بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی سادیقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری نەوت تۆمارکردووە .
عودەی عەواد لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگاکە کردووە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ دانانی داهاتەکانی نەوتی کوردستان لە بانکێکی دەرەوە بە نادەستووری هەژماربکرێت.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی 13ـی حوەزیرانی ئەمساڵ دادگەکە یەکەم کۆبوونەوەی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای عودەی عەواد، ئەندامی فراکسیۆنی سادیقونی عەسائیب و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکات، سکاڵاکار داوای کردووە یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە تایبەتە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی لە (citi bank) کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقە بە نادەستووری هەژماربکرێت.
شارپرێس نووسی: داواکە ژمارەی 87/فیدراڵی/2023ی هەیە و لەسەر هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت تۆمار کراوە.
Your Comment