AP ١٤٠٤ خاکەلێوە ١٠ ٠٨:١٢

داهاتووی لێڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین

داهاتووی لێڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین

لەناو گۆڕانکارییە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایندەی کورد لە تورکیا و سووریا بۆتە پرسێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵنگاری.

ئاژانسی هەواڵی مێهر،بەشی نێودەوڵەتی_بەختیار ئەحمەد ساڵح: دەیڤید ماکدۆڤڵ، مێژوونووسێکی دیار و نووسەری کتێبی "مێژووی مۆدێرنى کورد" لە چاوپێکەوتنێکی شیکاریدا وێنەیەکی تاڕادەیەک تاریکی بۆ کورد دەکێشێت. ڕوانگەیەک کە کاریگەرە فاکتەرەکانی وەک داکشانى هەژمونى ئەمریکا، دەرکەوتنی سەرکردە خۆسەپێنەکانی وەک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لاوازی نوێنەرایەتی کورد لە دانوستانە ناوچەییەکان و گۆڕانی ئەولەویەتەکانی کارەکتەرە جیهانی و ناوچەییەکان.

هاوسەنگی هێزو داکشانى ڕۆڵی ئەمەریکا
یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکانى شیکردنەوەی ماکدۆڤڵ داکشانى هەژمونی ئەمریکایە لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو پێی وایە ئەم بۆشایی دەسەڵاتە بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، ڕێگەی بە سەرکردە ناوچەییەکانی وەک ئەردۆغان داوە بەبێ ئەوەی نیگەران بن لە کاردانەوەی نێودەوڵەتی، سیاسەتەکانیان جێبەجێ بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە کورد کە لە زۆر کاتدا پشتی بە پشتیوانی ئەمریکا بەستبوو، ئێستا لە دۆخێکی لاوازتردایە؛ بە تایبەت لە باکووری سووریا.
تورکیا و ئەردۆغان و یارییە نوێیەکانی دەسەڵات.
ماکدۆڤڵ پێیوایە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ دانانی چەکەکانی پەکەکە شتێکی نوێ نییە، بەڵام جیاوازی ئەمجارەیان ئەوەیە کە هێزی شەڕکەری پەکەکە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە توندی لاواز بووە. لەگەڵ ئەوەشدا گومانی لە نیازی ڕاستەقینەی ئەردۆغان هەیە و پێی وایە تا جووڵانەوە مەدەنییە کوردییەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەودا نەگونجێن، بەدوور دەزانرێت فەزای سیاسی لە تورکیا گۆڕانى بەسەردا بێت.

کورد لە باکووری سووریا
ماکدۆڤڵ دەڵێت پارتی یەکێتی دیموکراتی سووریا (پەیەدە) ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە دەبێتەوە: هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ دیمەشق نییە، چیتر ناتوانێت وەک جاران پشت بە پشتیوانی واشنتۆن بکات. لەم دۆخەدا ئامۆژگاری کوردەکانی سووریا دەکات کە ئاستى داخوازییەکانیان بهێننە خوارەوە و لەگەڵ دیمەشق بچنە گفتوگۆوە بۆ ئەوەی وردە وردە بتوانن فۆرمێلانى کەم ئۆتۆنۆمی بەدەست بهێنن. لە هەمان کاتدا گەڕانەوەی کورد بۆ عەفرین بە کارى سەرەکی دەزانێت.

خەباتى مەدەنی بەرامبەر خەباتی چەکداری لە ڕوانگەی ماکدۆڤڵەوە
ماکدۆڤڵ دەڵێت زۆر پشتبەستن بە خەباتی چەکداری هەڵەیەکی ستراتیژی بوو. دەشڵێت، سەرەڕای سەرکوتکردنى بەربڵاوی خەباتى مەدەنى کورد نەک هەر مایەوە بەڵکوو لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهێزتر بووە، بۆیە ئایندەی سیاسی کورد دەبێت لەسەر بنەمای چالاکی مەدەنی و بەشداری سیاسی بێت نەک خەباتى سەربازی. بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی کە ئایندەیەکی لەو شێوەیە تەنیا کاتێک دەبێت کە حکومەتی تورکیا ئامادەبێت ناسنامەی کورد وەک بەشێک لە پەیکەری نەتەوەیی قبووڵ بکات؛ شتێک کە هێشتا بەدەست نەهاتووە.

وانەیەک بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق
لە کۆتاییدا ماکدۆڤڵ بەدواداچوون بۆ دۆخی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و پێی وایە مانەوەی زیاتر لە هەموو شتێک قەرزاری پشتیوانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیلە. بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی شەرعیەتی حکومەتی هەرێم کەمدەبێتەوە و بەبێ بونیادنانەوەی پەیوەندییەکى تەندروست لەگەڵ خەڵکدا، هەرێم بەرەوڕووی فشارى دەرەکی گەورە دەبێتەوە.

دەرەنجام
ئایندەی کورد لە تورکیا و سوریا، لانیکەم لە میان ماوەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە. لە نەبوونى پاڵپشتی بەردەوامی زلهێزە جیهانییەکان، پێویستە کورد لە هەموو کاتێک زیاتر سەرنجی بخاتە سەر بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و بەدەستهێنانى متمانەی حکومەتى ناوەندى. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەوان نەک لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکوو لە گۆڕەپانی پشوودرێژى و کارى دیپلۆماسی و بەشداری سیاسیدا دەبێت.

News ID 54443

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha