بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ئاژانسی هاوار، سیاسەتوانانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کاردانەوە بە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی دەوڵەتی کاتی سووریا بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ڕایانگەیاند: لە هەڵبژاردنێکدا کە لە 210 نوێنەری پەرلەمان، 70 کەسیان ڕاستەوخۆ لە لایەن سەرۆکی دەوڵەتەوە دیاری کراون، نەک شەرئییەتی نییە، بەڵکوو بەرییە لە هیچ جۆرە پێوەرێکی دیموکراتیک و ڕوون و درێژەدەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی بەعسە.
لەمناوە دوکتۆر حسێن ئەعزام، نوێنەری نووسینگەی سیاسی MSD، بە ئاماژە بەوەی کە هەڵبژاردنەکان دەبێ نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی سووریا و هەڵگری ڕکابەرییەکی دروست لە نێوان بەربژێرەکان بێت، ڕایگەیاند: خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەو هەڵبژاردنانە بە فەرمی ناناسن، چونکە هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارت، ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە نییە و هیچ پەیوەندیی بە دیموکراسییەوە نییە.
ئەعزام هەروەها لەبارەی دەستنیشانکران هەندێک لە نوێنەرانی پەرلەمان لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە، وتی: ئەو کارە دیموکراتیک نییە و ئەو نوێنەرانە ناتوانن نوێنەری خەڵکی سووریا بن و لەو سۆنگەوە ئێمە ئەو هەڵبژاردنانە قبووڵ ناکەین و دەوڵەتی کاتی نیشانی دا بەو کارەی درێژەی بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی پێشوو دەدات و پەرلەمانێک پێک دێنێت کە دەنگی دەوڵەتی ناوەندی و لە خزمەتی دەسەڵاتدا بێت، نەک لە خزمەتی خەڵک و جەماوەر.
ئیلهام مەتلە، نوێنەری یەکێتی ژنانی سووریاش ڕایگەیاند: دەوڵەتی کاتی هەوڵی سنووردارکردنی بەشداریی ژنان دەدات، لە کاتێکدا کە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشکی لەسەدا 50ـیان لە ئاستی بەڕێوەبەریدا هەیە و هەر ئەوە نیشاندەری ڕووی نادیموکراتیکی هەڵبژاردنەکانە و سڕینەوەی ژنان لە ڕەوتی بەشداریدا شوورەییە بۆ دەوڵەتی دیمەشق.
ئیفرام ئیسحاق، ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی سووریا، بە ئاماژە بەوەی کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەتوانێ گرینگترین بەستێنی دیموکراسی و بەشداریی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی بێت، جەختی کرد: هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بەڵام بەجۆرە نییە و بەبێ بەشداریی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سوەیدا و کەمینەکانی مەسیحی و سوریانی بەڕێوە چووە و هەڵبژاردنێکە کە لە حەقیقەت و ئازادی بەدوورە. هەر بۆیە ئاستی بەشداری جەماوەری بەو ڕادەیە کەمە.
عومران سەعید، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی پارتی چەپی دیموکراتیکیش وتی: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کاتێک بە چاودێریی دەوڵەتی کاتی بەڕێوە دەچێت، بەرەوڕووی دانانی ڕاستەوخۆ و دوورخستنەوەی خەڵکی دەبێت. ئەم هەڵبژاردنانە شەرعییەتیان نییە و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک و فرەچەشنی فەرهەنگیان ڕۆماڵ نادەن.
فەرهاد تەلۆی سەرۆکی پارتی لیبراڵی سووریاش ئەو هەڵبژاردنانەی بە ناشەرعی زانی و ڕاشیگەیاند: ئەو هەڵبژاردنانە نوێنەری خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە و تەنیا بە قازانجی گرووپە ملیشیا و جیهادییەکانە و دەوڵەتی کاتی دیمەشق بەو کارە هەوڵ دەدا بەو کارە خەڵکی بە ئاراستەی شەرعییەتدان بە گرووپە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا ببات و هەڵبژاردنەکان چ دەروەستیان بە دیموکراسییەوە نییە.
Your Comment