ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆنی خوێنی لێ‌دێت

ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسەتی دەرەکی و نوێنەری کوردزمانی مەجلیس، لە نامەیەکدا بۆ مەسعوود بارزانی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا و نووسی: بەڕیز بارزانی، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆنی خوێنی لێ‌دێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر لە یانەی میللەت، حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە نوێنەری ئیسلام‌ئاوای ڕۆژئاوا و داڵا‌هۆ له‌ مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران لە دووتۆی نامەیەکدا بۆ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەربڕی.

ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە دەقی نامەی ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسەتی دەرەکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بۆ مەسعوود بارزانییە:

بە ناوی یەزدانی دەهەندە و دڵۆڤان

هێژا مسعوود بارزانی

وێرای سڵاو و دۆعا

لە گەڵ ڕێزمدا بە ناوی سیاسەتڤانێکی کوردەوە کە هەتاکوو ئێستا گەلێک جار بۆ بەلەنگازی و ستەملێکراویی مێژووی کورد چ لە ماڵی خۆیاندا و چ لە هەڵوەدایی و غوربەتی رۆژئاوادا گریاوم و فرمێسکی خەم و پژارەم هەڵوەراندووە، بە نیازم لە تۆیی ئەم نامەیەدا ئەوپەڕی نیگەرانی و پەرۆشیی خۆم لەبارەی داهاتووی برایان و خوشکانی هاوڕەگەزم لە هەرێمی کوردستان دەرببڕم و بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم قۆناغە تازەیەدا هەندێک ڕوون کردنەوە ئاراستە بکەم.

بە درێژایی شەڕەکانی جیهانی، لە چاخی پێکهاتنی دەوڵەتە سەربەخۆکانی رۆژئاوای ئاسیا، لە ماوەی سێ دەیە کوشت‌ و بڕ و قەڵاچۆ لە لایەن حیزبەکانی بەعسی ناوچەکە و بە تایبەت لە سەردەمی دڕندەکارییەکانی سەدامی خوێنمژ و لەعنەتکراو و بە شێوەیەکی ڕوونتر لە قۆناغی نەبوونی ڕوانگەیەکی سیاسیانەی ئەرێنی لە وڵاتانی تورکیا و سووریا، بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی بەربڵاو مافی ئەم گەلە پێشێل کراوە. کردار و دڕندەکاریگەلێکی وەک ئەنفال و تەعریب و کۆچی زۆرەملێ جا چ بە زۆری چەک بووبێت و چ لە رێگای پەسەندکراوەی جۆربەجۆرەوە، کوردێکی زۆری لە عێراقدا لەوپەڕی بێ دەسەڵاتی و چەوساوەیی ڕەوانەی قوربانگا کردووە، ئەگەرچی ئاگری بەرخۆدان و کۆڵنەدان لە ناخی پیاوان و ژنانی چاونەترس و بە دەست و بردی کورددا هەروا بە بڵێسەداری ماوەتەوە و قەت گڕی دانەمرکاوەتەوە.

دیارە زیاترین تاوانێک کە دەرحەق بە کورد کراوە لە سەرزەوینی مەزۆپۆتامیا (نێوان دوو چۆمان)، عێراق و لە لایەن سەدامی دیکتاتۆری لە نێوچووی ئەم وڵاتە و لە سەدەی بیستەمدا بووە. هەڵەبجە گەورەترین تاوانی کیمیاییە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دژی خەڵکێکی سڤیل و بێ چەک ئەنجامی گرتووە و سەدام و نزیکەی ۳۵۰ کۆمپانیای بەرهەمهێن و بنێری کەرەستەی کیمیایی سەر بە ۳۶ وڵاتی جیهان تێیدا بەشدار بوونە. دیارە ئەگەر دادگایی کرانەکەی سەدام و تاوانکارەکانی دیکەی بەعسیان لە ئەنجامی بڕیارێکی سیاسی بە نیوەچڵی نەهێشتنبا، چەوساوەیی و ستەم لێکراوەیی جەماوەری عێراق و ئێران لە سای گەلەکۆمە نەگریسەکەی بەعسی عێراق و کۆنەپەرستانی عەرەب و بانگەشەکارانی دیموکراسی لە رۆژئاوادا زیاتر لە قاو دەدرا و ئاشکرا دەبوو.

بە شایەتیی مێژوو ئه‌و ده‌سته‌ له‌ کاربه‌ده‌ستانی سیاسی، هه‌واڵگری و هه‌ڵسووڕاوان و چالاکانی میدیایی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنی که‌ به‌رده‌وام به‌ ناوی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و سیسته‌می لیبراڵیستییه‌وه‌ ناپاوه‌جێیی و نائارامییان به‌ سه‌ر ناوچه‌ کوردنشینه‌کاندا سەپاندووە، بۆ خۆیان به‌ نهێنی هاوتاوانی دیکتاتۆره‌کانی ناوچه‌که‌ بوونه‌ و له‌ قه‌ڵاچۆ و به‌ره‌کوژیی کورده‌کان و خه‌ڵکی شۆڕشگێڕی ناوچه‌کانی دیکه‌ و به‌ تایبه‌ت وڵاتی عێراق ده‌ستیان هه‌بووه‌. لە ساڵی ۲۰۰۳ی زایینییەوە بە دەست پێ‌ بوونی ڕەوتی بە هەنگ و پەلەی ڕووخانی سەدام و پێکهاتنی حکوومەت لە دوای ئەو قۆناغە، ئەویش لە سای تەگبیر و لێهاتوویی برای ڕووناکبیرم بەڕێز جەلال تاڵەبانی و بەڕێزتان و شۆڕشگێڕانی دێرینی دیکە و سیاسەتڤانانی ئەمڕۆی کورد، ئەو هەلە ڕەخسا هەتا کورد لە چەسپاندنی سەقامی سیاسیی عێراقدا ڕۆڵێکی دیاریکەر و کارا بگێڕێ و ئێستاش چاوەروان دەکرێت کە ئەو ڕۆڵە کاریگەرە هەروا بەردەوام بێت.

دیاردەی هەزارجار گومان لێ‌کراوی داعش و تیرۆریزمی سەلەفی شوێنێکی نالەباری مادی و مەعنەویی زۆری لە سەر ناوچەکە و بە تایبەت عێراق و سووریا داناوە و قەت لە بیرمان ناچێ کە گەورەترین دڕندەکاریی داعش لەم ناوچەیەدا دژی پیاوان و ژنان و منداڵانی کورد ئەنجامی گرت و لە ئاکامدا خوێنی کوردبوونمان هێندە لە دەمارەکاندا هاتە جۆش کە لە کاتی دڕندەکارییانەی لە باکووری عێراق و هەروەها لە کۆبانی-دا دەکرا، لاوانی کورد لە کرماشان، سنه‌، هه‌ورامان، ئیسلام‌ئاوای ڕۆژئاوا، قەسری شیرین، مه‌هاباد، ورمێ، بانه‌، سه‌قز، کامیاران و زۆر ناوچەی دیکە خۆبەخشانە داوای ئه‌وه‌یان ده‌کرد له‌ ته‌نیشتی خوشکان و برایانی شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه‌ی خۆیاندا به‌ گژ دیارده‌ی نەگریسی تیرۆریزمدا بچنه‌وه‌. دەزانم کە دەزانن یەکەم هەرەس هێنانی داعش لە جلەولا و بە پاڵپشتی برایانی ئێرانیتاندا مسۆگەر کرا. بەڵام بەڕێزم دەشزانم کە دەشزانن ئەمە کۆتایی پیلانەکە نییە و بە نیازن پیلانی داهاتوو لە سەر بنەمای نەتەوەخوازی ڕۆبنێن، دیارە ئەگەر ستراتژیای ژوورەکانی بیرکردنەوەی هەر سێ لایەنی زایۆنیزم، کۆنەپەرەستانی عەرەب و نوێ پارێزکارانی شەڕخوازی ئەمریکی لە پاڵ یەکتریدا دابنێین، ئەوسا ئەم پیلانەمان ڕوونتر بۆ دەردەکەوێ.

برای بەڕیزم هێژا مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە تەگبیر و لە سەر هەستبوونی بەڕێزتان و برایان و خوشکانی دیکەمان لە عێراقدا دڵنیام و هاوکات چاوەروانیشم لە دڵسۆزی و ویژدانمەندبوونی ئەم برایەشتان لە هەمبەر خۆتاندا دڵنیا بن. ئیمان و بڕوای من بە جەنابتان و هاوڕێبازەکانتان بەرهەمی ئەزموونی پڕکاکڵی کورد لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوو و ئەو گۆرانکارییانەیە کە وەپشت سەرتان ناوە، دڵنیام بڕوا و دڵنیابوونی ئێوەش لە دڵسۆزی و دەربەستبوونی ئەم برایەتان پاش خوێندنەوەی بیست و چوار ساڵ پێشینە و بەرەڤانیی زانستیانە و میدیایی و سیاسیم لە ڕەوابوونی مافی کوردانی ناوچەکە مسۆگەر دەبێت.

بەم پێیە برایانە ئاواتی ئەوە دەخوازم بە پارێزێکی زیاترەوە لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانەوە بجوڵێنەوە. عێراق هێشتا بە تەواوی پیلانی داعشی لە کۆڵ نەبووەتەوە. ئه‌و وڵاته‌ بریندار و سته‌ملێکراوه‌ پێویستی به‌ حه‌سانه‌وه‌ی پاش ئه‌و هه‌موو شڵه‌ژانه‌ هه‌یه‌. لەم ڕووەوە ئەگەر به‌ هه‌ر ناوێکه‌وه‌ دەوڵەتی ناوه‌ندی لاواز بکرێت، عێراق به‌ لێواری ئارامش ناگات. ئێستاکە بەشی هەرە زۆری بوودجەی ئەو وڵاتە بۆ دابین کردنی ئاسایشت خەرج دەکرێت و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە هێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی بنیاتنانەوە و بووژاندنه‌وه‌ کە دیارە ئاوا قۆناغێک بەس له‌ سای یه‌کانگیربوون و هاودڵییه‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌. ئەگەر باسی سەربەخۆیی بکرێتە سەرەکی‌ترین دیالۆگی سیاسی لە عێراقدا ئەوسا تەنانەت ناکۆکییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی رۆژانەش بۆن و بەرامەی سیاسی بە خۆیانەوە دەگرن و چارەسەربوونیان زۆر زەحمەتە.

بەڕیزم بە شایەتیی مێژوو و هاتنەئارای هەر چەشنە پرسێکی هاوپەیوەند بە دابڕان و سەربەخۆیی ئه‌ویش له‌م بارودۆخه‌ی که‌ وڵاتان لە گەڵ قەیران و ئاڵۆزیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ن، بەس ناپاوەجێی و شه‌ڕی ئیتنیکی و نێوخۆییی لێ‌ده‌که‌وێته‌وه‌ و بە واتایەکی ڕوونتر لە پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ئەو بڕیارانەش کە داوتانە هەر لە ئێستاوە هه‌ست به‌ ڕوودانی کارەسات و بریسکانه‌وه‌ی ڕه‌نگی خوێن ده‌که‌م. ئەویش لە هەل و مەرجێکدا کە بە گوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنە ورد و پسپۆڕانەیەی کە کراوە بە درێژایی ۱۴ ساڵی دوای ڕووخانی سەدام هیچ ناوچەیەکی وڵاتی عێراق ئەوەندەی هەرێمی کوردستان پێوەر و بەستێنی هیوابەخشیی گەشە و پێشکەوتنی ئابووریی بۆ خۆش نەکراوە. یەکەم بڕیاری جەنابت و بەڕیز تاڵەبانی بۆ خۆڕێکخستن و هاوتەریبی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا هەلی سیاسی و ستراتژیی پێویستی لە ئاراستەی گەشە پێدانی هەولێر و سلێمانی ڕەخساند و پێدەچێت کە رێگای ئەم هاوتەریبی و هاوئاهەنگییە دانەخرێت. دیارە بە هێنانەگۆڕی پرسی سەربەخۆیی و دابڕان چارەسەریی ئەو ناکۆکیانەش کە لە سەر ناوچە کێشە لە سەرەکانی وەک کەرکووک هاتوونەتە ئاراوە، گرێ کوێرەیان تێدەکەوێ، ئەمە جیا لەوەی کە دەبێ ئامادەی مشتومڕی سنووری لە گەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بە تایبەت دەوڵەتێکی وەک تورکیا بن. کێیە کە نەزانێ تورکیا بۆ خۆی گیرۆدەی پرسێکی چارەسەر نەکراوی وەک کێشەی کوردە کە بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتەی تەنیوەتەوە. هەر چەند لە جوگرافیای سووریاشدا چارەنووسی کورد بەرەڕووی داهاتوویەکی لێڵ و ناروونە.

برای بەڕیز هێژا مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕەنگە نابەجێ نەبێت کە جارێکی دیکه‌ش ئاوڕ لەم ڕاستییە بدەینەوە کە لە ناوچەکەدا دوو باڵی تێکدەری سەرەکی هەن کە بە نیازن  ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێم بکه‌ن به‌ هۆکارێک بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵۆزی و قه‌یرانی تازه‌، ئه‌و دوو باڵی تێکدەری سەرەکی کە یەکەمیان کۆنەپەرەستانی عه‌ره‌بن و ئەوی دیکەیان ڕژێمی زایۆنی. دەستەی یەکەم هه‌ر ئه‌وانه‌ن له‌ ساڵی ۲۰۰۳ی زایینییه‌وه‌ به‌ڕێزان جه‌لال تاڵه‌بانی و فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک کۆمارانی پێشتر و ئێستاکه‌ی عێراقیان له‌ کۆمکاری عه‌ره‌بدا ڕێگا نه‌کردۆته‌وه‌. چونکا بەوپەڕی گەمژەیی و نەزانییەوە وای لێک دەدەنەوە کە کورد لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە عەرەبییەکاندا هیچ جێگەیەکیان نییە و نامۆن. ئینجا دەستەی دووهەمیش زایونییەکانن کە بەردەوام ڕایانگەیاندووە نابێ قەیران و تێکچڕژانی نێوخۆیی هەرێمی ئیسلامی بە جێ بێڵێ، چونکە بشێوی و ناپاوەجێی لە جیهانی ئیسلامدا، فەکتەرە چەسپێندراوەکانی ئاسایشت لە سەر زەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین و ناوچە بندەستەکانی زایونی پتەوتر دەکات.

بەڕیزم بە هەر حاڵ هیوادارم لێم دڵمەند نەبن. وەک برا و کوردێکی دڵسۆز بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی هەتا ئەو تێبینیانە عەرزی بەڕیزتان بکەم، چونکە بە درێژایی ئەم رۆژگارە هیچکاتێک لە تەنیشتی ناوی پڕ لە شانازیی (کورد) وشەی پڕ لە نەفرەتی (دوو بەرەکی)شم بەدی کردووە، ئەو ڕاستییە تاڵەم بۆ دەرکەوتووە کە قوربانییە سەرەکییەکە دواجار هەر کوردەکەیە. گومان لەوەدا نییە کە دووبەرەکی و ناکۆکی بێ‌بەزەیی‌ترین پلانی سیاسییە. دەزانم دڵتان وەژان دێنم ئەگەر شەڕی براکوژیتان بە تایبەت لە ۱۹۹۰ی زایینیدا وەبیر بهێنمەوە کە چلۆن پیلانی دووبەرەکی ناوماڵی کوردی تێک دا و ته‌نانه‌ت برایانی یه‌کێتی و پارتیی به‌ردایه‌ گیانی یه‌کتر، شەڕێکی نەگریس و ماڵوێرانکەر کە بەزەیی بە منداڵی ناو مەلۆتکەشدا نەهاتووە. دەی کەوابوو وەرن با له‌ عێراق و ئێران و سووریا و تورکیا وێڕای پاراستنی وره‌ و گیانی نیشتیمانپه‌روه‌ریی خۆمان، هه‌ر وه‌ک دارێکی قایم و په‌رژینێکی پته‌وی جوگرافیای وڵاته‌کانمان بمێنینه‌وه،‌ نه‌ک لق و پۆ و گه‌ڵایێک که‌ به‌ هه‌ر نه‌رمه‌بایەک ده‌وه‌رێن و یان نه‌ته‌وه‌یەکی قه‌ره‌ج‌ئاسای بێ ماڵ و حاڵ، که‌ هه‌ڵوه‌دا و په‌رته‌وازه‌بوونیان ئامانجی هه‌میشه‌یی ئه‌و دوژمنانه‌یه‌ که‌ قەت حه‌ز به‌ حه‌سانه‌وه‌ و ئۆقره‌گرتنی من و تۆ ناکه‌ن.

برای دڵسۆزتان

حیشمەتوڵڵای فەلاحەت پیشە

نوێنەری خەڵکی بە شەڕەفی ئیسلام‌ئاوای رۆژئاوا و داڵاهۆ لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی

News Code 11629

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 0 =