بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتیو کوتلەی بابلیۆنو سێ ئەندامی عەرەبی سوننە لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەبێ پارتیو بەرەی تورکمانیو هاوپەیمانی عەرەبی، لەهۆتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کۆبونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
لەکۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، نۆ ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لەکۆبونەوەکەی بەغدا کردو نیسابی یاساییان تەواوکرد، دواتر ڕێبوار تەها لەفراکسیۆنی یەکێتی بەپارێزگارو ئیبراهیم تەمیمی بەجێگری پارێزگارو هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بەسەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.
شێرزاد سەمەد بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکەرکوک بۆ دەنگی ئەمریکا قسهی كردووە وتوویەتى:"بەسەرکردایەتی پارتی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لەکەرکوک دەدرێت، پارتی بوە بەزمانحاڵی ئەو عەرەبو تورکمانانەی چەندین ساڵە دژایەتی کورد دەکەن".
سەبارەت بەوەی تاچەند پارێزگاری نوێی کەرکوک کە لەپشکی حزبەکەیەتی توانای بەهێزکردنی پێگەی کوردی لەو پارێزگایە هەیە، شێرزاد سەمەد ئاماژهى بهوهداوه،"لەخاڵی سفرەوە چەند پۆینتێک سەرکەوتوین، ڕێژەی سەرکەوتنی کورد گرێدراوە بەدەستوەردانی ئیقلیمیو پیلانگێڕیی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ هەیە بۆ لێکتێگەیشتن لەنێوان کوتلەو پێکهاتەکان".
هەریەک لەپارتیو بەرەی تورکمانیو هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆکایەتی ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشوی کەرکوک، کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبەغدا بەنایاسایی ناودەبەنو جەختدەکەنەوە، لەدادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەن.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەش، هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لەگردبوونەوەو خۆپیشاندان لەشاری کەرکوک بڵاوەیان پێکرا، بەتایبەت بەهۆی بانگەشەکردن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەلایەن لایەنگرانی ڕاکان جبورییەوە.
کامەران کەرکوکی ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنی پارتی باسى لهوهكردوه، "ئەوەی ڕویدا بهبێ کێشە تێپەڕ نابێت، چونکە تورکیا ڕۆڵی لەکەرکوک هەیەو دەستەوەستان نابێت، 150 پۆست لەکەرکوک هەیەو نابێت بەهەڕەمەکیو سیاسەتی ئەمری واقیع دابەشبکرێن، دەبێت جارێکی تر ڕێککەوتن بکرێت، بەڵام یەکێتی دەیەوێت بەتەنازولو پێدانی پۆست تورکمان بێدەنگ بکات".
بەگوێرهى ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی پێنج كورسى، پارتی دوو کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی سێ کورسی، کوتلەی تەقەدوم دوو کورسی، کوتلەی عەزم یهك کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسیو کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.
هەریەک لەکوتلەی یەکێتی بهپێنج کورسیو کوتلەی تەقەدومو عەزم کە خاوەنی سێ کورسین لەگەڵ کوتلەی بابلیۆن کە کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی هەیە، توانییان نۆ کورسی کۆبکەنەوەو نیسابی یاسایی تەواوبکەنو حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام پارتی دوو کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی سێ کورسیو بەرەی تورکمانی کە دوو کورسی هەیە، بایکۆتی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان کرد.
سەوسەن جەدوع ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنی بەرەی تورکمانی بەدەنگی ئەمریکای وتوه،"ئەو دانیشتنەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەشاری بەغدا پێشێلکردنی یاسا بوو، چونکە پێکهاتەی تورکمان بەشدارنەبون تێیداو دانیشتنەکەش لەڕۆژی شەممەو لەکاتی پشودا ئەنجامدراوە، ئەمە جگەلەوەی کۆبونەوەکە براوەتە دەرەوەی پارێزگای کەرکوک"
سەرباری بایکۆتکردنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە، بەڵام غەریب عەسکەر ئەندامی پهرلهمانى عێراقو نوێنەری تورکمانە شیعەکانی کەرکوک ئامادەی کۆبونەوەکە بوو.
سەوسەن جەدوع دەڵێت: "وەکوو پێکهاتەی تورکمان کەسمان ڕانەسپاردوە بۆ ڕێککەوتنو دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک، ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی دەگرینەبەرو کێشەی کەرکوک تەنها بەتەوافوق چارەسەردەبێت".
پێشتریش یەکێتیو پارتی لەململانێیەکی تونددا بون بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بەڵام ناکۆکی نێوان خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسی وایکرد هاوکێشەکە بەلای بەرژەوەندیی یەکێتیدا یەکلایی ببێتەوە، بەتایبەت سێ کورسییەکەی حەلبوسی چونە پاڵ یەکێتیو سێ کورسییەکەی خەنجەر لەگەڵ پارتیدا مانەوە.
نەجات حسێن سەرکردەی سیاسی تورکمانی شیعە بە میدیاکانی وتوه، "پێشتر خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسی سەردانی تورکیایان کردو سەرۆک کۆماریان بینی، دواتر دوو بەرپرسی تورکمانیش چونە ئەو وڵاتە، ڕێککەوتنەکە وابوو عەرەبو تورکمان پێکەوەبنو عەرەب سەرپەرشتی دانوستان بکات، گەر فەرمان نەبوایەو تورکمان بەتەنها دانوستانی لەگەڵ کورد بکردایە، کورد پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەتورکمان دەدا"
سەرباری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە، بەڵام پۆستی جێگری پارێزگارو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو چەندین پۆستی تر بۆ تورکمان دانراون.
نەجات حسێن دەشڵێت: "هیچ گرفتێک ڕوونادات و ئەم ڕێککەوتنەی ئەنجامدرا سەردەگرێت، پۆستەکان بۆ تورکمان دانراوەو پۆستیش بەو سێ ئەندامە عەرەبەی ئەنجومەن دەدرێت کە لەدەرەوەی ڕێککەوتنەکە بوون، ڕێککەوتنەکە بەئاگاداریی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانو دادگای فیدراڵی ئەنجامدراوەو ڕێککەوتن نەکرایە دەبوایە هەڵبژاردن لەکەرکوک ئەنجامبدرایەتەوە، کەس لەگەڵ ئەمەدا نەبوو".
Your Comment