هەنگاوی ترامپ ئاگری ئینتیفازە لە فەلەستین دەگەشێنێتەوە

ئەندامی باڵای حیماس لە سەر ئەو بڕوایەیە کە بە فەرمی ناسرانی قودس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی ئاگری ئینتیفازە لە فەلەستین دەگەشێنێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکدا قودسی بە فەرمی وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی ناساند و جەختی لەوە کرد کە من بەو دڵنیاییە گەیشتووم کە دەبێ باڵوێزخانەکەمان لە تەل‌ئاویووە بۆ ئۆرشەلیم بگوێزینەوە. سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ئاماژە بەوەی کە ئەو بەدوای ڕێککەوتنێکی باڵاوەیە کە هەم بە سوودی ئیسرائیلییەکان بێت و هەمیش بە سوودی فەلەستین، وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی دەکات لە پلانی هەردوو وڵات لەو ئەگەرەدا هەر دوو وڵات لە سەری ڕێککەوتبێتن.

ترامپ ئاماژەی بەوەش دا: بڕیاری ئێمە بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بە مانای دوورکەوتنەوەی ئەمریکا لە پابەندییەکانی بە نسیبەتی ئاسانکاری بۆ ئاشتەوایی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان نییە. ئەوە ئەمریکا نییە کە لەوبارەیەوە بڕیاری کۆتایی دەربکات. بەڵکوو ئێمە وەک هەڕەشەیەک لە ڕادیکاڵیزم و توندئاژۆیی دەڕوانین و دەمانەوێ بەرەنگاری ببینەوە.

ئەو بڕیارەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی توندی وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگای جیهانی بۆتەوە. بە چەشنێک کە زۆربەی وڵاتان بە دەرکردنی بەیاننامەگەلێکی جودا ڕایانگەیاندووە کە دژی بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکان و هیچ پلانێکیان بۆ پاڵپشتی لەو بڕیارە و گواستنەوەی باڵوێزخانەکانیان بۆ بەیتولموقەدەس نییە. لەمناوە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێرای ستەمکارانە وەسف کردنی ئەو هەنگاوەی ترامپ، خوازیاری کشانەوەی بەرپرسانی ئەمریکایی لە بڕیاری خۆیان لە دژی بەیتولموقەدەس بوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا وتووێژێکمان لە گەڵ "ئیسماعیل ڕزوان" ئەندامی باڵای بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی حیماس ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە قودس پایتەختی ڕژیمی زایۆنییە و باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ بەیتولموقەدەس دەگوازرێتەوە. لێکدانەوەی ئێوە بۆ ئەو بڕیارەی ترامپ چیە؟ ئەو پرسە چ دەرئەنجام و پاشهاتێکی بە دواوە دەبێت؟

ـ ئێمە هەر لە سەرەتاوە ناڕەزایەتیی توندی خۆمان بۆ ئەو بڕیارە ستەمکارانەی دۆنالد ترامپ لە دژی قودس ڕاگەیاندووە و لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئەو بڕیارە دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر گەلی فەلەستین و ئۆمەی عەرەبی و ئیسلامییە. ترامپ بەو بڕیارە هەوڵی دا ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی مێژوو بە چەواشەدا ببات. قودس پایتەختی هەمیشەیی فەلەستین و ئۆمەی عەرەبی و ئیسلامییە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە جووەکان هیچ مافێکیان بە سەر وڵاتی فەلەستینەوە نییە. ئەو بڕیارە هیچ لە حەقیقەتی مێژوویی و ئایینی بەیتولموقەدەس ناگۆڕێت. ئێمە بە تەواو هێزەوە بەرەنگاری ئەو بڕیارە دەبینەوە. تەواو بژێرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بڕیارە ستەمکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دژی قودس لە سەر میزە. یەک لەو بژێرانەی ئێمە پێوشوێن گرتنیان لە رێگەی رێکارە سیاسییەکان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانە. رێکارێکی دیکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا ئەوەیە کە بە تەواو کەرەسەکانی بەردەست – جا چەکی سارد بێت یان چەکی گەرم- دژی هاوپەیمانانیان واتە ڕژیمی زایۆنی دەوەستین. ئەمریکا ئەمڕۆ بە ئاشکرا سەلماندنی کە لە داگیرکاریی زەوی و زاری فەلەستینییەکان، هاوبەشی ڕژیمی زایۆنییە.

