AP ١٤٠٤ گەلاوێژ ١٢ ١٣:٣٦

شەهباز شەریف: ئێران و پاکستان بە هیچ شێوەیەک تیرۆر قبووڵ ناکەن

شەهباز شەریف: ئێران و پاکستان بە هیچ شێوەیەک تیرۆر قبووڵ ناکەن

سەرۆک وەزیرانی پاکستان وتی: هەوڵەکانی ئێران و ئایەتوڵڵا خامنەیی لە پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە جێگای دەستخۆشییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران وتی:گەلی پاکستانیش وەک گەلی ئێران داکۆکی لە مافی خەڵکی غەززە دەکات.

شەهباز شەریف وتی: منداڵان و خەڵکی غەززە لە برسێتیدا دەمرن؛ وڵاتان و گەلانی جیهان کار بکەن بۆ ئاشتی هەمیشەیی و ئاگربەست لە فەلەستین؛ دەبێت هەموو هێزمان بەکاربهێنین، ئەگینا مێژوو لەبیرمان ناکات.
جەختیشی کرد: ئێران و پاکستان سنووری هاوبەشیان زۆرە؛ دەبێت بەرگری لە سنوورەکان بکەین لە دژی تیرۆر.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند: ئێران و پاکستان ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە تیرۆر؛ ئێمە هیچ جۆرە تیرۆرێک لە ئێران قبووڵ ناکەین. ئەگەر کەسێک لە ئێران بکرێتە ئامانجی تیرۆر، وەک ئەوە وایە کەسێک لە پاکستان بکرێتە ئامانجی تیرۆر.

لای خۆیەوە پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران وتی: دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ جارێکی دیکە پێویستیی کۆدەنگیی ناوچەیی و جیهانیی لە دژی کردەوەی ڕژیمی زایۆنی ئاشکرا کرد.

سەرۆک کۆمار لە دیدارێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند: هەردوولا پێیان وایە کە پێویستە هاوکاریی چالاکانەتر و کاریگەرتر و پراگماتیکتر بە بەشداری وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتانی موسڵمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیستی پێکبهێنرێت.

لەو چوارچێوەیەدا باس لە دەستپێشخەرییەکان کرا بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان بۆ دروستکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.

دوو وڵات داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، خۆیان لە دوو ستانداردی و دوو فاقی بەدوور بگرن و ڕۆڵی کارا بگێڕن لە ڕێگریکردن لە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی وڵاتانی ئەندام، فراوانکردنی بازنەی شەڕ و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی.

News ID 56244

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha