەنی ٤٨ ساڵە، هەروا قژە ماش و برنجییەکەی ڕاگرتووە.

 

سیسە، بابانۆئێلی بەدشانس

گۆڕینی مۆد و ڕەنگی قژ و ڕێش و سمێڵی، هەر شەش مانگ جارێک بۆی بووەتە عادەت. ئەم هێرشبەر تووڕە و بەدخوڵقە فەڕەنسییە لە قۆناغێکدا بە سپی کردنی قژەکانی، لە شێوەی بابانۆئێل دەرکەوت، بەڵام لەو ڕواڵەتشدا کەمتر خەڵات و دیاری بە لایەنگرانی بەخشی. هەڵبەت دەکرێت ئەو وەک یەکێک لە بەدشانسترین یاریزانانی جیهانیش بزانین، چونکا لە ساڵی ٢٠٠٤ و ٣ مانگ دوای چوونی بۆ لیڤێرپووڵ ئێسکی پای لە دوو جێگاوە شکا. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە کاتێکدا کە بۆ هاوڕێی کردنی یانەی نەتەوەیی فەڕەنسا لە جامی جیهانی چووبوو، لە یارییەکی ئامادەکاریدا هەمدیسان لاقی شکا و ئەو تۆرنەمێنتە گرینگەی لە دەست دا.

 

هیگوئیتا، زیندانیی بەناوبانگ

گۆڵپارێزی پڕپەراوێزی تیمی نەتەوەیی کۆلۆمبی کە هاوخولی بەرەی زێڕینی تۆپی پێی ئەو وڵاتە واتە ڤالدێراما و ئاسپریلایە، بە هۆی هەڵسوکەوتی سەیروسەمەرەی لە تۆپی پێ و قاچاخی ماددەی هۆشبەری لە دەرەوەی تەشکی سەوز زۆر ناسراوە و بە ناوبانگە. "رێنە هیگوئیتا" کە دوای لێدانی تۆپ بە شێوەی دووپشکی ناوبانگی دەرکرد، بە هۆی هاوکاری لە قاچاخی ماددەی هۆشبەری تەنانەت تامی زیندانیبوون و دوورخرانەوە لە مەیدانەکانی تۆپی پێی چێشتووە. ئەو بە هۆی ڕۆخسار و مۆدی قژی تووندوتیژانەیشی زۆر کەوتووەتە بەر سەرنج. لەم دواییانەدا هیگوئیتا چەندین نەشتەرگەریی جوانکارانەی لە سەر ڕۆخساری ئەنجام داوە و قەڵافەتی نوێی بێ‌بەرییە لە تووڕە و تەوسنیی جاران.

 

ڤيالی، کەچەڵێک بە ناوبانگی جیهانییەوە

ئەستێرەی دەیەی ٩٠ی یوڤانتۆس و تیمی نەتەوەیی ئیتالیا یەکێک لە یەکەمین یاریزانانی ناسراوەی جیهان بوو کە سەری خۆی لە بنەوە تاشی و بەمشێوە خۆی لە دیتران جیاکردەوە. "جیانلوکا ڤیالی" کە لە سەرەتای سەردەمی یاریزانییەوە بە قژی نیوەبڵیند و ئاڵۆزەوە بەشداری یارییەکان دەبوو، بڕیاری دا کە یەکسەر قژی بتاشێت تا بە سەری تاسەوە خۆی جیاواز کاتەوە و زیاتر بەرچاو کەوێت؛ ئەویش لە رۆژگارێکدا کە تۆپی پێی ئیتالیا یاریزانانێکی جوانکیلەی وەک ماڵدینی، کاستاکورتا، ئاڵبێرتینی، باجیۆ، کاسیراگی، پاکیلووکا و ... پێبوو. هەڵبەت دوای ئەو یاریزانانێکی وەک زەیدان، کاناوارۆ، بارتێز و ... بە لیستی کەچەڵە ناسراوەکانی جیهانەوە زیاد بوون.

 

ناینگولان، تیرۆریستی بە هەڵە

یاریزانی بەلژیکیی یانەی تۆپی پێی ڕۆمی ئیتالیا، لە پەنای شێوەکاریی لەشی خۆی، لەم دواییانەدا قژەی خۆیشی بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە ئاڕایش دەکات. "ڕاجا ناینگولان" بە هۆی ئەو ڕواڵەتە سەیروسەمەرەیە، دوای هەڵوەشانەوەی یاریی بەلژیک و ئێسپانیا بە هۆی هەڕەشەی بۆمبدانەری، لە لایەن پۆلیسی ناوچەیی بە تاوانی هاوشێوەبوونی لە گەڵ تیرۆریستێکی داعشی دەستگیرکرا، بەڵام دوایی ناسینەوەی، خێرا مۆڵەتی ئازادیی پێدرا. خوشکی ئەم یاریزانەش کە لەم رۆژانەدا پێشنیارێکی لە یانەی مەنچێستێر یوونایتێد وەرگرتووە، بە ئارایشێکی سەیری قژەوە بەشداری کێبەرکێکانی تۆپی پێ دەبێت.

 

بۆگبا، لاوێک بە حەزی تایبەتەوە

هێرشبەری ۲۲ ساڵەی فەڕەنسیی تیمی یوڤانتۆسیش کە داهاتوویەکی درەوشاوەی بۆ وێنا دەکرێت، بە هۆی هونەرنواندنەکانی لە زەوینی تۆپی پێ و هەروەها بە هۆی حەزی لە ئاڕایشتی تایبەتی قژەکانی کەوتووەتە بەر سەرنجی لایەنگرانی ئەو وەرزشە. "پۆل پۆگبا" پاش ئەوەی ئاڕایشتی قژەکانی خۆی گۆڕی، عەکسەکەی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دادەنێت و یان گەلێ جار ناوێک لەو مۆدە قژانە دەنێت. بۆ وێنە ئەم یاریزانە دوامۆدی قژی خۆی ناونا "پۆگبووم".

 

هه‌ڵبژارده‌ی نەتەوەیی ڕۆمانی

یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی نەتەوەیی ڕۆمانی لە یاریی سێهەمی خۆیان لە جامی جیهانیی ۱۹۹۸ ی فەڕەنسا لە بەرامبەر توونێسدا بە قژی ڕەنگ کراوە (دیکلۆرە) هاتنە ناو زەوی تا لایەنگرانی تۆپی پێ و میدیاکانی هەواڵی جیهانی سوورپرایز کەن. ئەوان لە کاتێکدا قژی خۆیان زەرد کردبوو کە لایان وابوو ئەو کارەیان دەبێتەوە هۆی یەکگرتنەوەی زیاتریان بۆ سەرکەوتن لە قۆناغی دواتردا. ئەوان کە خۆیان بە سەربازانی ژێنڕاڵ یۆردانسکۆ سەرڕاهێنەری ئەو کاتی ڕۆمانی دەزانی، بۆ یەکلاکردنەوەی سەرکەوتن و بەرەوڕوونەبوونەوە لە گەڵ ئارژانتین لە خولی نایابدا، پێویستیان بە ئەنجامی بەرابەر لەو یارییەدا بوو کە لە کۆتاییدا ئەو ئەنجامەیان مسۆگەر کرد؛ گەرچی لە قۆناغی دواتردا بە دۆڕان لە بەرامبەر کۆرواسیدا لە ڕەوتی کێبەرکێکاندا وەلاوە نران. هەڵبەت بەر لە دەستپێکی ئەو کێبەرکێیانە یاریزانانی تیمی بەرازیلیش بە تاشینی قژی سەریان، بۆ پاڵەوانێتی هاوهەڵوێستیان نواند.

 

ئەو ڕۆخسارانەی کە نابێ فەرامۆش بکرێن

ڕۆناڵدۆ یاریزانی ناسراوەی تۆپی پێی بەرازیل کە لە جامی جیهانیی ۲۰۰۲ مۆدی قژی گۆڕی (وێنەی ژمارە ١)، ماریۆ بارۆتلی هێرشبەری ڕەشپێستی ئیتالی کە ڕۆژانە ڕۆخساری خۆی دەگۆڕێت (وێنەی ژمارە ٢)، جیمی لۆرێنس ئەو یاریزانەی کە لە زیندانەوە گەیشتە تەشکی سەوز و هەرچی رۆژە ڕەنگی قژی دەگۆڕێت (وێنەی ژمارە ٣)، نیمار هێرشبەری بەرزایلی تیمی بارسێلۆنا کە پێی خۆشە وەک ئەستێرەکانی دیکە، مۆدی جۆراوجۆر لە سەر قژی تاقی بکاتەوە (وێنەی ژمارە ٤)  پلاسیۆ پالاسیۆ یاریزانی ئارژانتینیی تیمی ئینتێر (وێنەی ژمارە ٥)، ئارتوور ڤیداڵ یاریزانی شیلیایی تیمی یوڤانتۆس (وێنەی ژمارە ٦)، مارک هامشیک یاریزانی تیمی ناپۆڵی ئیتالیا (وێنەی ژمارە ٧)، باکاری سانیا یاریزانی تیمی نەتەوەیی فەڕەنسا و یانەی مێن سیتیی ئینگلتەرا کە مۆدی بەستنی قژی هاوشێوەی تاریبۆ وێستە (وێنەی ژمارە ٨)، جەیسۆن لی کە بە ئیلهام گرتن لە سروشت مۆدی قژی بە شێوەی ئاناناس دەردێنێت (وێنەی ژمارە ٩)، دێنیل ئالووز یاریزانی بەرازیلیی تیمی بارسێلۆنا کە لەم دواییەدا گۆڕانی سەیری بە سەر قژەکانیدا هێناوە (وێنەی ژمارە ١٠)، ڕەحیم ستێرلینگ یاریزانی لاوی تۆپی پێی ئینگلتەرا کە قژی وەک خانمەکان فڕدەکات (وێنەی ژمارە ١١) و جیوانی سیمئۆنێ کە قژەکانی  بە مۆدی سەیر و سەمەرە دەردێنێت (وێنەی ژمارە ١٢)، ئەو یاریزانانەن کە لە پەنای ناوبانگیان لە ناو زەویی تۆپی پێ، بە هۆی ڕۆخسار و مۆدی قژیشیانەوە کەوتوونەتە بەر سەرنجی میدیاکان.

News ID 2292

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha