AP ١٤٠٥ ڕەزبەر ٢٤ ١٠:٢٦

چەند هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندان و بۆ ناگەڕێنەوە؟

چەند هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندان و بۆ ناگەڕێنەوە؟

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند، تا ئێستا 97 هەزار و 271 پەنابەری عێراقی لە 18 کەمپدا لە هەرێمی کوردستان دەژین و شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردن و خزمەتگوزاری سەرەتایی و نیگەرانی ئەمنیی وایکردووە ئاوارەکانگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دژوار بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ، دوای نزیکەی دە ساڵ بەسەر شکستی داعش، تا ئێستاش 997 هەزار و 334 کەس لە عێراق ئاوارەن و زیاتر لە 97 هەزاریان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

پاسکال ڕینتینز، سەرۆکی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق، ئەم ئامارانەی ڕاگەیاند و وتی: وێرانبوونی ماڵ و حاڵ و سەختی وەرگرتنی قەرەبوو، نەبوونی هەلی کار، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ژێرخانی ئابووری و نیگەرانی لە نائەمنی و نوێبوونەوەی شەڕ لە گرنگترین ئاستەنگەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی زێدی خۆیانن.

بەپێی چاودێری کردنی دۆخی ماڵان لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوە لە نۆ مانگی یەکەمی دوای گەڕانەوە، لەسەدا 70ی گەڕاوەکان دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان وەک یەکێک لە پێداویستییە دەستبەجێکانیان ڕاگەیاندووە، لەکاتێکدا تەنها لەسەدا 38یان سەرچاوەیەکی ئاسایی داهاتیان هەبووە. هەروەها ڕاپرسییەکە دەریخستووە کە لەسەدا 59ی ماڵەکان هەمیشە دەستیان بە ئاوی خواردنەوەی پاک نەگەیشتووە، هەروەها دەستڕاگەیشتنیان بە ئاو بە تێپەڕبوونی کات زۆر باشتر نەبووە.

عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، هەروەها ڕایگەیاند، دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی وڵاتدا گرت، خێزانە ئاوارەکان ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و ژمارەیەکی زۆریشیان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان بردووە.

عەلی عەباس بانگەشەی ئەوەی کرد کە زۆرینەی ڕەهای ئاوارەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و ژمارەی ماوەتەوە بە بەراورد بە کۆی دانیشتوانی ئاوارە کەمە. بە وتەی ئەو، وەزارەتەکە گەڕانەوەی زیاتر لە 30 هەزار خێزانی تۆمارکردووە. عەلی عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە خێزانەکان خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ناوچەکانیان کۆنترۆڵکردەوە و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە دەستیپێکرد؛ بەڵام هەندێکی تر پێیان باشە ئاوارە بمێننەوە تا ئاسایشی ماڵەکانیان مسۆگەر دەکرێت.

دەڤەری شنگال کە یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی نیشتەجێبوونی ئێزیدییەکان لە پارێزگای نەینەوا بەربەستی جیددی تێدایە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکاندا. پاسکال ڕینتینز، وێرانبوونی ماڵەکان، سەختی وەرگرتنی قەرەبوو، نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بە زمانی کوردی و عەرەبی وەک کێشە سەرەکییەکانی ئەو خێزانانەی کە بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ ئەم ناوچەیە دەستنیشان کرد. هەروەها بەشێک لە خێزانەکان ناچار بوون پارەی منداڵەکانیان بدەن بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی ئەهلی بخوێنن .

عەلی عەباس جێبەجێکردنی پلانێکی حکومەتی بەناونیشانی گەشەپێدانی بەردەوام و وەبەرهێنان لە شنگال بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند کە ئامانجی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئێزیدییەکانە.

داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و هەڵمەتێکی دژی ئێزیدییەکان دەستپێکرد و کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و توندوتیژیی و گێچەڵی سێکسی و موسڵمانکردنی زۆرەملێ ئەنجامدا. بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە خراوەتەڕوو، زیاتر لە پێنج هەزار ئێزیدی کوژراون و نزیکەی شەش هەزاری دیکەش ڕفێنراون و فرۆشراون بە کۆیلەی سێکسی، هاوکات چارەنووسی هەزاران کەسیش تا ئێستا نادیارە.

بەردەوامی بوونی دەیان هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و دژواری گەڕانەوەی بەردەوامیان و نەڕەخسانی هەلی گونجاو بۆ ژیان لە زێدەکانی خۆیان ئەوە دەردەخات کە سەرەڕای چەند ساڵێک بەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، کێشەی بژێوی ژیان و ژێرخان و کێشە ئەمنییەکان ئاستەنگی بەردەوامن بۆ کۆتاییهاتنی قەیرانی ئاوارەبوون لە عێراق.

News ID 60615

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha