AP ١٤٠٤ خاکەلێوە ٤ ١٨:٢١

قەیرانی سیاسی تورکیا، زەنگی مەترسییە بۆ دانوستانی ئاشتی

قەیرانی سیاسی تورکیا، زەنگی مەترسییە بۆ دانوستانی ئاشتی

قەیرانە سیاسییەکانی تورکیا و لەوان دەستگیریی ئیمام ئۆغڵو و بایکۆتی ئۆپۆزیسیۆن، پێدەچی ببێتە ئاستەنگ و مەترسییەک لە بەردەم سەرکەوتنەکانی دانوستانی ئاشتی لەگەڵ کوردەکانی ئەو وڵاتە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: هەواڵدەریی فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە بەڕیوەچوونی جەژنی نەورۆز لە لایەن کوردەکانی سووریا، نەبوونی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە و دەستگیرکرانی ڕکابەری سەرەکیی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا، نووسی: سێ حەوتە پاش ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داوای لە شەڕڤانانی خۆی کرد بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوە، کوردەکانی تورکیا ڕۆژی هەینی بە بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز و بە بیانووی ساڵی نوێ، هەڵپەڕین. ئەوە لە کاتێکدائە کە دوورنوێنی ئاشتی هێشتا دوورەدەستە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک، بەرەوڕووی ڕووداو و ئاژاوەگەلێکی وەک دەستگیریی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، شارەوانی ئەستەنبۆڵ و لە کەسایەتییە دژبەرە ناسراوەکانی تورکیا بۆتەوە.

ئەگەرچی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان وەک سێهەم پارتی گەورەی پەرلەمانی تورکیا هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لەوبارەیەوە هەڵوێستیان نواند و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی ئەو پارتە، ڕایگەیاندبوو کە "کڕکردنی دەنگی دژبەران، وڵات بە ئاراستەی بشێوی و نائارامی دەبات"، بەڵام لە وەڵامی ئەو خەڵکەی ئەوساڵ و لە جەژنی نەورۆزدا، تامەزرۆیانە و بە جل‌وبەرگی ڕەنگاڵە و نەریتییەوە هاتبوون بۆ بیستینی دەنگی سەرۆکی زیندانی‌کراوی پەکەکە، ڕایانگەیاند کە "ئەوساڵ بە هۆی وەڵامنەدانەوەی دەوڵەت بو دیداری نوێیان لەگەڵ ئۆجەلان، هیچ پەیامێکیان لەو نابێت".

لە لایەکی دیکەوە ڕێبەرانی سەربازیی پەکەکە باوەی کە پێشوازییان لە داواکارییەکەی ئۆجەلان کردبوو و ئاگربڕیان ڕاگەیاندبوو و بەڵێنی بەڕیوەبردنی کۆنگرە هەڵوەشاندنەوەی دابوو، لە حەوتەیەک لەوە پێشەوە، جەخت لەوە دەکات کە بە هۆی درێژەی هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیا، هەلی بەڕێوەچوونی دانیشتنێک بۆ سەرکردەکانی ئەو پارتە نەڕەخساوە و ڕوون نییە کە ئایا ئۆجەلان دەتوانێ ڕێبەری و بەرپرسایەتیی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە لە ئەستۆدا بێت.

لای دەوڵەتیشە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا هوشداری داوە کە لە ئەگەری ڕانەپەڕاندن یان وەدواخستنی بەڵینیی چەکدانان، پەکەکە دەبێ چاوەروانی پاشهاتی زۆر دژوار بێت.

ئایا ڕەوتی ئاشتی پشتگوێ خراوە؟

دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانی نەتەوەپەرەستی ئەردۆغان ڕۆژی پێنج‌شەممەی ڕابردوو، پێشنیاری کرد کە ڕێبەرانی پەکەکە لە بەرواری 4ی مەی لە مالازگرێت لە ڕۆژهەڵاتی تورکیادا دیدار بکەن و وتی: پەکەکە دەبێ خێرا کۆنگرەی هەڵوەشانەوە و چەکدانانی بەڕێوە ببات، بۆوەی داواکاریی 27ی فێڤرییەی [ئۆجەلان] بێ‌بایەخ نەبێت".

کەچی لە دوای داواکارییەکەی ئۆجەلان، ئەرتەشی تورکیا ڕۆژێک نەبووە کە بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی بۆردومان نەکردبێت و ئەمەش بۆتە هۆی هەڵوێستی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و بە تایبەت جەمیل بایک لە 14ی مارچ کە وتبووی "بەڕیوەچوونی کۆنگرە لە ئاوەها هەلومەرجێکدا (زۆر مەترسیدار)ە".

لە لایەکی ترەوە ئەنقەرە نیگەرانی کوردەکانی سووریایە و کاتێک هەسەدە لە مانگی مارچدا لەگەڵ دەوڵەتی نوێێ دیمەشقدا ڕێککەوتن بۆ ئاوێتەکردنی هێز، ئەردۆغان وتبووی "ئەم ڕەوتە یارمەتیی وەدی‌هاتنی ئاشتی دەدات"، کەچی ئەو ڕەوتە هەر لە ئێستاوە تووشی کێشە هاتووە.

دوایین ئاستەنگی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی، بایکۆتی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا، بەتایبەت دوای دەستگیریی شارەوانی ئەستەنبۆڵ و وەلانانی 10 شارەوانی دەم‌پارتی لە مانگەکانی ڕابردووە.

بۆ وێنە گۆنۆل توول سەرۆکی پلانی توێژینەوەی تورکیا لە ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە واشنتۆن لای وایە: "ئەوی بە سەر ئیمام ئۆغڵو، ڕەوتی دیموکراتیکی تورکیا و سووریادا دێت، بێ گومان دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی ئەو ڕەوتەی بە داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە دەستی پێکردووە".

ناوبراو لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی AFP وتبوو: "بە ئاوڕدانەوە لە ئاژاوەی ئێستای ناو شارەکانی تورکیادا، پەکەکەش ئەنگێزەیەکی ئەوتۆی نەماوە بۆ ڕاپەڕاندنی بڕیارەکانی".

News ID 54388

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha