ناتۆی عەرەبی دژی ئێران؛ خەونێک کە نه‌هاته‌ دی

خەونی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی عەرەبی بە ناوی ناتۆی عەرەبی لە دژی ئێران لە ناوچەدا بەرەوڕووی ململانێیەکی زۆرە کە لە دایکبوونی ئەو هاوپەیمانییەی حەواڵەی داهاتوو کردووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- فاتمە ساڵحی: رۆژی شەممە گەورەترین مانۆری سەربازیی زەوینی، ئاسمانی و دەریایی عەرەبی بە هاوبەشی ٨ وڵات لە میسر دەستی پێکرد. پرۆڤەی زەوینیی لە بنکەی سەربازیی محەمەد نەجیب لە باکووری رۆژئاوای میسر و پرۆڤەی ئاسمانی و دەریاییش لە بەستێنی دەریای ناوەڕاست ئەنجام درا.

لە مانۆرگەلی قەڵغانی عەرەبی ١، هەشت وڵاتی عەرەبی بەشدار بوون کە بریتی بوون لە میسر، ئۆردۆن، عەرەبستان، کوەیت، ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و لوبنان. دوو وڵاتی مەغریب و لوبنان بە بێ بەشدارکردنی هیچ هێزێک تەنیا چاوەدێریی مانۆرەکەیان کردووە. ئەو مانۆرە دوو حەوتە درێژە دەخایێنێت.

قاهیرە ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەو مانۆرەی تۆکمەکردنی پەیوەندیی سەربازیی لە گەڵ وڵاتانی بەشداربوو و بەرەنگاربوونەوەی کێشەگەلی هاوبەش ڕاگەیاندووە. هەڵبەت دوور نییە کە ئەو ڕاگەیێندراوەی میسر، ئامانجی سەرەکیی ئەو پلانە بێط. ناوی مانۆرەکە "قەڵغانی عەرەبی١"ـه و بە گوێرەی ژمارەبەندیی دەردەکەوێت کە دەسپێکێکە بۆ قەڵغانگەلی عەرەبی ٢ و ٣ و ...

ئەو هەنگاوە سەربازییە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە قسە لە پێکهێنانی ناتۆی عەرەبییە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە قەتەر و عەمان لەو مانۆرەدا بەشدار نەبوونە و شوێنی ئەنجام دانەکەیشی میسرە کە نیشان دەدا بە ئەگەری زۆرەوە بنکەی فەرماندەیی لەو وڵاتەدا کە گەورەترین سوپای عەرەبی هەیە، دەبێت.

لەوبارەیەوە ئامانج لە پێکهێنانی ئەو ناتۆیە دەتوانێ ئاماژە بەو خاڵە بێت کە ئامانج لەو بەرەنگاربوونەوەی ڕژیمی زایۆنی نییە، چونکە وڵاتانی عەرەبی لە بواری ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیان لە گەڵ تەل‌ئاویودا هەنگاو دەنێن و ئەم پرسە لە ماوەیەکی ڕابردووەوە پەرەی سەندووە. لە ڕاستیدا دەوڵەتی ئەمریکا بە دوای ئەوەوەیە کە بە جێبەجێ کردنی هەنگاو بە هەنگاوی پلانی مامەڵەی سەدە و ڕوونوێنی کردنی لە دوا پلاندا، سیستەمێکی ئەمنی و نوێ لە ناوچەدا پێک بهێنێت. لەو ڕووەوە، ئامانجی کۆتایی لە پێکهێنانی ئەو سیستەمە سەربازییە ئەمنییە جۆرێک بەرەنگاربوونەوەی دژبەرانی سسیتەمی نوێ و لە سەرووی هەموویانەوە ئێران، هێزی بەرخۆدانی فەلەستین و لوبنانە.

ئەو مانۆرە تەنیا دوای مانگێک لە دیداری مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نیۆیۆرک لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبیی باسکراودا ئەنجام دراوە. پێشتریش فەرماندەگەلی سەربازیی ئەو وڵاتانەی بستێنی کەنداوی فارس بە پێی بانگهێشتی فەرماندەی سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەدا دانیشتنێکیان لە کوەیت بەڕیووە برد.

دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەوڵ دەدا بە داسەپاندنی گوشاری شاراوە لە سەر وڵاتانی عەرەبیی بەستێنی کەنداوی فارس لە گەڵ میسر و ئۆردۆن نموونەی عەرەبیی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران داڕێژێت. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێت کە ئەو هاوپەیمانییە بە شێوەی کاتی لە ژێر ناوی هاوپەیمانی ستراتژیکی رۆژهەڵاتی ناڤین پێک دێت، بەڵام لە ڕاستیدا بە هەمان ناتۆی عەرەبی دەناسرێت. وەزیری دەرەوەی بەحرەین شەممەی ڕابردوو لە دانیشتنی ئەمنیی منامە ئیدعای کرد کە ئەو هاوپەیمانییە لە گەڵ دەسپێکی ساڵی نوێ پێکدێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی شرۆڤەگەران شک و گومانێکی زۆریان لەوبارەیەوە هەیە.

ناتۆی عەرەبی پلانێکی وەرچەرخاوەیە کە سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ئەستەنبۆڵ دەستی پێکرد، لە ژوئەنی ٢٠٠٤دا پلانێکی هاوکاری لە ژێر ناوی "هەنگاوی هاوکاریی ئەستەنبۆڵ" بۆ پەرەدانی ناتۆ لە کەنداوی فارس پەسند کرا. ساڵی ٢٠١١ ئەحمەد سەباح پێشنیاری کردنەوەی نووسینگەی ناتۆ لە کوەیتی دا و ئەو نووسینگە لە لایەن ئەمینداریی گشتیی ناتۆ کرایەوە. بەڵام لەو پلانەدا و بە پێی چەندین وەرچەرخان، شایەدی گۆڕانکارییەک بووین کە بریتین لە:

۱ـ سڕینەوەی ناوی تورکیا و قەتەر

۲ـ ناتۆی عەرەبی لە بری درێژەدەری بە پەیمانی ناتۆ، ئامانجی سەربەخۆیی لە ناتۆ دەگرێتەبەر

۳ـ هەڵگرتنی تەنگەژە و بەربڵاوێتی؛ لە کەنداوی فارسەوە تا دەریای سوور بە تایبەت میسر

۴ـ پاڵپشتیی تایبەتی ئەمریکا

۵ـ بەرەنگاربوونەوەی پێگە و دزەی ئێران لە تەواو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین

۶ـ هاوئاهەنگیی هەواڵگرانە – ئۆپەراسیۆنی لە گەڵ ئیسرائیل

پەسند کردنی بەڵگەی هەنگاوی هاوکاریی ئەستەنبۆڵ (Istanbul Cooperation Initiative) بە دەسپێکی پەیوەندییەکانی ناتۆ و وڵاتانی ئەنجومەنی کۆمکاری کەنداوی فارس دێتە ئەژمار. ئامانجی هەنگاوی هاوکاریی ئەستەنبۆڵ گەیشتن بە جۆرێک ڕژیمی ئەمنییە کە ئاوێتەی بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەنجومەنی کۆمکاری کەنداوی فارس بێت. لە دانیشتنەکانی سەرکردەگەلی ناتۆ لە ساڵی ٢٠٠٤ لە شاری ئەستەنبۆڵ سەرکردەگەلی ئەو پەیمانە کۆمەڵێک بڕیاریان بۆ پەرەدان بە بە هاورییەکانی ئەو ڕێکخراوە لە گەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین لە ژێر ناوی هەنگاوی ئەستەنبۆڵ (ICI) گرتبووە بەر. دەکرێت هاوکاریی ناتۆ لە گەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمکاری کەنداوی فارس بە هەنگاوێک لە پێناو ستراتژیی پەرەدان بە سەقامگیری لە دراوسێتی ناتۆ و ناوچەی هاوێری لێک درێتەوە و بە درێژەی پلانی هاوبەش بۆ ئاشتی و گفتوگۆی دەریای ناوەڕاست هەڵسەنگێندرێت.

لە ڕاستیدا ناتۆ هەوڵ دەدا تا بەرەنگاری هەڕەشە نوێێەکانی وەک بنەماخوازیی ئیسلامی، تیرۆریزم و ... بێتەوە و پێشگری بکات لە لاوازبوونی ڕژیمی قەدەغەی بە کارهێنانی چەکی ناڤۆکی، ئاسایشی سەرچاوەگەلی وزە و هێڵی گواستنەوەیان دەستەبەر بکات و نمانەیەک لە ڕیسا و دسیپلینی ناوچەیی لەو وڵاتانەدا ئاراستە بکات کە ئێران و عێراق جێیەکیان تێدا نەبێ.

پلانی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی نوێ بڕیار بوو بازنەیەکی زۆر بەربڵاو بگرێتە خۆی و ناتۆی عەرەبی بتوانێ لە گەڵ هێزە ناوچەییەکانی بە وتەی ئەوان دوژمن، بەرەوڕوو بێتەوە. بەڵام پاش قەیرانی ناوچەیی کەنداوی فارس لە نێوان قەتەر و وڵاتانی عەرەبیی ئەو بەستێنە لە ژوئەنی ٢٠١٧، پێدەچێت ئەو هاوپەیمانە ناتوانێ بە شێوەیەکی یەکپارچە بەرهەڵستی ئێران بێتەوە.

زۆربەی شرۆڤەکاران لە سەر ئەو بڕوایەن کە پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە دەخرێتە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ بە تایبەت چونکە دۆسیەی تیرۆری جەماڵ خاشقجی ڕەخنەگری سعوودی لە کۆنسولخانەی عەرەبستان بە دەستی ڕژیمی سعوودی هێشتا کراوەیە و یەکلا نەبۆتەوە.

ڕەنگە بکرێت بڵێین کە یەکێک لە هۆکارەکانی بە دواکەوتنی ڕەوتی پێکهاتنی ناتۆی عەرەبی ئەوەیە کە ئەمریکا چاوەروانی دیتنی ئەنجامی گەمارۆکانی رۆژئاوا لە دژی ئێران لە ڕەهەندەکانی ئابووری و سیاسییە. هەروەها وڵاتانی عەرەبی باسکراویش بەر لە پەیوەست بوونیان بەو هاوپەیمانییە چاوەروانی ئەنجامی ئەو گەمارۆیانەن.

جگە لەوە وڵاتانی عەرەبی بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە پێویستیان بە کاتی زیاتر چونکە ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و سەربازیدا کێشەگەلێکی زۆریان هەیە. قەیرانی قەتەر، دەستدرێژی بۆ سەر یەمەن، دۆسیەی جەماڵ خاشقجی، ناکۆکییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە سەر پرسە ناوچەییەکان و بە تایبەت فەلەستین بەشێکن لە گرینگترینی ئەو کێشەگەلەیە.

لە لایەکی دیکەوە بۆ وێنە عەرەبستان و میسر خاوەن خوێندنەوەی جۆراوجۆر لە تیرۆریزمن. لە کاتێکدا کە عەرەبستان لە گەڵ گرووپی ئیخوانولموسلمین لە یەمەن و سووریا هاوکاری دەکات، میسر ئەو گرووپە بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانێ. هەروەها سەبارەت بەو گرووپە ناکۆکیی زۆر لە نێوان قەتەر و عەرەبستاندا هەیە.

هاوکات دەبێ ئاماژە بەو خاڵە بدەین کە شوێن پێی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی و لەوان سووریا، عێراق و لوبنان ئاستەنگی زیاتر دەخاتە بەردەم پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە و بەرەنگاربوونەوەیان لە گەڵ ئێران. ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بڕیارە ترامپ دانشتنێک لە واشنتۆن بەڕێوە ببات و تێیدا پێکهاتنی هاوپەیمانی ناوچەیی ڕاگەیێنێت.

ئەمریکا بە قبووڵ کردنی بەدواکەوتنی پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە هەندێک مەرجی وەک زەروورەتی وەدی هاتنی ئامانجە سەربازییەکانی عەرەبستان لە یەمەن و وەرگرتنەوەی بەندەی ستراتژیکی حەدیدە و ئاشتبوونەوەی ئەو وڵاتە لە گەڵ قەتەری لە بەردەم وڵاتانی عەرەبی داناوە.

لەمناوە ترامپ بە دوای هەلێکی گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی پلانی ناسراو بە مامەڵەی سەدەیە تا بە گوێرەی خۆی پرسی فەلەستین چارەسەر بکات و بۆ ئەو کارە پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکپارچە لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا هەیە. لایەنی دیکەی ئەو مامەڵەیە ئێرانە. کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەروان نابێ وڵاتانی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵ بدەن، بەڵکوو ئەویش لای خۆی دەست بۆ تۆکمەکردنی پەیمانی ستراتژیکی لە گەڵ هەندێک وڵات دەبات و لە پێناو بەرزکردنەوەی پێگەی ناوچەیی خۆی تێدەکۆشێت.

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە خەونی دێرینی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی عەرەبیی یەکپارچە لە دژی ئێران بە دڵنیاییەوە شکستی هێناوە، چونکە وڵاتانی عەرەبی گیرۆدەی کێشە و ململانێگەلێکی زۆر لە ناوچە و پرسی ناوخۆیی قووڵن و ناکۆییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە و چارەسەرنەبوونیان سەرەڕای گوشاری ئەمریکا رێگرە لە وەدی هاتنی ئەو خەونە. جگە لەوە پێگە و شوێن پێی ناوچەیی ئێران و هاوڕێ نەبوونی تەواو وڵاتانی عەرەبیی ناوچە لە گەڵ هاوپەیمانی دژە تاران دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەوبارەیە هەڵوێستێکی یەکپارچە نەگرنە بەر

News Code 22846

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 2 =