ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕۆژی 26ی ئاڤریڵدا میوانداری کۆنفڕانسێک لە ژێر ناوی "یەکڕیزیی کوردەکانی سووریا" بوو؛ دانیشتنێک لە ئەنجامی چەندین خول گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی ڕەوتە سەرەکییەکانی کوردی سووریا، واتە پارتی دیموکراتیکی کوردستان(PYD) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا(ENKS) بۆ گەیشتن بە دوورنوێنێکی نوێ بۆ دانوستانەکانی داهاتوویان لەگەڵ دیمەشق. ئەنجامی دانیشتنەکەش بە بەیاننامەیەک کۆتایی پێهات کە لە زۆر بوارەوە جیاوازە لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزلووم کۆبانی لە 10ی مارچ.
پێداگری لە پێکهاتەی حکوومەتی نوێ و مافی کەمینەکان
بەیاننامەی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسە، بە بیرهێنانەوەی مافی کوردەکان لە سووریا، تەرکیز دەخاتە سەر وردەکارییەکان لە بواری سیاسەتدانەریی گشتی، پێکهاتەی حکوومەت و تۆمارکردنی دەستووری سووریا. لەمناوە بەیاننامەکە جەخت لە چوار پرێنسیپی گرنگ وەک بنەمای ڕێککەوتنی لایەنی کوردی دەکات:
ـ دامەزراندنی سیستەمی پەرلەمانی لە سووریا و پێداگری لە چەندفاقەیی سیاسی و گواستنەوەی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات و دانەشکاریی هێزەکان.
ـ دەستەبەرکردنی مافی هەموو ئیتنیک و کەمینە ئیتنیکی و مەزهەبییەکان لە دەستووری داهاتووی سووریا.
ـ بێ لایەنیی دەوڵەت هەمبەر بە ئایین و باوەری جەماوەی و بە فەرمیناسرانی مافی بەڕیوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان.
ـ دانپێدانان بە ئایینی ئێزدی بە یەکێک لە ئایینە فەرمییەکانی وڵات.
هەروەها پرسگەلێکی وەک سروودی نەتەوەیی، دابەشکاری ئیداری، شوناسی کوردی و یەکگرتوویی ڕەوتە سیاسییە کوردییەکانیش لە ڕۆژەڤی ئەو کۆنفڕانسەدا بوو.
هەسەدە وەک پاڵپشت و نەک لایەنی سەرەکی
هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا (هەسەدە) ئەگەرچی ڕوڵی سەرەکیان هەیە لە سیاسەتی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، بەڵام لەو کۆنفڕانسەدا کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا، فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان بەڕیوەچوو، نەک وەک باڵی سیاسیی سەرەکی، بەڵکوو وەک لایەنگر و چاودێرێک ئامادەییان نواند. بەوەشەوە هەسەدە پێشوازیی خۆی لە ئەنجامی کۆنفڕانسەکە بە تایبەت لە بابەتی تەرکیز لە سەر سیستەمی لامەرکەزی دەربڕیوە.
جیاوازییەکان لەگەڵ ڕێککەوتنی شەرع-کۆبانی
ئەنیس شواخ، توێژەری ناوەندیی توێژینەوەکانی جسور، وێڕای ئاماژە بە جیاوازیی بنەمایی بەیاننامەی ئەو کۆنفڕانسە لەگەڵ ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع مەزلووم کۆبانی، ڕایگەیاند: لە 10ی مارچدا شەرع و کۆبانی تەرکیزیان لە سەر پرسە ئەمنی و سەربازییەکانی وەک چارەنووسی ئیدارەی خۆسەری کوردی و ئاوێتەکردنی هەسەدە لە پێکهاتەی دەوڵەتی و کۆتایی شەڕ کردبوو، بەلام ڕاگەیێندراوی کۆنفڕانسە کوردییەکە، پڕۆژەیەکی سیاسیی نوێ بۆ کوردەکان بناغە دەنێت؛ پڕۆژەیەک کە خوازیاری دانانی پێکهاتەیەکی فیدراڵی و دەسەڵاتی سیاسیی خۆجیی لە باکووری ڕۆژهەلاتی سووریایە.
کاردانەوەی دیمەشق؛ ڕەتکردنەوەی هەموو بڕیارەکانی کۆنفڕانس
لە کەمتر لە چەند کاتژمێر پاش دەرکرانی بەیاننامەی کۆتایی کۆنفڕانسەکە، سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا لە راگەیێندراوەێکدا ئەنجامەکانی بە توندی ڕەت کردەوە و دیمەشق هەر جۆرە هەوڵێک لە پێناو دانانی ئیدارەی خۆسەر و فیدراڵیزم بە بێ ڕێککەوتنی نیشتمانیی، بە هەوڵێکی دابەشکارانە زانی و هەمیسان جەختی لە ڕێککەوتنی شەرع-کۆبانی کردەوە و ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی 10ی مارچ، لە ئەگەری بەرپرسبوون بە هاوڕیزی نیشتمانی و خۆبواردن لە پەیجووربوونی پڕۆژە تاکەکەسیانە و قۆرغەگەرانە، هەنگاوێکی سازێنەرە بۆ گەیشتن بە چارەسەریی کێشەکان.
شواخ ئەم کاردانەوەیەی "ئاسایی و چاوەروانکراو" زانی و جەختی کرد: دیمەشق ئەنجامی کۆنفڕانسە کوردییەکە بە جۆرێک "کوودەتا" لە دژی ڕێککەوتنی پێشوو دەبینێت.
داهاتووی گفتوگۆکان: گوشاری نێودەوڵەتی یان دەستێوەردانی سەربازی؟
بە وتەی شواخ هەموو بژێرەکان لەوان هێرشی سەربازی هێشتاش لە سەر میزی دیمەشقن، بەوەشەوە ستراتژیی گشتیی ڕێبەرانی نوێ دیمەشق هەوڵدان بۆ دانوستانی ئاشتەواییانەیە کە لە لایەن ئەکتەرانی ناوچەیی و نێدەوڵەتییەوە داکۆکی لێ دەکرێت.
وتیشی: پێدەچی دانیشتنگەلێک بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی پێشوو یان ڕوونکردنەوەی هەڵویستی هەسەدە بەڕێوە بچێت و بەپێی ڕۆڵی بەرچاوی ئەمریکا و ڕەنگە فەڕەنسا لە ڕێککەوتنی 10ی مارچ، دیمەسق چاوەروانی ئەوەی لەو وڵاتانە هەیە کە هەسەدە ناچارە لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە بکەن.
لە لایەکی ترەوە ئەم کارناسە پێی وایە کە هەسەدە دەیەوێ ئەو کۆنفڕانسە بکاتە دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی ویست و چاوەروانییەکانی خۆی لە دانوستانەکانی لەگەڵ دەوڵەت و بەمجۆرە کوردەکان لە چوارچیوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بەدوای گەڕەنتیی زیاتر بۆ پڕۆژەی خۆسەر و دامودەزگا هاوپەیوەندییەکانیەوەن.
بەوەشەوە شواخ ئیدعا دەکات کە هەسەدە بە بێ پاڵپشتیی نێودەوڵەتی نە توانای شەڕی سەربازیی لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق هەیە و نە لەگەڵ تورکیا و هەسەدە تەنیا کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی بەربڵاوی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بندەستە کە لە بابەتی سەرچاوە نەوتی و گەنمەکەیەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی گرنگییەکی ستراتژیکی هەیە.
Your Comment