* ئایا هەڵوێستی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی قودس و بە فەرمی ناسینی وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی دەتوانێ ببێتە دەسپێکی ئینتفازەیەکی نوێ لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستینییەکان؟

ـ ئینتیفازە، شەپۆلگەلێکی بەردەوامە کە دژی زایۆنیستەکان هەوڵ دەدات. هەنگاوی ئەمدواییەی دۆناڵد ترامپ لە بە فەرمی ناسینی قودس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی، ئاگری ئینتیفازە لە قودس و کەرانەی رۆژئاوایی دەگەشێنێتەوە. ئەمڕۆ تەواو پێکهاتەکانی خۆڕاگری بۆ بەرەنگاربووەوە لە گەڵ دەستدرێژکاریی ئەمدواییەی ئەمریکا و زایۆنیستەکان قۆڵیان هەڵماڵیوە. ئەو جەنایەت و بڕیارە ستەمکارانەیە دەبێ وەڵام بدرێتەوە.

* وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی تێکرا هەڵوێستگەلێکی دژبەرانەیان لە ناڕەزایەتی بەو بڕیارەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەمبەر بە قودسی پیرۆز ڕاگەیاندووە. بە بڕوای ئێوە ئایا گرتنەبەری ئەو هەڵوێستە زارەکیانە لە بەرامبەر بڕیاری واشنتۆن بەسە، یان دەبێ هەنگاوی پراتیگی‌تر لەوبارەیەوە هەڵگیرێت؟

ـ ڕاستە کە دەبێ دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی جگە لە گرتنەبەری هەڵوێستی زارەکی و ئیدانەکردنی زارەکی، هەنگاوی پراتیگی‌تر هەمبەر بە ئەمریکا و زایۆنیستەکان بگرنەبەر. ئاستی بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر هەڵوێستی ئەمریکا بە نیسبەتی قودس دەبێ هاوسەنگ بێت لە گەڵ ئاستی ئەو مەترسیانەی کە هەڕەشە لەو شارە دەکەن.

لە ڕاستیدا دەبێ بڵێم کە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەروەها ڕێکخراوگەلی عەرەبی و ئیسلامی هاوسەنگ نییە لە گەڵ ئاستی ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی لە دژی قودس لە ئارادان. کەواتە پێویستە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ڕێکاری پراتیگی بگرنە بەر. ئەوان دەبێ بانگهێشتی باڵوێزانی ئەمریکایی لە وڵاتەکانیاندا بکەن. وڵاتانی عەرەبی دەبێ پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لە گەڵ ئەمریکا دابخەن.

*  ئایا پاش بڕیاری ترامپ سەبارەت بە قودس دەکرێت بڵێین کە ڕەوتی ڕێککەوتن لە لایەن ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین کۆتایی پێهاتووە و ئەو ڕێکخراوە چیتر ناتوانێت پەنا بۆ بژێرە سازشگەرانەکان لە پەیوەندی لە گەڵ زایۆنیستەکان ببات؟

ـ هەنگاوی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بە فەرمی ناسینی قودس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی، تیرێکی کوشندەی دا لە دانوستانەکانی ڕێککەوتن و ئاشتەوایی لە گەڵ ڕژیمی زایۆنی. ئێستا کاتی ئەوە گەیشتووە کە "مەحموود عەباس" سەرۆکی ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە یەکجاری و بە ئاشکرا و ڕوون شکستی دانوستانەکانی ڕێککەوتن و سازان لە گەڵ ڕژیمی زایۆنی ڕابگەیێنێت.

ئەمڕۆ کاتی تۆکمەکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ بڕیاری ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە. تاقە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانە زایۆنیستییەکانی پشت بەستن بە بژێرەی "خۆڕاگری"یە.

News Code 15061

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 2 =