AP ١٤٠١ ڕێبەندان ٤ ٠٩:٠٩

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ:

رۆژانە 15 ملیۆن دۆلار لە هەولێرەوە بۆ مێرسین دەبرێت/وڵات روبەڕوی داڕمانی ئابوری دەبێت

رۆژانە 15 ملیۆن دۆلار لە هەولێرەوە بۆ مێرسین دەبرێت/وڵات روبەڕوی داڕمانی ئابوری دەبێت

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت کە رۆژانە 15 ملیۆن دۆلار لە هەولێرەوە بۆ مێرسین دەبرێت.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەشێک لەو پارەیەی بانکی بازرگانی بە دۆلار دەیخاتە بازارەوە بەناوی کڕینی کاڵاوە دەبرێتەدەرەوە بەبێ ئەوەی کاڵایەک بهێنرێت بۆ عێراق، ئەوەش لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا هاوشێوەی نییە، لە تازەترین دۆسییەشدا کە ئەمڕۆ ئاشکرای کردوە نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو رۆژانە 15 ملیۆن دۆلار لە هەولێرەوە بۆ مێرسین دەگوازێتەوە و لەرێگەی خاڵە سنورییەکان و بە ئۆتۆمبێلی گولـلە نەبڕ دەبرێتەدەرەوە.

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا هەیە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا نییە کە رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار دەخرێتە بازار و بەشی هەرەزۆری بەناوی بازرگانی و هێنانی کاڵاوە دەبرێتەدەرەوەی وڵات، بەجۆرێک ساڵی رابردو بانکی ناوەندی 49 ملیار دۆلاری فرۆشتوە، لەو بڕەش تەنها نۆ ملیار دۆلاری بۆ ناوخۆ بوە و 40 ملیار دۆلارەکەی دیکەی بەناوی بازرگانییەوە براوەتەدەرەوە.

پەیوەست بە پرسی بردنەدەرەوەی دۆلاریش لە هەرێمی کوردستان، سۆران عومەر وتی، ئەمڕۆ دۆسییەکی ئاشکراکردوە کە نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو رۆژانە 15 ملیۆن دۆلار لە هەولێرەوە بۆ مێرسین دەگوازێتەوە و لەرێگەی خاڵە سنورییەکان و بە ئۆتۆمبێلی گولـلە نەبڕ دەبرێتەدەرەوە، هەمو دۆسییەکانی بردنەدەرەوەی پارەش بەهۆی ئەوەی بەرپرسی باڵایان لە پشتە ئاشکرانەکراون، تا ئەو کاتەی ئەمریکا بەرامبەر دیارنەمانی دۆلار لە عێراق هاتەسەر خەت.

ئەوەشی خستەڕو، بە دەگمەن بانکێک لە عێراق هەیە کە لە "مەزادی عوملە"ی بانکی ناوەندی کاربکات و تێوەنەگلابێت لە سپیکردنەوەی پارە، بۆیە ئێستا لە ئاستی عێراق دۆسیەی یاسایی جوڵێنراوە و هیوادارە لە هەرێمیش هەمان هەنگاو بگیرێتەبەر و ئەوانەی یاری بە نرخی بازار دەکەن، سزابدرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

پەیوەست بە پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رەوانەکردنی 400 ملیارەکەش، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی، لە پڕۆژەی بودجەدا هەولێر دەیەوێت هاوشێوەی ساڵانی رابردو، بەغدا دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بڕێک پارە بۆ هەرێم بنێرێت و نایەوێت رێکەوتن لەسەر دۆسییەکان بکرێت، بۆ پرسی رەوانەکردنی 400 ملیارەکەش بڕیارە بانکی بازرگانی عێراق ئەو پارەیە بدات بە حکومەتی هەرێم، لە پرۆژیاسای بودجەی ئەمساڵیشدا حکومەتی عێراق ئەو پارەیە وەک قەرەبو دەداتەوە بە بانکی بازرگانی.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، زۆرینەی ئەو پارەیە بەناوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و لەرێگەی حەواڵەی بانکییەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە، کەچی هیچ کاڵایەک بونی نییە و ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە و بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات بەیاسای نێودەوڵەتی تاوانە، لە هەمانکاتیشدا دەبێتەهۆی ئەوەی وڵات روبەڕوی داڕمانی ئابوری ببێتەوە و دۆخی خەڵکیش قورستر دەبێت، چونکە ئەو پارەیە کە بە "دزی، حەرامی و گەندەڵی" پەیداکراوە بۆ پڕۆژەی کەسی و بەناوی کڕینی کاڵا براونەتەدەرەوە.

News ID 44855

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha