بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،
ماڵپەڕی نەشناڵ کانتکست ئاماژەی کردووە کە لەگەڵ چوونە ناو قۆناغێکی نوێ و پڕۆسەی داماڵینی چەک و چۆڵکردنی بنکەکانی ئەو گرووپە بەدرێژایی سنووری تورکیا، بەڵگە و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دەریدەخەن کە پەکەکە خەریکی بەهێزبوون و ڕێکخستنەوەی بوونی سەربازی خۆی لە هەرێمی کوردستانە، کە دەشێت نیشانەی پلانی ئەو گرووپە بێت بۆ جێگیرکردن دوای چوار دەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم دواییە پەکەکە تونێلی نوێ لە دەڤەری هەڵەبجە دروست دەکات. ئەم ناوچە لە چەند مانگی ڕابردوودا شاهیدی چالاکیی چەکداری بووە و ئەگەر ئەم ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکرێنەوە، ئەوە دەبێتە دوایین ئەڵقە لە پرۆسەی گواستنەوەی وردە وردەی ژێرخانی سەربازیی پەکەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان.
ئەم گۆڕانکارییە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا بە قۆناغ ئەنجامدراوە. پەکەکە لە بنکە سەرەکیەکانیەوە لە چیای قەندیل، بوونی خۆی فراوانتر کردووە بۆ دەڤەرەکانی قەڵادزێ، ئاسۆس، ماوت، پێنجوێن و ئێستا هەڵەبجە.
هەروەها زنجیرە چیای بەردەوامی نێوان قەندیل و هەڵەبجە ڕێگە بە جووڵەی هێزەکان دەدات بەبێ ئەوەی پێویستی بە جێگیرکردنی هەمیشەیی هەبێت بەدرێژایی تەواوی ڕێگاکە.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەموو بنکەکانی پەکەکە بەدرێژایی سنووری عێراق و تورکیا، لە هەفتانین و ئامادێیەوە تا خاکورک و گاران و قەندیل بوون.
بەڵام بە فراوانبوونی بوونی سەربازی هەمیشەیی تورکیا لە باکووری عێراق و دامەزراندنی دەیان بنکەی سەربازی وردە وردە ئەو گرووپە پاڵیان بە باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە هێنا بۆ ناو هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی 2012ەوە، لەگەڵ زیادبوونی نفوزی لاهور شێخ جەنگی لە پێکهاتەی ئەمنی یەکێتی، پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لەگەڵ پەکەکە گەیشتە ئاستێکی نزیک لە هاریکاری ستراتیژی، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی پەکەکە ئامادەیی خۆی لە ناوچەکانی ژێر کاریگەری یەکێتی فراوانتر بکات.
دانوستانەکان لەسەر سنووری تورکیا چڕ دەبنەوە
بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، دەبێت پەکەکە پێگەکانی بەدرێژایی سنووری تورکیا چۆڵ بکات. ئێستا بەشێکی زۆر لەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیادان و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی ئاشتیدا ئەو بنکانەی کە ماونەتەوە ڕادەست بکرێنەوە.
لەبەرامبەردا هیچ نیشانەیەک نەبووە کە ئەنقەرە داوای کشانەوەی پەکەکە بکات لە ناوچەکانی وەک ئاسۆس، ماوت، پێنجوێن، یان هەڵەبجە.
ماڵپەڕەکە ئەمە بە نیشانەیەک دەزانێت کە یەکمایەتی تورکیا ئاسایشی سنوورەکانی و دامەزراندنی ئامادەیی سەربازییە لە کەرتی سنوورەکاندا، نەک بە تەواوی پەکەکە لە عێراق لەناوببات.
یەکگرتن لەگەڵ یەکێتی
هەروەها شیکارییەکە ئاماژە بە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا پەیوەندییە نزیکەکانی ئەم دواییەیان لەگەڵ پەکەکە بەردەوامە. کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی هەردوولا، لەوانەش گفتوگۆ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، ئاماژەن بۆ ئەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و یەکێتی نیشتمانی لەچاو پێشوو چالاکتر بوون.
ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی پارتی
شیکارییەکە بەو ئەنجامە دەگات کە ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، پەکەکە بە سادەیی لە ڕێکخراوێکی چەکدارییەوە ناگۆڕێت بۆ پارتێکی سیاسی لە تورکیا، بەڵکوو بەردەوام دەبێت لە پاراستنی پێگەی خۆی وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی بە پاراستنی ژێرخانی خۆی لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەم پێیە ڕەنگە پرۆسەی ئاشتی کۆتایی ڕۆڵی سەربازی و ناوچەیی پەکەکە نەبێت، بەڵکوو سەرەتای ڕێکخستنەوەی ژێئۆپۆلەتیکی گرووپەکە بێت، کە تیایدا ناوەندی کێشکردنی سەربازیی پەکەکە لە سنوورەکانی تورکیاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت.
Your Comment