بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەواڵنێرانی هەواڵدەریی مێزۆپۆتامیا لە ژێر کلێسەیەکی گەورەی مۆڕ دیمەت لە گوندی مێژوویی ئاربۆ لە داوێنی چیای باگۆک لە ناوچەی نوسەیبین سەدان کاژەڵە و ئێسکی کەڵکەکەکراویان دۆزیەوە کە بە گوێرەی خەڵکی خۆجێی، شوێنی شاردنەوەی خەڵکی (زۆرتر ژنان و منداڵان) لە میانەی کۆمەڵکوژیی سوریانییەکان (سەیفۆ) بووە. دۆزینەوەی ئەو شوێنە دەتوانێ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی توندتیژی و کۆمەڵکوژی لە جوگرافیای کوردستانی تورکیادا هەڵداوەتەوە.
گەلانی دێرینی ئەم دەڤەرە واتە کورد، ئەرمەنی و سوریانییەکان لە درێژەی مێژوودا بەردەم کراونەتە ئامانجی کۆمەڵکوژییەکان و لە ماوەی ساڵانی 1914 تا 1920، حەشیمەتی ئاشووریی دانیشتووی مێژۆپۆتامیا لە لایەن هێزەکانی عوسمانییەوە بەرەوڕووی کۆچی زۆرەملێ یان کۆمەڵکوژی کراون و پێشبینی دەکرێت کە لەو ماوەیەدا 270 بۆ 300 هەزار سوریانی بە دەست هێزەکانی عوسمانییەوە کوژرابێتن. ئەمە سەرەڕای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنی و کوردەکانی درسیم و زیلانە لە پاش دامەزرانی کۆماری تورکیایە.
کۆمەڵکوژی و کۆچی زۆرەملێ
لە دەیەی 90ی زایینی لە شارەکانی کوردستان و لەوان شەڕناخ، ماردین، باتمان و ئامەد، نزیکەی 5 هەزا گوند بە بیانووی ئاسایشەوە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆچی زۆرەملێیان پێ کرا و ئاگر دران و زیاتر لە 500 هەزار کەسیش ناچار لە کۆچ بۆ شارە گەورەکانی تورکیا بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای بێ وەڵاممانەوەی چارەنووسی بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە لایەن دەزگاگەلی هەواڵگری و ئەمنیی تورکیاوە، ڕۆفاتی هەزاران قوربانی لە چاڵاوە زێڕاوەکان، گۆڕە بەکۆمەڵەکان و لە ژێرخانی ماڵەکاندا دەدۆزرێنەوە.
ئاربۆ لە داوێنی چیای باگۆک لە ناوچەی نوسەیبینی سەر بە پارێزگای ماردین، یەکێکە لەو گوندانەی کە کۆمەڵکوژیی تێدا کراوە. ئاربۆ لە سەردەمی عوسمانییەوە تا ئێستا سێ جار چۆڵ کراوە و هەر جارەی سەدان کەسی تێدا کوژراوە و بۆ وێنە لە شوێنگەلێکی وەک پەناگەیە ژێر کلێسەی مۆر دیمەت شاراونەتەوە کە تا ئێستا مۆڵەتی ئەوەی نەدراوەتێ سەردانی بکات؛ شوێنێک کە پڕە لە کاژەڵە و ئێسکی مرۆیی زیاتر ژنان و منداڵان.
لە ڕێڕەوگەی شاراوەوە تا پەناگەی مەرگ
بۆ گەیشتن بەو پەناگەیە دەبێ لە دەرگایەکی ئاسنیی چکۆلەوە لە ژێر کلێسەکەوە تێپەڕیت و بە ڕێڕەوگەیەکی زۆر تەنگدا بخزێیت کە پاناییەکەی تەنیا نیو مەتر و بەرزاییەکەی یەک و نیو مەترە. ڕێرەگەکە دەگاتە پەناگەیەکی زۆر تاریک و تۆقێنەر کە پڕە لە ئێسک و کاژەڵەی مرۆیی. بە دەوروبەری ئەم پەناگەیە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی چوار تا پەنج مەترە، ژووری چکۆلە و خوار کراونەتەوە کە هەموو پڕ کراون لە ئێسکی تێترنجراوەی مرۆڤ.
ئایا ئێرە شوێنی کۆمەڵکوژیی سەیفۆیە؟
ئەگەرچی تا ئێستا زانیارییەکی وردبینانە لەبارەی تەمەنی ئێسکەکان بەدەستەوە نییە، بەڵام خەڵکی خۆجێی ڕاستییەکی ئاشکرا دەکەن کە بەرە لە دوای بەرە پێیان گەیشتووە و دەڵێن ئەوانی لە کۆمەڵکوژییەکە هەڵاتوون و لەو پەناگەیەدا خۆیان حەشار داوە، دواتر بە کۆمەڵ کوژراون و زۆر کەس لای وایە کە کاژەڵە و ئێسکەکان زیاتر لە ژنان و منداڵانی کۆمەڵکوژییەکەی سەیفۆیە.
خەڵکی سوریانیی گوندەکە بەڵام تا ئێستا لە ترسی دووپاتبوونەوەی کۆمەڵکوژی یان تاراوەبوون، هەوڵیان نەداوە هیچ لەبارەی پەناگەکە بڵاو بکەنەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی زانیارییەکی بڕواپێکراو لەبارەی ئەم ڕۆفاتە بەدەستەوە نەبێت.
گوندێک کە سێ جار چۆڵ کرا
پاش کۆمەڵکوژیی سەیفۆ لە ساڵەکانی 1914 تا 1920، 900 خێزان لە گوندی ئاربۆ دەژیان، بەڵام دواتر گوندەکە چۆڵ و خەڵکەکەی تاراوە کران. ئەم ڕووداوە لە ساڵانی دواتریشدا دووپات بووە و تەنانەت لە دەیەی 1990 ئاربۆ بۆ سێهەمین جار و ئەمجار بە بیانووی "ئاسایش" هەمدیسان چۆڵ کراوە و زۆربەی خەڵکەکەی ڕوویان لە وڵاتانی ئەورووپی نا. لەم قۆناغەدا کە تا ساڵی 2001 درێژەی خایاند و ئاربۆ بەیەکجاری چۆڵ کرا، تا گەڕانەوەی خەڵکەکەی زۆربەی بیناکانی گوند و کلێسەکانی زیانیان پێ گەیشت.
ئەم ڕاپۆرتە وەرگێڕدراوی ڕاپۆرتێکی فارسیە لە ئاژانسی کوردپرێس
Your Comment