بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جەمیل باییک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆماجڤاکێن کوردستان، کەجەکە، لە گفتوگۆیەکدا وێڕای ئیدانە کردنی کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەرخۆدانی خەڵکی فەلەستینی ڕەوا وەسف کرد و داوای لە دانیشتووانی غەززە کرد کە وڵاتەکەیان بەجێ نەهێڵن.
جەمیل باییک هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند کە شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین بابەتێکی نوێ نییە و ئەو کۆمەڵکوژییە دەیان ساڵە درێژەی هەیە. ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە لەوانەیە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی ئامادەکراو، پاساودانی هەوڵەکان و ڕاکێشانی پاڵپشتی لە ناوخۆ و دەرەوە بێت. جگە لە ئەوە واتایەکی دیکەی نییە.
شەڕی خەڵکی فەلەستینیش وەکوو شەڕی کوردەکان سەد ساڵە درێژەی هەیە. ئەو شەڕە لە کۆتاییدا دەگاتە بن بەست و درێژەی نابێت و ئەبێ بابەتەکە چارەسەر بکرێت. ئیسرائیل بەدوای ئەوەیە کە خەڵکی فەلەستین وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن.
باییک درێژەی دا کە خەڵکی فەلەستین هەرگیز دوژمنایەتیان لەگەڵ جوولەکە نەبووە و دژی بیر و دەوڵەتی داگیرکەر و کۆمەڵکوژین.
هەروەها وتیشی کە دۆخی غەززە زۆر نالەبار و دڵتەزێنە و ئێمە ئەو دۆخە بەتوندی ئیدانە دەکەین.
جەمیل باییک ڕایگەیاند کە کوردەکان هەمان دۆخی خەڵکی غەززەیان هەیە و ئیسرائیل هەمان کار دەکات کە تورکیا لە کوردستانی سووریا ئەنجامی دەدات و ئە ودۆخە قبووڵ نەکراوە.
Your Comment