بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی پووشپەڕ ، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە بیستەمین دانیشتنی کۆنفرانسی یەکیەتیی پەرلەمانی ڕێکخراوەی هاوکاری ئیسلامی لە باکۆ وتارێکی پێشکەش کرد.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی وتی: بەرخۆدانی توندی هێزە چەکدارەکان و بەرخۆدانی قارەمانانەی خەڵک لە شەقامەکاندا بووە هۆی ئەوەی ئێران تێچووی قورس بەسەر ئەمریکا و ڕژێمی ساختەی ئیسرائیلدا بسەپێنێت.
وتیشی: ئەم خۆڕاگرییە، کە لە ئیمانەوە سەرچاوەی گرتووە ، هۆکاری بێ ئومێدی دوژمن بوو لە گەیشتن بە ئامانجەکانی و ناچاری کرد لە مەیدانەکانی خەبات و دانوستاندا تەسلیم بێت.
ئەم شەڕە تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵێکی ڕێکخراو بوو بۆ گۆڕینی هاوسەنگی ستراتیژی ناوچەکە و سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر نەتەوەیەکی ئازاددا. پلاندانەرانی ئەم دەستدرێژییە پێیان وابوو کە دەتوانن بە گوشاری سەربازی، گەمارۆدان، ئۆپەراسیۆنی دەروونی و کردەی تیرۆریستی، نەتەوەی ئێران ناچار بکەن پاشەکشە بکەن و هاوکێشە ناوچەییەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بنووسنەوە.
قاڵیباف زیادی کرد: ئەوەی ڕوویدا تەواو پێچەوانە بوو لەگەڵ حیساباتی پلاندانەرانی جەنگ. میللەتی ئێران نیشانی دا کە سەردەمی سەپاندنی ئیرادە بەسەر گەلانی سەربەخۆدا کۆتایی هات و بینیتان جیهان چۆن سەرسام بوو بەم کۆڵنەدان و سەرکەوتنە.
جەختیشی کرد: هەرچەندە ئەم شەڕە تێچووی قورسی بەسەر میللەتەکەماندا سەپاند، بەڵام ئەو ڕاستییە بنەڕەتییەی ئاشکرا کرد کە بەرخۆدان و خۆڕاگریی خەڵک وەک دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە لە سەختترین بارودۆخدا حیساباتی دەستدرێژکاران تێکدەدات.
ئاشتی بەردەوام بەرهەمی ملکەچبوون و فشار و زەلیلکردن نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی دەسەڵات و کەرامەت و ڕێزگرتنە.
سەرکەوتنی نەتەوەی ئێران ئەم پەیامە گرنگە بۆ موسڵمانانی جیهان دەنێرێت کە پاراستنی سەربەخۆیی و کەرامەتی نەتەوەیی پەیوەستە بە باوەڕبوون بە فێرکارییەکانی ئیسلام کە مرۆڤسازییە.
Your Comment