ئێران و هەرێمی کوردستان ، بەرژەوەندی هاوبەش

"حکومەتی هەرێم ناتوانێت و لەبەرژەوەندی نی یە، دژ بەئێران مامەڵەبکات، ئەمە واقیعە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی-سەرکۆ یونس*:  وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ جاری چوارەم دوای سەردانکردنی بەغدا، سەردانی هەولێری پایتەختی کرد. دوور لەڕەهەندە سیاسییەکانی ئەم سەردانە و پەیوەندیە دیبلۆماسییەکانی هەردوولا. هەرێم و ئێران، لەم بارودۆخەدا دەتوانین بەدووانەیەکی بەیەکەوەگرێدراوی هاوبەش بناسێنین.

هەم لەڕووی ئابوری و بازرگانی وگەشتیاری و بوارەکانی تری پەیوەندی کلتوری و فەرهەنگی هتد... . پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران وعێراق، لەئاستێکی پێوانەیی زۆر باشدایە، سەرەڕای کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، بەرزترین ڕێژە تۆمار دەکات و ساڵانە زیاتر لە (13) ملیار دۆلارە وبەشی زۆری لەڕێگەی هەر سێ دەروازەی نێودەوڵەتی(حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان ) و چەندین مەرزی نافەرمییەوە دەکرێت و لە هەندێ سنوری هەردوولا کاری قاچاخی گواستنەوەی کەلوپەل، لەڕێگەی کۆڵبەرییەوە ئەنجامدەدرێت و سەرچاوەی بژێوی بەشێکی زۆری دانیشتوانی سەر سنوری هەردوولایە.

بەپێی ئامارە نافەرمیەکان، قەبارەی بازرگانی نێوان هەولێرو تاران، ساڵانە نزیکەی (4 بۆ 5) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەم بابەتە، لە کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا، جەختی زیاتری لەسەرکرایەوە. ئەمە جگەلەوەی دەیان خوێندکاری هەرێم، لەزانکۆکانی ئێراندا خەریکی وەرگرتنی بڕوانامەن، لەهەمانکاتدا سەدان کرێکاری کوردی ئێران لەشارەکانی هەرێمدا، کار دەکەن. هەروەها لەساڵانی ڕابردوودا، دوای ئاسانکاری هاتوچۆی هاووڵاتیانی هەردوولا، ڕێژەیەکی زۆری هاونیشتیمانیان، سەردانی کۆماری ئیسلامیان کردووە و لە هەمانکاتدا پشکی شێری گەشتیارانی هەرێم، لەئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەت لەکاتی بۆنەنەتەوەییەکانی وەک نەورۆزدا، کە بەسەدان گەشتیار ئەژمار دەکران وشاروشارۆچکەکانی هەرێمیان قەرەباڵغ دەکرد.

ئەوەی بەلای حکومەتی هەرێمەوە، گرنگە وجێگەی بایەخە، بابەتی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی هەرێمە بەگشتی وهەولێری پایتەخت بەتایبەتی، چونکە بۆ چەندجارێک لەلایەن چەکدارەکانی ناو عێراقەوە، فرۆکەخانەو هەولێر مووشەکباران کراوە، نزیکبوونەوە لە ئێران، واتە کەمبونەوەی فشاری ملیشیاکانە لە سەر هەرێم و هەر ئەمەش لەبەرژەوەندی هەرێمە.

پێمان وایە، حکومەتی هەرێم ناتوانێت و لەبەرژەوەندی نی یە، دژ بەئێران مامەڵەبکات، ئەمە واقیعە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. لەئێستادا، وادەردەکەوێت حزبەکانی دژ بەکۆماری ئیسلامی لەهەلومەرجی هەرێمی کوردستان تێگەشتوون، ئاسایشی هەرێم بەلایانەوە گرنگە، هەربۆیە لەم هەلومەرجەدا ئەو حزبانە کاروچالاکییەک ناکەن، ببێتەهۆی مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم.

پێمان وایە، هەتاوەکو هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکی پتەو وتۆکمەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبێت، لەڕووی سیاسی و ئابوری وبازرگانییەوە، لەبەرژەوەندی هەردوولایە وبەرژەوەندی هاوبەش ڕەهەندی سەرەکییە، هەرچەندە لەڕووی ئابورییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران، قازانجی زیاتر دەکات. بەڵام بۆ هەرێم، ئێران سەرچاوەیەکی گونجاوە بۆ هاوردەکردنی پێداویستیەکانی دانیشتوان، بەنرخێکی گونجاو و تێچونێکی کەم.

*ئابووریناس

News Code 37135

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 2 =