بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وردی کەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر هەرێمی کوردستانی بووە و لێکەوتەی ئەمنی و ئابووریی قورسی لێکەوتووەتەوە.
بەم پێیە هەرچەندە هەرێم هەوڵی داوە خۆی لە ململانێکان دوور بخاتەوە و بێلایەن بێت، بەڵام بە سەدان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئامانجە جیاجیاکانی لە هەرێم ئەنجام دراوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە دەرئەنجامە ئەمنییەکانی شەڕەکە ڕاستەوخۆ گواستراوەتەوە بۆ ئابووری هەرێم.
وتیشی: ململانێی ناوچەیی و لێکەوتە ئەمنییەکانی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 70%ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەپێی داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامدراون، ئامانجی بەرفراوانیان کردووەتە ئامانج؛ لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانەوە تا دەگاتە دامەزراوەی وزە و بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی.
یەکێک لە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی ئەم هێرشانە زیانەکانی ئابووری هەرێم بووە.
کەرتی نەوت و گاز، چالاکییەکانی کۆمپانیاکان و ڕەوتی وەبەرهێنانی بیانی، بەهۆی ئەو نائەمنییەی کە بەهۆی شەڕەوە دروست بووە، کاریگەرییان لەسەر بووە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان ساڵانێکە لەگەڵ قەیرانێکی درێژخایەنی داراییدا بەرەڕووە و بەردەوامە لە ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر مووچەی فەرمانبەران و فرۆشتنی نەوت و داهاتی گشتی.
پێشەوا هورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ئەو زیانانەی لەئەنجامی شەڕەکە کەوتووە تا مانگی نیسان، لە هەرێمی کوردستان کە نزیکەی ترلیۆنێک و 500 هەزار دیناری عێراقییە، کە هاوتایە بە نزیکەی ملیارێک و 140 ملیۆن دۆلار، ڕاگەیاند.
هەورامانی بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند: "بڕی ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی شەڕەوە تا مانگی نیسان بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە بە یەک ترلیۆن و 500 ملیار دیناری عێراقی خەمڵێندراوە، کە دەکاتە یەک ملیار و 140 ملیۆن دۆلار، هەروەها ئەو ژمارانەش خراوەتە بەردەم حکومەتی عێراق".
Your Comment