AP ١٤٠٥ پووشپەڕ ٣٠ ١٢:٥٨

دادوەری سنە هاتە سەر دۆسیەی ئەو منداڵە بە پەلاماری سەگی بێلانە گیانی لەدەستدا؛ دەستگیری دوو کەس

دادوەری سنە هاتە سەر دۆسیەی ئەو منداڵە بە پەلاماری سەگی بێلانە گیانی لەدەستدا؛ دەستگیری دوو کەس

دوابەدوای ڕووداوی دڵتەزێنی هێرشی سەگی بێلانە لە گەڕەکی کەڵەکەجاڕی شاری سنە کە لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵان گیانی لەدەست دا، دەزگای دادی پارێزگای کوردستان دەستبەجێ هاتە ناو ئەو بابەتە و دۆسیەیەکی یاسایی تۆمار کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەسنیم، سەرۆکی دادوەریی پارێزگای کوردستان دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی دادوەری لەسەر ڕووداوەکە ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنەکانی ئەو بابەتە دەکرێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک یان بەڕێوەبەرێک دەگیرێتەبەر کە نەیتوانیبێت ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ئەمەش هۆکار بوو بێت بۆ ئەم ڕووداوە.

حوجەتولئیسلام سەید حوسێن حوسێنی ڕایگەیاند: دوابەدوای هێرشی سەگی بێلانە بۆ سەر منداڵێک لە گەڕەکی کەڵەکەجاڕی شاری سنە کە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە، دەزگای دادی پارێزگا دەستبەجێ هاتە ناو ئەو بابەتە و دۆسیەیەکی یاسایی تۆمار کرد و ڕێوشوێنی یاسایی پێویستی دەست پێکرد.

ناوبراو زیادی کرد: لەو پێوەندییەدا دوو بەڕێوبەری شارەوانی سنە بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کران بۆ ئەوەی ڕەوتی بەدواداچوون بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم دۆسیەیە بە جیددییەوە بەردەوام بێت.

سەرۆکی دەزگای دادوەری پارێزگای کوردستان بە ئاماژە بە تۆمەتبارکردنی هۆکارەکانی پەیوەندیدار بەم ڕووداوە وتی: بابەتەکە تەنها بەو کەسانە سنووردار نییە کە لە قۆناغی یەکەمدا ناسێنراون و دەستبەسەرن، لێکۆڵینەوەی زیاتریش بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی هەموو ئەو هۆکارانەی بەشدارن لەم ڕووداوەدا.

حوسێنی ئاماژەی بەوەدا: ئەگەر لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە تاکێک یان کەسانێک ڕۆڵیان لەم ڕووداوەدا هەبووە بەهۆی کەمتەرخەمی، نەکردن یان کەم کار کردن، ئەوا بەبێ دوو دڵی دادگایی دەکرێن.

پرسی سەگی بێلانە لە سنە و ئەو مەترسییانەی لێیەوە سەرهەڵدەدەن، چەندین جار لەلایەن میدیاکانەوە وروژێنرابوو؛ بابەتێک کە ئێستا لەگەڵ ڕوودانی ئەم ڕووداوە تاڵە بۆتە یەکێک لە داواکارییە جددییەکانی ڕای گشتی، کەچی بەرپرسانی شارەوانی سنە تا ئێستا هیچ ڕێگاچارەیەکیان بۆ ئەم کێشە نەدۆزیوەتەوە.

News ID 60024

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha