بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەم دیدارەدا "نێچیرڤان بارزانی" خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە هاوبەشییە ئایینی و مێژوویی و کولتوورییەکان لە ماوەی چەندین ساڵەی دراوسێیەتیدا، پەیوەندی قووڵی لە نێوان هەردوولا دروستکردووە
وتیشی: کۆماری ئیسلامی دۆستی ڕۆژە سەختەکانە و ئەو وڵاتەیە کە هەمیشە لەکاتی سەرهەڵدانی کێشەکان لە تەنیشت عێراق و هەرێمی کوردستان وەستاوە، دڵسۆزانە سپاسی دەکەین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ئاماژە بە ڕۆڵی شەهید قاسم سولەیمانی لە ئاسایش و مانەوەی کوردستان، جەختی کرد: بناغەی عێراقی نوێ و پەیوەندییەکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی هاوکارییە دڵخۆشکەرەکانی ئێران و عێراقە. و هەربۆیە ئێران تەنیا دراوسێ نییە بۆ ئێمە. ئەگەر شۆڕشی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی نەبوایە، نەدەزانرا چارەنووسی ئەمڕۆی بزووتنەوەی کورد چی دەبێت. ڕێزگرتن لەم هاوکاریانە هێڵێکی سوورە کە هەرگیز نایبڕین.
بارزانی ڕایگەیاند: سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆناشدا دانەخراون .
زیادیشی کرد: چاوەڕوانیمان لە ئێران ئەوەیە کە بەردەوام لە تەنیشتمان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و بنیاتنانی وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو . پەیوەندییەکانی ڕابردوومان جێگەی شانازییە و هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشاوەتر و باشترە لە ڕابردوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هیچ عەقڵی ساغ ڕێگەمان پێنادات پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێکی زلهێز و دۆستدا وەلانێن بۆ هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتێک کە ئەمڕۆ لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش جەختی لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق کردەوە.
Your Comment