AP ١٤٠٥ پووشپەڕ ٢٨ ١٠:١٥

قۆناغێکی نوێی شەڕ بە هێرشه ڕێکوپێکەکانی ئێران؛ ئەمریکا بۆچی تۆقاوە؟

قۆناغێکی نوێی شەڕ بە هێرشه ڕێکوپێکەکانی ئێران؛ ئەمریکا بۆچی تۆقاوە؟

شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی چووەتە قۆناغێکەوە کە دەکرێت بە خاڵی وەرچەرخان لە هاوکێشە سەربازییەکانی ناوچەکەدا هەژمار بکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەگەر لە ڕۆژانی سەرەتاییدا ئامانجی سەرەکی هەردوولا نیشاندانی دەسەڵات و دروستکردنی خۆپاراستن بووبێت، ئێستا نیشانەی ڕوونی گۆڕانکاری لە سروشتی شەڕەکەدا هەیە؛ گۆڕانکارییەک کە تێیدا وردبینی لە ئامانجگرتن، هەڵبژاردنی ژێرخانی گرنگ و زیادکردنی تێچووی شەڕ بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوونەتە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بوارەکە.
ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی سی ئێن ئێن کە کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا دەکۆڵێتەوە، وێنەیەکی جیاواز لەوەی تا ئێستا گێڕدراوەتەوە دەخاتە ڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرشەکانی ئێران زیانی بە لانیکەم ١٦ بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەشت وڵات گەیاندووە؛ ژمارەیەک کە بەپێی تۆڕەکە زۆرینەی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەخۆدەگرێت.

سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە دەڵێت: "هەرگیز شتێکی لەم شێوەیەمان لە بنکە ئەمریکییەکان نەبینیوە؛ "هێرشی خێرا و ئامانجدار و تەکنەلۆژیای بەرز."
گرنگی ئەم ڕاپۆرتە نەک تەنها لە ژمارەی ئەو ئامانجانەی کە لێیان دراوە، بەڵکوو لە جۆری ئەو ئامانجانەی کە هەڵدەبژێردرێن.

بەپێی وێنەی مانگی دەستکرد و شیکاری سی ئێن ئێن، ئێران لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر ئامانجە کەم بەهاکان بێت، سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن، ڕاداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سیستەمی پەیوەندییەکانی مانگی دەستکرد و تەنانەت فڕۆکەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی کردووەتە ئامانج؛ ئەو ئامێرانەی کە هەریەکەیان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەیە لە باڵادەستی زانیاری و فەرماندەیی ئەمریکا لە کەنداوی فارس و بە سادەیی ناتوانرێت بگۆڕدرێن بەهۆی زۆری تێچوون و سنووردارکردنی بەرهەمهێنان.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێران نەک هەر هەوڵی زیادکردنی ژمارەی هێرشەکان دەدات، بەڵکوو کوالیتی بە ئامانجگرتنیش بەرەو ئاستێکی نوێ بردووە.

لە شەڕی هاوچەرخدا وردبینی یەکلاکەرەوەترە لە قەبارەی تەقە، چونکە لەناوبردنی یەک ناوەندی فەرماندەیی یان سیستەمێکی ڕادار دەتوانێت کاریگەری زۆر زیاتری هەبێت لە شکاندنی دەیان ئامانجی کەم بەها.

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هێرشەکانی ئەم دواییە وەک نیشانەیەک سەیر بکرێت کە ئێران چووەتە قۆناغێکەوە کە "ئیفلیجی تواناکانی ئۆپەراسیۆن" جێگەی "نمایشکردنی دەسەڵات"ی گرتۆتەوە.
کوێت یەکێکە لە نموونە گرنگەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژیدا. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن، کەمپی عاریفجان کە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی لۆجستیکی ئەمریکا لە ناوچەکە دادەنرێت، زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەشێکی بە کردەوە ناتوانرێت بەکاربهێنرێت.

لە هەمان کاتدا ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، کوەیت لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانەوە یەکێک لە خراپترین شەوەکانی بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا دووەم وێستگەی کارەبای وڵاتەکە کراوەتە ئامانج و ئاسمانی کوێتیش داخراوە.
ئەم پێشهاتانە ئەوە دەردەخەن کە چیتر مەیدانی شەڕ تەنها لە هێڵی پێشەوە سنووردار نییە. هەروەها ژێرخانی گرینگ، ناوەندەکانی پشتیوانی و تۆڕەکانی لۆجستیکی بوونەتە بەشێک لە هاوکێشەی جەنگ. بۆ ئەمریکا ئەمە هۆشدارییەکی جدییە؛ چونکە بەشێکی بەرچاوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای ئەم تۆڕە بەرفراوانە لە بنکە و فڕۆکەخانە و ناوەندی سووتەمەنی و سیستەمی پەیوەندییەکان دامەزراوە.
لەم چوارچێوەیەدا ڕۆکسان فەرمانفەرمانیان مامۆستای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی کامبریج لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەشوهەوای سیاسی لە ناوخۆی ئێران گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە سیاسەتی دان بەخۆگرتن چیتر یارمەتی پرۆسەی دانوستان نادات. بە وتەی ناوبراو، پێداچوونەوەیەک بە نووسراوە و شیکارییەکانی میدیاکانی ئێران دەریدەخات کە ڕێبازی باڵادەست تا دێت سەختتر دەبێت و ئەو باوەڕە بەهێزتر بووە کە ئێران دەبێت توانای وەڵامدانەوە و بەرگەگرتن و تۆڵەسەندنەوەی خۆی نیشان بدات و لە هەمان کاتدا فشار بخاتە سەر توانای ئەمریکا بۆ درێژەدان بە شەڕێکی درێژخایەن.
فەرمانفەرمایان خاڵێکی گرنگی دیکەش دەوروژێنێت. بە بۆچوونی ئەو، ئێران کوەیت وەک نموونەیەک لە توانای تۆڵەسەندنەوەی خۆی بەکاردەهێنێت؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر ئەمریکا ژێرخانی گرینگی ئێرانی بکاتە ئامانج، وەک فڕۆکەخانەکان، پردەکان یان وێستگەکانی هەناردە و هاوردە، تاران دەتوانێت ژێرخانی هاوشێوەی ئەو وڵاتانە بکاتە ئامانج کە بنکە ئەمریکییەکان میوانداری دەکەن.

ئەم لۆژیکە چەمکی ڕێگریکردن لە هەڕەشەی زارەکییەوە دەگوازێتەوە بۆ کردەوەی پراکتیکی. هاوکات ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی زیانگەیاندن بە بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن و تەقینەوەکانی بەحرەین و هێرشەکان لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەودای ململانێکان لە دەرەوەی جوگرافیایەکی سنووردار فراوانتر بووە.

ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ئەمریکا ناچار دەبێت سەرچاوەکانی بەرگری خۆی له سەر چەند بەرەی جیاوازدا دابەش بکات، ئەمەش به وتەی زۆرێک له شرۆڤەکارانی سەربازی، دەبێته هۆی کەمبوونەوەی فۆکس و زیادبوونی تێچووی بەرگری.

لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە گرنگترین گۆڕانکاری گۆڕانی ڕێژەی تێچوون و قازانجی شەڕە.

ئەمریکا لە دەیان ساڵی ڕابردوودا هەمیشە پشتی بەو گریمانەیە بەستووە کە دەتوانێت هەر ململانێیەک لە دوورییەکی سەلامەت بەڕێوەببات بە پشت بەستن بە باڵادەستی ئاسمانی و تۆڕی بەرفراوانی بنکە سەربازییەکانی. بەڵام هێرشەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە ئەم تۆڕە فراوانەش بووەتە کۆمەڵێک ئامانجی دەستڕاگەیشتن. تا بنکەکان زیاتر بن، سیستەمی بەرگری و هێزی ئەمنی و تێچووی چاککردنەوە زیاتر زیاد دەکات.
لە لایەکی دیکەوە ئەوەی واشنتۆن زۆر نیگەران دەکات، زیادبوونی وردبینی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانە. لە ساڵانی ڕابردوودا باسی سەرەکی لەسەر ژمارەی مووشەکەکان بوو، بەڵام ئێستا کوالیتی لێدانەکە بووەتە بابەتی سەرەکی. کاتێک ڕادارەکان، ناوەندەکانی پەیوەندیکردن، فڕۆکەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ژێرخانی سەرەکی بە وردبینییەکی بەرز دەکرێنە ئامانج، ئەوە تەنها مانای لەناوبردنی فیزیکی نییە؛ هەروەها توانای فەرماندەیی کەمدەکاتەوە، هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکان تێکدەدات و توانای وەڵامدانەوەی خێرا لاواز دەکات.
لە هەلومەرجێکی لەم جۆرەدا ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لەبەردەم واقیعێکی نوێدان. ئەگەر لە ڕابردوودا وا بیر دەکرایەوە کە شەڕەکە تەنیا لەسەر خاکی ئێران یان لە دەوروبەری بەڕێوەدەبرێت، ئێستا مەودای هەڕەشەکە فراوان بووە بۆ تەواوی تۆڕی بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا.

ئەمه هەمان ئەو گۆڕانکارییەیە که دەتوانێت کاریگەری له سەر حیساباتی سیاسی و سەڕبازی واشنتۆن بکات.
بە کورتی، ئەگەر ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت، دەتوانرێت بڵێین شەڕەکە چووەتە لاپەڕەیەکی نوێ؛ لاپەڕەیەک کە ژمارەی مووشەکەکان چیتر هۆکاری دیاریکەر نییە، بەڵکو وردبینی و هەڵبژاردنی ئامانج و توانای ئیفلیجکردنی ژێرخانی گرینگ هاوکێشەکە پێکدەهێنن. ئەم پەرەسەندنە گرنگترین تەحەدای بەردەم ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت؛ چونکە بۆ یەکەمجارە بەشێکی سەرەکی تۆڕی سەربازییان لە ناوچەکەدا نەک هەر لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵکو بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرکەوتەی زیانی کاریگەرە. لەم جۆرە بارودۆخەدا هەر بڕیارێک بۆ بەردەوامبوون یان فراوانکردنی شەڕەکە، تێچووی زۆر قورستر لە ڕابردوو بۆ واشنتۆن و هاوبەشە ناوچەییەکانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

News ID 60004

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha