AP ١٤٠٥ گەلاوێژ ٩ ٢١:٠٨

کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ڕێگە بۆ کام وڵات دەکاتەوە؟

کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ڕێگە بۆ کام وڵات دەکاتەوە؟

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی بەغدا و واشنتۆن، کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان گەیاندە قۆناغی جێبەجێ کردنی کۆتایی. ئەمەش لەگەڵ کشانەوەی پەکەکە، دەرفەتێکی نوێی بۆ تورکیا ڕەخساندووە کە کاریگەرییەکانی فراوانتر بکات.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لەگەڵ دەستپێکردنی کشاندنەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت و بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمریکا لە سەروبەندی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی بەغدا و واشنتۆن لە بنکەی هەولێر، ئاماژەکان گۆڕانکاری لە هاوسەنگی ئەمنی لە هەرێمی کوردستاندا نیشان دەدەن.

لەگەڵ کاڵبوونەوەی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ئەوە تورکیایە کە ئەو هەلەی بۆ دەڕەخسێت زیاتر لە جاران هەژمونی خۆی بەسەر باکوورس عێراق و هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت .

تورکیا بە فراوانکردنی دزەی ئەمنی و سەربازی خۆی لە سنوور و ناوچە شاخاوییەکانی باکووری عێراق بە بیانووی ڕاوەدوو نانی پەکەکەو هەروەها ڕێگری لە خراپەکاری لە سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێم و بە ناوی پاراستنی ئەمەنیی وڵاتەکەیەوە، پێدەچێت لە هەموو ئەکتەرێکی دیکە زێاتر خۆی حازر کرد بێت بۆ پڕکردنەوەی جێگای ئەمریکا لە باکووری عێراق.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەلمۆنیتۆر و هەڵسەنگاندنەکانی کەناڵی کوردستان وۆچ بڵاوکراوەتەوە، ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی کەرەستە و هێزەکانی لە سەربازگەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەستیپێکردووە.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنی بەغدا و واشنتۆن، پێویستە تا مانگی ئەیلول، کشانەوەی بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر تەواو بێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتیش لە بنکەی هەولێر هەڵگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند، بەهۆی کەمی مووشەکی ڕێگری و شوێنگیری سیستەمی بەرگری پاتریۆت، ئێستا یەکمایەتی ئەمریکا پاراستنی وڵاتانی کەنداوی فارس و ئوردنە، هەروەها هەرێمی کوردستانیش چیتر لە سەرووی یەکمایەتی و گرینگی بۆ ئەمریکا بوونی نییە.
بەڵام ئەم کشانەوەیە بە مانای کۆتایی هاتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و عێراق نییە. مایکل نایتس، سەرۆکی لێکۆڵینەوە لە پەیمانگای هۆرایزن ئینگەیج بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند، پێدەچێت هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە هەندێک ناوچەی عێراق بە شێوەیەکی سنووردار و کەم بمێننەوە و هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام دەبێت.
هاوکات شرۆڤەکاران پێیان وایە گرنگترین دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕۆڵی تورکیا لە هاوکێشە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا.

پێشهاتەکانی چەند مانگی ڕابردوو دەریدەخات، لەگەڵ کەمبوونەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکا و چەکدانان و کۆتایی هاتنی مەترسی پەکەکە کە بەرە بەرە لە هەندێک ناوچەی ناوچەکە کشاوەتەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کۆنترۆڵیان کردووە، هێزەکانی تورکیا ئامادەیی خۆیان فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی بکەن.
تا ئێستا دیار نییە ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی بڵاوەپێکردنی ڕاستەوخۆی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو شاری هەولێر، بەڵام هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە پەکەکە چیای گارە بەجێدەهێڵێت و سوپای تورکیا جێگەی ئەوان دەگرێتەوە.

ئەگەر ئەم ڕاپۆرتانە ڕاست بن، گرنگی ستراتیژییەکەی تەنانەت لە دامەزراندنی بنکەیەکی هەمیشەیی تورکیا لە هەولێر زیاتر دەبێت.
چیای گارە بەشێکی گرنگی ڕێڕەوی پەیوەندی نێوان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر زاڵە و کۆنترۆڵکردنی دەتوانێت سوودێکی بەرچاو بە تورکیا بدات لە بەڕێوەبردنی پێشهاتە ئەمنییەکانی باکوری عێراق.
بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەم دۆخە هەم دەرفەتە و هەم تەحەدایە. ئەو پارتە لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە لە ڕادەبەدەر پشت بە ئەنقەرە نبەستێت و لە هەمان کاتدا هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ تورکیادا بپارێزێت.

هەر بەو هۆیەشەوە هەولێر پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس و بەتایبەتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی فراوانتر کردووە و کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا پاراستووە و لە هەمان کاتدا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دامەزراندووە.
بەڵام کەمبوونەوەی وردە وردەی بوونی ئەمریکا و فراوانبوونی کاریگەریی مەیدانی و ئەمنی تورکیا دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە تێکبدات. لەم جۆرە هەلومەرجەدا پێدەچێت ئەنقەرە پێگەی خۆی وەک گرنگترین ئەکتەری بیانی لەو ناوچانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کۆنتڕۆڵیان کردووە زیاتر لە جاران بچەسپێنێت؛ پرۆسەیەک کە ڕەنگە وردە وردە پێگەی هەولێر لە سیاسەتی ناوچەکەدا کەم بکاتەوە و زیاتر شوێنی مانۆڕی حزب لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەکتەرەکانی دیکەدا سنووردار بکات.
هەروەها ئەم پێشهاتە ئەوە دەردەخات کە ئایندەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر بەستراوەتەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەنقەرە و هەروەها چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە؛ پرۆسەیەک کە دەتوانێ گۆڕانکاری بەرچاو لە نەخشەی جیۆپۆلەتیکی باکوری عێراق لە ساڵانی داهاتوودا بکات.

News ID 60102

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha