بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە ڕاپۆرتێکدا کە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی دەکات، فارێن پاڵسی هۆشداریدا لەوەی کە چەقبەستوویی سیاسی لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان و پۆستە حکومییەکان، هەرێمی کوردستانی خستۆتە لێواری هەڵوەشانەوە و گەڕانەوە بۆ مۆدێلی دوو ئیدارەیی لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کە جگە لە لاوازکردنی ئۆتۆنۆمی و پێگەی هەرێم لە قەوارەی فیدراڵی عێراقدا، دەتوانێت پشتیوانی لە کورد و کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان کەم بکاتەوە.
لە وتارێکدا بەناونیشانی (ئایا هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە؟)، فارێن پاڵسی نووسیویەتی: پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لایەنی سەرەکی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ، هەرێمەکەی بەرەوڕووی یەکێک لە قەیرانە سیاسییە جیددییەکان لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە کردۆتەوە.
ئێستا ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان و پۆستە حکومییەکان گەیشتووەتە قۆناغێک کە جارێکی دیکە ئەگەری پێکهێنانی دوو حکومەتی جیاواز و دوو ئیدارەی جیاواز لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە.
ئەم دۆخە دەتوانێت دەستکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانی کورد لە چەند دەیەی ڕابردوو بخاتە مەترسییەوە.
هەروەها پیتەر گالبرایت، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا کە زیاتر لە چوار دەیە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کورد هەیە، گەڕانەوەی بۆ سیستەمی دوو ئیدارەی ساڵانی نەوەدەکانیش بە هەنگاوێک دەبینی کە دەستکەوتەکانی کورد تێکدەدات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دووبەرەکیی حزبی لە وڵاتانی جۆربەجۆر، داخی خۆی دەربڕی کە سیاسەتمەدارانی کورد ڕێگە بە ڕکابەریی حزبی دەدا و دەستکەوتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە قەیرانی ئێستا لە ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان و پۆستەکانی پەرلەمان تێدەپەڕێت و دەشێت مەترسی لەسەر بوونی پێکهاتەیەکی سیاسی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان دروست بکات. هەرچەندە هێشتا ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی ئەگەری هەیە و ئەمریکاش دژی دابەشکردنی ناوچەکەیە بۆ دوو ئیدارەیی، بەڵام بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو لایەن ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوە بۆ بارودۆخی نەوەدەکان.
لە هەلومەرجێکی وادا نەک هەر ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان و جێگای خۆی لە پێکهاتەی فیدراڵی عێراقدا لاواز دەبێت، بەڵکوو پاڵپشتی نێودەوڵەتیش بۆی دەکرێت کەم ببێتەوە و هاووڵاتیانی هەرێم باجی سەرەکی ڕکابەریی سیاسی نێوان ئەو دوو حزبە دەدەن.
Your Comment