حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە لە وتووێژ لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە کاردانەوە بە پێشنیاری ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ دانوستانی بێ مەرج لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لێدوانە دژ بە یەکەکانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەوبارەیە، ڕایگەیاند: ئەو دژوازییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمریکییەکان تەنیا بە قسە ئاور لە دانوستان و پەیوەندی دەدەنەوە و هێشتا نەگەیشتوونەتە تەگبیرێکی یەکلاکراوە لەوبارەیە.
وتیشی: ئەمریکا لە لایەن وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ژێر گوشاردایە و لە بابەتی پێشێل کردنی دیپلۆماسی ڕەخنەیان لێ دەگیردرێ، کەواتە ڕوویان لە پرسی گفتوگۆ لە گەڵ ئێران ناوە، بەڵام هیچ ستراتژییەکی ڕوونیان بۆ دانوستان لە گەڵ ئێران نییە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی زیادی کرد: جگە لەوە، بۆ شەڕ لە گەڵ ئێرانیش ستراتژییەکی دیار و ڕوونیان نییە، چونکە ئێران وڵاتێکی جیاوازە و دەسەڵاتدارنی ئەمریکا لە تێچووەکانی ئەو شەڕە دەترسن.
فەلاحەت پیشە سەبارەت بە ئەنجامی دانوستانەکان لە ئەورووپییەکان سەبارەت بە داهاتووی بەرجام و هەڵسوکەوتی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەورووپی لەوبارەیە، ڕایگەیاند: من لام وایە لە ئەنجامدا ئەمریکا ناچار دەبێت کە ڕەوتی دیپلۆماسی لە گەڵ ئێران بگرێتە بەر، چونکە ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەسلیمی داخوازییە ناڕەواکان نابێت.
بۆچوونی ئێوە