بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی رای ئەلیوم، لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرچاوە میدیاییەکان سەبارەت بە مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراق لە شەوی ١٢ی ئەم مانگەدا، نووسیویەتی کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ لەگەڵ فڕۆکەکانی سووتەمەنی ئاسمانی، بەشداریان لەم مانۆڕە سەربازییەدا کردووە.
نووسەر، ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەرنەبڕدراوە بەرامبەر بەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی ئاسمانی وڵات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی ئەم مانۆڕە بەتەواوی پێچەوانەی هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی عێراقە، چونکە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، عێراق هەرگیز نابێتە لایەنێک لە هیچ کام لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە و ڕێگە نادات وشکانی و ئاسمانی وڵاتەکەی بکرێتە سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئێران.
هاوکات لەگەڵ ئەم دەستدرێژییە، تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لە عێراق و سوریا، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا یان بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند کە ئەمریکا پشتیوانی لە پارێزگای نەینەوا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا دەکات.
نووسەری ئەم بابەتە دەشڵێت، ئەم مانۆڕە هاوبەشەی ئەمریکا و زایۆنیستی هەڵگری چەند پەیامێکە:
یەکەم: ئەمریکا هیچ ڕێزێک بۆ سەروەری عێراق و بێلایەنی ڕاگەیەندراوی لە ململانێ و شەڕەکاندا دانانێت کە عێراق لایەنێک نییە لەم شەڕانە.
دووەم: ئەوە ئەمریکایە کە کۆنترۆڵی تەواوی سەروەری ئاسمانی عێراقی بەدەستەوەیە .
سێیەم: قسە و کردەوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دژ بەیەکن.
چوارەم: بڕیاردەرانی کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی جەنگ و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لەم مانۆڕە هاوبەشەدا لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، هیچ نیگەرانییەکیان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم دەستدرێژییە لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان نەبووە. بەپێچەوانەوە متمانەی تەواویان بە سەقامگیری و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە و نەبوونی هیچ زیانێک بە ئاستی پەیوەندییەکان هەیە.
ڕائی ئەلیوم دەشڵێت، حکومەتی عێراق ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم دەستدرێژییە نەبووە؛ بە تایبەت کە ئەم کارە بە بەشداری ڕژێمێک ئەنجامدراوە کە تا ئێستاش لە دۆخی شەڕ یان دوژمنایەتیدایە لەگەڵ عێراق.
لە کۆتایی وتارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕاستە ئەمریکا بەردەوامە لە بارمتەگرتنی پترۆدۆلارەکانی عێراق، بەڵام ئەمە پاساو بۆ بێدەنگی حکومەت لە بەرامبەر دەستدرێژی ئەمریکی و زایۆنیستەکان بۆ سەر سەروەری ئاسمانی عێراق نادات.
Your Comment