بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دادوەری لێپرسینەوەی لقی دووی دادسەرای فەرهەنگ و میدیای تاران، لە ڕاگەیێندراوێکدا بە ئاماژە بە تەشەنەسەندنی ئاستی تاوانەکانی تێلگرام، فەرمانی فیلتەرکرانی یەکجاریی ماڵپەڕ و ئاپلیکەیشێنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرامی دەرکرد.
لە فەرمانی ئەو بەرپرسەی دەزگای داد هاتووە: بە ئاوردانەوە لە سکاڵاگەلی جۆراوجۆر لە دژی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرام لە دادسەرای گشتی و دادگەی شۆڕشی تاران و داواکاریی زۆر سەبارەت بە پێشگری لە چالاکییەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە لایەن هاووڵاتیانەوە، هەروەها داواکاریی دەزگاگەلی ئەمنی و هاوپەیوەندەکانی سەبارەت بە هەڵوێستی یاسایی و گرتنەبەری بڕیارێک هەمبەر بە پێشگری لە چالاکیی نائەمنی و ناکونتڕۆڵکراوی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرام و بە سەرنجدانە سەرمایەدانەریی دەرەکی و پێشێلکەرانەی یاساگەلی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕێخۆشکەربووە بۆ چالاکیی گرووپگەلی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا، فەرمانی فیلتەرکرانی یەکجاریی ماڵپەڕ و ئاپلیکەیشێنی تێلگرام دەدرێت.
لەو فەرامانەدا بە ئاماژە بە دەست هەبوونی تێلگرام لە ساماندان و ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنگەلی تیرۆریستی و لەوان هێرشی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئارامگەی ئیمام خومەینی (رە) و مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی کە بووە هۆی شەهیدبوونی ١٧ کەس و بشێوییەکانی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو کە شەهیدبوون و برینداربوونی کۆمەڵێکی زۆری هاووڵاتیان و زیانگەلی قورسی ماڵی لە داراییە تایبەتی و گشتییەکانی بە دواوە بوو، ڕاشگەیێندراوە: ئەو تۆڕە کۆمەڵاتییە بۆتە بەستێنێکی هێمن بۆ کرداری تاوانبارانە و بە ئاوردانەوە لە بوونی سێرڤێرەکانی تێلگرام لە دەرەوەی وڵات و بە دووربوونی لە بابەتی پێوشوێن گرتن و ناهاوکاریی بەڕیوەبەرانی لە گەڵ بەرپرسانی دەزگای داد و کارگێڕانی دادگە سەبارەت بە کۆکردنەوە و ڕادەست کردنی دەیتاکانی سەلمێنەری تاوان، زۆربەی دۆسیەکان بێ ئەنجام ماونەتەوە و ئەو بابەتە بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی سکاڵاکەران و بشێوی لە ئاستی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. هاوکات ڕاگرتنی دەیتا و زانیاریی ملیۆنان ئێرانی لە دەرەوەی وڵات و لێکدانەوە و بەهرە وەرگرتن لە زانیاریی هاووڵاتیان، وێرای زیان گەیاندن بە خود هاووڵاتیان، دەتوانێ دەرئەنجامی ترسێنەری بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان لێ بکەوێتەوە.
لەو ڕاگەیێندراوەدا ئاماژە بەوەش کراوە: لێکدانەوەکان لەبارەی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، سەلمێنەری بوونی کرداری تاوانبارانەی وەک ١٠ نموونەی خوارەوەیە:
١- بشێوی لە یەکگرتوویی نیشتمانی و ناکۆکینانەوە لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت لە رێگەی ورووژاندنی پرسی ڕەگەزی، ئیتنیکی و هاندان و فریودانی خەڵکی بۆ ئەنجامدانی شۆڕش و بشێوی.
٢- کۆکردنەوەی زانیاریی خەڵک و وڵات و دەست گەیشتنی بیانییەکان بە هەرێمی تایبەتی و دەیتای هاووڵاتیانی ئێرانی و سیخۆری لە بەرژەوەندیی دوژمنان.
٣- بڵاوکردنەوە، پەرەدان و بازرگانی بە ناوەڕۆکی پۆڕنۆ و دزێو و دژی نیازپاکیی گشتی و پەرەدان بە گەندەڵی و فەحشا لە کۆمەڵگادا.
٤- بێ ڕێزی بە پیرۆزییەکان و بایەخگەلی ئیسلامی و بانگەشە لە بەرژەوەندیی گرووپگەلکی چەواشە و دژە ئیسلام.
٥- بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و درو و تێکدان و ورووژاندنی ڕای گشتی و زیان گەیاندن بە ئاسایشی گشتی.
٦- قاچاخی کاڵا و دراو و مادەی هۆشبەری و کاڵاگەلی دیکەی قاچاخ.
٧- هەڵمەت بۆ سەر ئاسایشی وڵات لە لایەن گرووپگەلی تیرۆریستییەوە.
٨- دەستبڕی، پێشێل کردنی خاوەندارێتی مەعنەوی و تاوانە ماڵییەکانی دیکە.
٩- بانگەشە لە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران.
١٠- سووکایەتی و بێڕێزی بە کەسەکان.
دادوەری لێپرسینەوەی لقی دووی دادسەرای فەرهەنگ و میدیای تاران لە درێژەدا بە ئاماژە بە لێکدانەوە و دانیشتنی بەردەوامی کارناسان و پسپۆڕان و نوێنەرانی دەزگاگەلی ئەمنی لەبارەی پرسی تێلگرام و پێویستیی داخستن و فیلتەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، جەختی کرد: بە ئاوردانەوە لە تاوانەکانی سەرەوە و پێویستیی جێبەجێ کردنی مادەی ١١٤ی یاسای دادوەری سزادەرانە و مادەی ٧٥١ی سزاگەلی ئیسلامی و بە پشتبەستن بە بڕگەی ١٥٦ی یاسای بنەڕەتی و مادەگەلی ۴۹۸، ۵۰۰، ۵۱۲، ۵۱۳، ۵۱۴ ، ۶۰۹، ۶۱۰ ، ۶۳۹، ۶۹۷، ۶۹۸، ۷۰۰، ۷۲۹ تا ۷۳۱ و ۷۴۲ تا ۷۵۰ی یاسای سزاگەلی ئیسلامیی بەشی تەعزیرات و مادەی ٦ی یاسای چاپەمەنی، فەرمانی داخستن و فیلتەری تێلگرام ڕادەگەیێندرێت.
لە کۆتاییدا ڕاشگەیێندراوە: لە بەراوری ١٠ی مانگی گوڵانی ئەمساڵی هەتاوییەوە پێویستە تەواو پێشکەشکارانی خزمەتکارییەکانی بەهرەمەند لە ئینتێرنەتی وڵات، بە تایبەت کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ژێرخان و ئۆپەراتۆرەکانی تەلەفون و خاوەنانی مۆڵەتی ئاراستەکردنی خزمەتگەلی پەیوەندیی پاوەجێ لە پێناو داخستنی یەکجاریی ماڵپەڕ و ئاپلیکەیشێنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلگرام هەوڵ بدەن. هەروەها پێویستە داخستن و فیلتەری ئەو تۆرە کۆمەڵایەتییە بە چەشنێک بێت کە بە کەڵک وەرگرتن لە هیچ نەرم ئامێرێک (و لەوان فیلتەرشێنەکان) لە ناوخۆی وڵاتدا نەکرێتەوە و سەرپێچی لەو فەرمانە پێوشوێنگرتنی سزامەندانەی بە دواوە دەبێت.
Your Comment