بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عوسمان عەبدوڵا گوڵپی ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاندووە کە بەڵێنەکان بۆ دابەشکردنی مووچە و داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراون و تاوەکو ئێستاش دیارنییە کەی مووچەی مانگی شوبات دابەشدەکرێت.
وتیشی: مامۆستایان ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێ دەکەن کە ناڕەزایەتییەکانیان بەرنە قۆناغێکی نوێوە و وەکوو پێشتر نەمێنێت، بەجۆرێک کاریگەری زیاتر بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەوڵدەدرێت ناڕەزایەتییەکان فراوانتر بکرێن و تەنیا لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و خۆپیشاندانی مامۆستایاندا نەمێنێتەوە، بەڵکو ناڕەزایەتیی هەموو ناوچەکان و چین و توێژەکان بگرێتەوە، تەنانەت ناڕەزایەتییەکان بەرنە شاری هەولێریش.
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە، دوو رۆژە بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە، هاوکات ئێستا 18 رۆژ بەسەر مانگی سێدا تێپەڕیوە بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی دوو دابەشنەکراوە.
Your Comment