AP ١٤٠٤ خاکەلێوە ١ ٠٨:٣٥

ڕۆژنامەنووسی تورک بۆ مێهر:

دەستبەسەر کردنی ئیمام ئۆغڵۆ سەری ئەردۆغان دەخوات

دەستبەسەر کردنی ئیمام ئۆغڵۆ سەری ئەردۆغان دەخوات

ڕۆژنامەنووسی تورک لای وایە حوکمی نائاسایی دەستبەسەرکرانی شارەوانی ئەستەنبۆڵ "تەواو سیاسی"ـیە و گەڕانەوەی تورکیا بۆ دەسەڵاتی پەرلەمانی، ڕەنگە "گەورەترین پاشهاتی سیاسی"ی ئەو هەڵمەتە بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ئازەر مەهدەوان:

گۆڕانکارییە سیاسییەکانی تورکیا، بە تایبەت لە دوای دەستبەسەرکرانی "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو" شارەوانی ئەستەنبۆڵ سەرنجی زۆر کەسی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و دەستگیریی شارەوان و 99 کەسی هاوپەیوەندی تر، نە تەنیا پرسیارگەلێکی لە پەیوەندی لەگەڵ هەلومەرجی مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە تورکیادا وڕووژاندووە، بەڵکوو پاشهاتی سیاسیی بەرچاوی بۆ ئەو وڵاتە بەدواوە بووە و دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، "مستەفا کەماڵ ئەردەمۆڵ" ڕۆژنامەنووس و نووسەری تورک لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە پاشهاتی سیاسیی دەستگیریی ئیمام ئۆغڵو، ڕایگەیاند: ئەو گۆڕانکارییە پاشهاتی سیاسیی کاریگەری دەبێ و بەڵام ئەوی لە هەمووان گرنگترە، کاردانەوە دەنگدەران بەو ڕووداوەیە. ڕای گشتی لای وایە کە دەستگیریی شارەوانی ئەستەنبۆڵ نادادپەروەرانەیە و ئەم هەستە ڕەنگە لە سندووقەکانی دەنگداندا ڕەنگدانەوەی هەبێت. بۆ وێنە کاتێک ئاکپارتی هەڵبژاردنی ئیمام ئۆغڵوی بۆ شارەوانی ئەستەنبۆڵ بە نایاسایی زانی و خستەیە دەوری دەوم، بینیمان کە بە مەودای 800 هەزار دەنگ پێشکەوت، ئەوە لە کاتێکدا کە خولی یەکەمدا تەنیا 15 هەزار دەنگ لە پێشەوە بوو و ئەوە نیشان دەدا کە خەڵکی تورکیا بە نادادپەروەری دەزانن و لە سندووقەکانی دەنگداندا کاردانەوە نیشان دەدەن.

ناوبراو بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی دەنگی پارتی کۆماری گەل لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەدا وەک گرنگترین حزبی ڕکابەری حزبی ئەردۆغان، وتی: پاش هەڵبژاردنەکانی 2024، ئاکپارتی گەورەشارەکانی وەک بنکەی سیاسیی لە دەستداوە و هۆی ئەم شکستانە دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی لە کاروباری دەوڵەت، نامرادی ئاکپارتی لە سیاسەتی دەرەوە، تێچووی زۆری مەعاش و کێشەگەلی ڕژیمی تاکەکەسانە.

مستەفا کەماڵ ئەردەمۆڵ هەروەها لای وایە کە ئاکپارتی زۆرینەی دەنگەکانی لە دەستداوە و هەوڵ دەدا بە تێدابردن و دەستگیریی ڕکابەران و دژبەران و ناڕازییان پێگەی لە دەستچووی دەستەبەرە بکات. هەر بۆیە دەستگیریی ئیمام ئۆغڵو لەم قۆناغەدا، خاڵێکی هەستیارە لەباری سیاسییەوە و دەرکەوتووە کە چیتر پارتی داد و گەشە ناتوانی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە و ئەگەر ئیمام ئۆغڵو یان هەر کەسێکی تر لەم قۆناغەدا خۆی بەربژێر بکات، هیچ گومانی تێدا نییە کە سەردەکەوێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە داهاتوودا تورکیا بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی پەرلەمانی و ئەمە دەتوانێ گەورەترین پاشهاتی سیاسیی مومکین بێت.

ئەم ڕۆژنامەنووسە تورکە سەبارەت بە ئەگەری دانانی قەیوم بۆ شارەوانی ئەستەنبۆڵ، ڕاشیگەیاند: ئاکپارتی دەمێکەیە هەموو ئەو ناوەندانەی بە ئۆپۆزیسیۆنیان دەزانێت، بە تایبەت شارەوانییەکان، لە ڕێگەی دانانی قەیومەوە ئیدارە دەکات و هیچ شکی تێدا نییە کە قەیومێکیش بۆ شارەوانی ئەستەنبۆڵ دادەنێت. دیارە ئەم کارە لە ئێستادا و دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەربڵاوی شارەکان، دژوارە. بەڵام ئەگەر ئەردۆغان ڕیسکێکی لەو چەشنە بکات، ئامانجی ڕاپەڕاندنی پڕۆژەی کەناڵی ئەستەنبۆڵ لە ڕێگەی شارەوانە قەیومەکانەوەیە؛ پڕۆژەیەک کە کە تا ئێستا دادگەکانی تورکیا پێشیان بۆ مسۆگەربوونی گرتووە و ئەنجامەکەی وێران‌کردنی ئەستەنبۆڵە.

ناوبراو لە کۆتاییدا لە وەڵامی پرسیار لە هەڵوێستی ئاکپارتی بۆ دەستبەسەرکرانی ئیمام ئۆغڵو وەک پرسێکی ئەمنی و نەک ڕەوتێکی سیاسی، ڕوونی کردەوە: میدیاکانی لایەنگری دەوڵەت خەریکی چەواشەکارین. چونکە بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە تۆمەتەکانی ئیمام ئۆغڵو دەروەستی بە کاروباری شارەوانییەوە نییە و تۆمەتی تری دراوەتە پاڵ، ئاشکرایە کە ئەم بڕیارە تەواو سیاسییە. لە لایەکی ترەوە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا، ئیمام ئۆغلو هەمبەر بە دەوڵەت سەرکەوتووە و کاتێک دەوڵەت نەیتوانیوە ئیمام ئۆغڵو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ببەزێنێت، بڕیاری داوە لە ڕێگەی دەزگای دادەوە هێرشی بکاتە سەر، بۆوەی پێش بە ئامادەبوونی سیاسیی بگرێت.

News ID 54363

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha