بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ناسر کەنعانی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی وێڕای ئیدانە کردنی ڕووداوە تیرۆریستیەکەی شاچراغ، وتی: لەلایەن و هەموو خزمەتگوزارانی گەلی ئێرانەوە جەنایەتەکەی شاچراغ ئیدانە دەکەم.
کەنعانی جەختی کرد: ئەگەر ڕۆڵی بەرچاوی ئێران و سەردار سولەیمانی لە بەرەنگاری تیرۆریزمی تەکفیری و داعشی نەبوایە، بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگای جیهانی و هەموو دەوڵەتەکانی پاگەندەکاری مافی مرۆڤ تا ئێستاش بەرەوڕووی ئەو پرسە تیرۆریستییە بوون.
ناوبراو سەبارەت بە قسەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر ئەوەی کە یەکێتی ئەورووپا خەریکی لێکدانەوەی ئەو بابەتەیە کە سپا بخاتە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستیەکانەوە، جەختی کرد: سپای پاسداران ناوەندێکی سەربازی فەرمی ئێرانە و ئەنجامدانی ئاوەها هەوڵێک نایاساییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە درێژەی دا: هیوادارم کە هەم دەوڵەتی ئەڵمانیا و هەم دەوڵەتەکانی دیکە کە دەیانەوێت ئەو کارە ئەنجام بدەن بیر لە هەوڵە ناسازێنەرەکەی خۆیان بکەنەوە و بەرژەوەندی دوولایەنەی خۆیان نەکەنە قوربانی سیاسەتی کاتی.
ناوبراو سەبارەت بە بڕیاری نیوزیلەند لەسەر ڕاگرتنی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ بەهۆی ڕووداوی ناوخۆییەکانی ئێرانەوە، وتی: ئەو هەوڵە نابەرپرسیارانە، ئیحساسی و لەسەر ڕوانگەی سیاسییە.
ئێران هەناردەکاری چەک بۆ هیچ لایەنێکی شەڕ لە ئۆکراینا نییە
کەنعانی لە وەڵام بە پرسیارێک سەبارەت بە ناردنی چەکی سەربازی بۆ ڕووسیا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەکاری چەک بۆ هیج لایەنێک لەوانە ڕووسیا بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکراینا نییە.
ناوبراو لە وەڵام بە پرسیارێک سەبارەت بە گەمارۆدانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە وتی: بڕیاری ئەمریکا و ئەورووپا لە پێوەندی لەگەڵ ئێران دووپات کردنەوەی هەوڵە ناسازێنەرەکان و تێگەییشتنی هەڵە لە گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی ئێرانە. ئێران هیچکات کورسی دانوستانی بەجێ نەهێشتووە و جێی ناهێڵیت.
ئێران پێوەندی دەرەکی خۆی بە ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە گرێ نەداوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند: ئێمە پێمان وایە کە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتی ئەمریکایە کە دەتوانێت یارمەتیدەری بەرەوپێش چوونی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بێت. ئێمە چاوەڕوانی ڕێککەوتن بۆ دابین کردنی بەرژەوەندی خۆمان نابین و کۆماری ئیسلامی ئێران، پێوەندی خۆی بە ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە گرێ نەداوە و نایدات.
بۆچوونی ئێوە