نیوەی پەکەکە زیاتر میتی تورکیان/ شەڕ هەڵدەگیرسێت و پەکەکە پەشیمان دەبێتەوە

بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لەدهۆك پەكەكە بەوە تۆمەتبار دەكات، كە نیوەی پەكەكە زیاتر میتی توركیان، ئەوان هۆكاری سەرەكین كەتوركیا رابكێشن بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بابەكر زێباری، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لەدهۆك کە هاوکات راوێژکاری سەرۆکى هەرێمە لە چاوپێكەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتى رایگەیاندووە کە پەكەكەش بەبڕوای دارودەستی توركیا نیوەی پەكەكە زیاتر میتی توركیان، هەر شتێك توركیا بەپەكەكە بڵێت دەیكات، ئەوان هۆكاری سەرەكین كەتوركیا رابكێشن بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە هەوڵی نێوەندگیری و گفتۆگۆ لەنێوان پارتی و پەكەكە، بابەكر زێباری ئاماژە بەوە دەكات، پەكەكە بۆ ئەوە دروستبووە كە دۆخی كورد تێكبدات، ئەم شەڕە شەڕی پەكەكەو پارتی نیە، بەڵكو شەڕی پەكەكە لەگەڵ هەموو كوردستانە.

بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لە دهۆك دەشڵێت: سوێند بەخوا فەرقی پارتی و یەكێتی و هەموو حزبەكان لای پەكەكە یەك حسابە، هیچ كەسێك لای ئەوان بەفلسێك ناهێنێت، هەركەسێكیش ئەمە بەهەڵە دابنێت ئەوە كەیفی خۆیەتی، پەكەكە هیچ زمانێك نازانێت جگە لەزمانی هێز نەبێت، هەر شوێنێك بۆی بچێت دەبێت خۆی حاكم بێت، ئەوەش ناكرێت.

لەو چاوپێكەوتنەدا بابەكر زێباری جەختدەكاتەوە کە چەند جارێك پارتی لەگەڵ پەكەكە قسەی كردووە تا گرژی و ئاڵۆزی نەمێنن، بەڵام بێسوود بووە، پەكەكە بە قسەی پارتی ناكات، مێشكی پەكەكە هی ئەوە نیە لەگەڵی گفتۆگۆ بكەی.

بەوتەی زێباری ئەگەر پەكەكە نەبووایە توركیا بەهیچ شێوەیەك نەدەهاتە كوردستان، بیانووی توركیا بوونی پەكەكەیە، توركیاش دەڵێت ناچارین بەرگری لەخۆمان بكەن، حكومەتی عێراق و یوئێن چی بەتوركیا بڵێن.

هەر لەبارەی مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ و هەڵوێستی زێباری دەڵێت: بۆچوونی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دیارە، لەگەڵ شەڕی كورد لەگەڵ كورد نین، بەڵام كاتێك ناچاركراین هیچ رێگایەك نیە دەبێت بەرگری لەخۆمان بكەین.

سەبارەت بە واژۆكردنی میساق لەگەڵ پەكەكە وتی: لەگەڵ كێ‌ میساق واژۆ بكەین، لەگەڵ پەكەكە هیچ سودێكی نیە، ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ پەكەكە هەیە، میساق و رێككەوتن هیچ سوودی نیە، بەهیچ شتێك نایەنە ژێر بار، هەرشوێنێك بۆی بچن دەبێت لەوێ دەسەڵات بن و خۆیان فەرز دەكەن كەئەوان حاكمی ناوچەكەن و هیچ حسابێك بۆ حكومەتی هەرێم ناكەن.

لەو چاوپێكەوتنەدا باسی لە بڕینەوەی دارەكان كرد و ڕوونیكردەوە، كە پەكەكە نایەوێت دارەكان ببڕێن، چونكە لەپشت دارەكان خۆیان دەشارنەوە، پەكەكە دارەكان دەپارێزێت ئەمە راستییە، پێدەچێت توركیا ئەم كارەی كردبێت بەڵام 100% پشتڕاست نیم كەئەم كارە توركیا كردوویەتی.

لەوەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا لەسەرئەوەی توركیا نزیكەی 40 كیلۆمەتر خاكی هەرێمی داگیركردووە بابەكر زێباری رەتیكردەوە و وتی: توركیا تەنها 11 كیلۆمەتر هاتووەتە ناوخاكی هەرێم، هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و توركیادا نیە، بیانووی توركیا ئەوەیە كە پەكەكە بەڕێكخراوێكی تیرۆریستی دادەنێت و لەسەر سنورەكانی عێراقە، عێراقیش نایات سنورەكانی خۆی بپارێزیت، توركیا دەڵێت منیش ناچارم سنورەكانی خۆم بپارێزم.

پێیوایە، دەبێت لە بەرامبەر ئەو شتانەی توركیا دەیكات یوئێن و وڵاتە ئەوروپیەكان و ئەمریكا بێنەسەرخەت، سنورێك بۆ توركیا دابنێن، وتیشی: ئەوشتانەی توركیا دەیكات رەواو دروست نیە، ناڵێم توركیا داگیركەرە، چونكە داگیركەر دەبێت بمێنێتەوە تا هەتاهەتایی و بڵێت ئەمە خاكی منە، هاتووەتە عەفرین دەڵێت من دەمەوێت سنورەكان كونتروڵ بكەم، هاتووەتە ناو عێراقیش بۆ ئەوەی سنورەكانی خۆی كونتروڵ بكات، ئەگەر سبەی پەكەكە نەمێنێت دەبێت توركیا لەناو خاكی هەرێم بچێتە دەرەوە، داگیركردن جیاوازە لەگەڵ تەقەدومێكی سەربازیی.

لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا هەڵوێستی خۆی لەسەر چالاكییەكانی پەكەكە ڕاگەیاند: كە ئەگەر پەكەكە رانەوەستێت و هەر بەردەوام بێت لەسەر چالاكیەكانی خۆی دەبێت بەهێز دەربكرێت، ئەگەر پەكەكە هەروا بەردەوام بێت گورزێگی گەورە لەخۆی دەدات و زۆر پەشیمان دەبێتەوەو پەكەكە هەروا بەردەوام بێت شەڕ دروستدەبێت.

News Code 37768

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha