ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی: ڕووداوە دراماتیکەکانی سووریا و ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بەڕادەیەک خێرا ڕووی دا کە هیچ بڕوای نەدەکرد. بەلام ئێستا تیرۆریستان دەبێ لە بیری داهاتووی ئیدارەی ئەو وڵاتە و کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی سووریا لە سەر هەلومەرجی جیهانی عەرەب و هاوکێشەکانی دەسەڵات لە ناوچەدا بن.
سەروەریی سووریا لە ئێستادا بەرەوڕووی ئاستەنگەلێکی زۆر بۆتەوە کە گرنگترینیان شێوەی ئیدارەی سیاسییە کە دەبێ ببێتە هۆی سەقامگیری لە سووریادا و هەروەها کێیەتی ڕێبەرانی ئەو وڵاتە عەرەبییە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر قۆناغی داهاتوودا دەبێت.
ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی
لەو ڕووەوە کە ڕەوتە ڕووخێنەرەکان لە سووریادا زۆرتر ملیشیا پاڵپشتکراوەکانی باڵە دەرەوەییەکانن، پێناچێت ڕەوتی سیاسی ڕەسەن یان نەتەوەخواز بۆ ئەو وڵاتە بن. لە لایەکی ترەوە دوور نییە کە ئەم ڕەوتانە بۆ چارەسەریی کێشەی سیاسی یان ئایدۆلۆژیکی خۆیان دەست بدەنە چەک. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەنگە بەرژەوەندیی لایەنە دەرەوەییەکان پێشەکییەک بێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و دابەشبوونی ئەو وڵاتە.
لە لایەکی ترەوە کۆمەڵگای سووریا کۆمەڵگایەکە بە پێکهاتە و مەزهەبی جۆراوجۆر و ئەگەر گرووپە چەکدارەکان ئەگەر بیانەوێ هاوسەنگی لە نێوان ڕەوتە سەرەکییەکان ساز بدەن و دەوڵەتی پشتئەستوور بەو ڕێککەوتنە بێتە سەر کار بۆ ئەوەی سەروەرییەکی وەک لوبنان و حیراق ساز بدات، مومکینە کارەساتێکی گەورەتر بقەومێت و ئامانجەکانی ڕژیمی زایۆنی بۆ داشبوونی جیهانی عەرەب و زاڵبوونی خۆی بە سەر ناوچەدا وەدی بێت.
ئاستەنگی ڕووسیا
دەسەڵاتی تیرۆریستان لە سووریا لە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتانی بیانیش بەرەوڕووی کێشەیە. ئەم بابەتە لە شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ڕژیمی زایۆنی سەرنج ڕاکێشە. سووریا لە ١٣ ساڵ لەوە پێشەوە تا ئێستا تووشی شەڕ و ململانێی سەرووناوچەییە و لەمناوە ڕووسیا بنکە ئاسمانییەکانی خۆی هەر لە سووریادا پاراستووە و دیار نییە کە ئایا دەیەوێ بە شێوەی خۆویستانە ئەو بنکانە بەجێ بێڵێت، یان کشانەوەی لەو بنکانەی گرێ داوە بە مەرجی کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەگەلێک لە خاکی سووریا بەتایبەت ناوچە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە.
ئاستەنگی تورکیا
ئەگەرچی تورکیا لە ئێستادا جێ پێی خۆی لە سووریادا کردۆتەوە و سەبارەت بە سەرکەوتن تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی خۆی و ڕووخانی بەشار ئەسەد خۆشحاڵە؛ بەلام ئایا هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی نەتەوەخواز لە سووریادا، ەئو وڵاتە بەرەوی ئاستەنگ و گرفت دەکات و ئەو دەوڵەتە لە دوو لایەنەوە بەرەوڕووی تورکیا دەبێتەوە: یەکەم لە سۆنگەی زێدخوازیی مێژوویی تورکیاەوە و تەماعی بۆ بەشێک لە خاکی سووریا و دووەم لە بابەتی بوونی کوردەکانی سووریا، چونکە تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بە ڕەوتێکی تیرۆریستی و سەر بە پەکەکەی دەزانێت و دیارە کوردەکانیش بە ورووژاندنی پرسی دەوڵەتی خۆسەر تەشەنەیان بەم پرسە داوە.
ئاستەنگی ڕژیمی زایۆنی
زێدەخوازیی ڕژیمی زایۆنی لە سووریادا دەتوانێ تاقیکارییەکی جیدی بێت بۆ سەروەریی نوێی ئەو ئەوڵاتە و شوناسی ڕاستەقینەی هەڵوێستە ئایینی و شارستانییەتەکانی. دیارە داگیرکاریی زایۆنییەکان لە سووریادا تەواو ئاشکرایە و پێویستی بە هیچ بەڵگە و دایکۆمێنتێک نییە و ئێستا دەبێ چاوەروان بین بزانین دەوڵەتی نوێی سووریا چۆناوچۆن بەرەوڕووی ئەو ئاستەنگە و ئاستەنگەکانی تر دەبێتەوە.
Your Comment